مەریوان وریا قانع

پارتی و سیاسه‌تكردن به‌ لۆژیكی شه‌قاوه‌‌


ئه‌وه‌ی پارتی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له‌ كوردستاندا ئه‌نجامیئه‌دات سیاسه‌ت نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و شێوازه‌ش له‌ هه‌ڵسوكه‌وت نییه‌ كه‌ ساده‌ترین پێوه‌ری ئه‌خلاقیی تێدابێت، به‌ ئه‌خلاقی خێڵ و گروپه‌ هه‌ره‌ ته‌قلیدیی و سوونه‌تییه‌كایشنه‌وه‌.

ئه‌وەی ئه‌مڕۆكه‌ ئه‌م هێزه‌ ده‌جوڵێنێت پیاده‌كردنێكی كوێرانه‌ی لۆژیكی هێزه‌، هێزێكی ڕووت و دابڕاو له‌ هه‌موو پێدراوێكی عه‌قلانیی و ئه‌خلاقیی و مرۆیی، دابراو له‌هه‌موو به‌هایه‌كی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی، لەھەموو ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی و لەلانی ھەرە ھەرە کەمی ڕێزگرتنی جیاوازیی.

له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی پارتی به‌ریداوه‌ته‌ گیانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ لۆژیكی شه‌قاوه‌ و به‌ڵته‌جییه‌ سیاسیی و ئه‌خلاقییه‌كانه‌، فه‌رهه‌نگی ئه‌و چه‌وره‌ و چه‌تانه‌ی جارانه‌ كه‌ به‌رده‌می سینه‌ماكان و شه‌قامه‌كانیان داگیرده‌كرد.

هه‌موومان ده‌زانین مێژووی سیاسه‌تکردن لە کوردستاندا مێژوویه‌كه‌ پڕ له‌ به‌دڕه‌وشتیی و به‌ڵته‌جه‌تیی سیاسیی و ئه‌خلاقیی، ده‌زانین ئیهانه‌كردن به‌شێكی دانه‌براوه‌ له‌ كرده‌ی سیاسیی له‌ كوردستاندا، به‌ڵام هیچ هێزێك به‌راده‌ی پارتی له‌مڕۆدا ئه‌و به‌ڵته‌جێتییه‌ی و به‌دڕه‌وشتییه‌ سیاسییه‌ی نه‌كردوه‌ به‌ نۆرم و ئه‌خلاقیی باڵاده‌ست و به‌سه‌ر هه‌موواندا نه‌یسه‌پاندوه‌. ئه‌م هێزه‌ كوردستان وه‌ك موڵكی شه‌خسیی خۆی مامه‌ڵه‌ده‌كات هه‌موو كۆمه‌ڵگای كوردیش، به‌سه‌رجه‌می هێزه‌ سیاسییه‌كانییه‌وه‌، وه‌ك كرێچییه‌كی بێماف و بێڕێز و بێنرخ.

به‌بۆچوونی من سنووردانان بۆ ئه‌م به‌ڵته‌جیه‌تییه‌ی پارتی سه‌ره‌كیترین ئه‌ركی ناو سیاسه‌تی كوردستانییه‌ له‌مڕۆدا، هه‌موو ئه‌ركه‌كانی تر، به‌ئه‌ركی پاراستنی كوردستان خۆشیه‌وه‌، ئه‌ركی پله‌ ده‌ و پله‌ بیستن. به‌بێ كۆتاییهێنان به‌م لۆژیكی به‌ڵته‌جیه‌تیه‌ سیاسییه‌ و به‌بێ پاراستنی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌م عه‌قڵیه‌ته‌ ترسناكه‌ی ئه‌مڕۆكه‌ی پارتی، هه‌موو شته‌كانی دیكه‌ كرده‌ی بێمانا و بێنرخن.

خوێندراوەتەوە2237