عه‌دنان عوسمان

بۆ گۆڕان روو نادات؟‌


بۆ

خوێنەری بەرێز: لەوانەیە ئەم وتارە نەختێک درێژ بێت،راستە، بەڵام لای خۆم کۆمەڵێک پرسیاری قوڵە بە زمانێکی سادە، پرسیارێکە لەسەر نەگۆڕین لە کۆمەلگای ئێمە، لەسەر رۆڵی بیرمەند و رۆشنبیر و روداوەکان لە کارنەکردن لە فەزای ئێمەدا، من هەوڵی وەلامم نەداوە چونکە راستی بلێم نازانم چیە. بە کورتی ئەم وتارە ئەلێت بۆ کۆمەڵگای من ناگۆڕێت؟ بۆ گۆڕان لێرەدا رونادات؟


- چەند مانگێک دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان خۆپیشاندانی نارەزایەتی دژ بە کردەوەکانی بەرە دەستی پێکرد: هەر لەو کاتەوە باس لە فەرهود و تاڵانی وئاودیوکردن و دزی و خۆدەولەمەند کردن دەستی پێ کرد. لەو رۆژەوە، واتە تەنها پاش چەند مانگێکی کەم لەدەسەڵاتی بەرە، ئیتر ئەو قەوانە جێگیر بوو. بەڵام قەت نەیتوانی تەجاوزی بۆڵەبۆڵ و گلەیی و گازندە بکات، بۆ؟
- لە سەرەتای شەڕی ناوخۆوە، دەیان نوسەر دروست بون، سەدان تەن نوسین لەسەر ئاکامی ماڵویرانکەر و ناکامی شەڕی ناوخۆ نوسرا، دەیان نوسەر هەڵتۆقین، روباری فرمێسک بۆ لەگۆڕنانی خەونی کورد لە لایەن دوو سەرکردەی باڵای ئەوکاتی کوردەوە: تاڵەبانی و بارزانی رژا، کەچی هەر خۆیان شەڕیان هەڵگیرساند و خۆیان کوژاندیانەوە، ئەو نارەزایەتی وتەخوینکردنەی شەڕکەرانیش هیچ ئاکامێکی نەبوو، تەنها مورەکەبی سەر کاغەز بوو، بۆ؟
- هەر لەو کاتانەوەو بە تایبەت تریش لە کۆتاییەکانی نەوەدەکان و دروست بونی رۆژنامەی ئەهلی ناحزبی( هاولاتی و دواتر ئاوێنەو چەندین تاقیکردنەوەی تر، پێش و پاشی ئەوان) سەرتاپای لاپەڕەکانیان تەرخان کرابو بۆ رەخنە گرتن لە دەسەڵاتی کوردی و شێوەی بەڕیوەبردنی وڵات، گەندەڵی و فەساد و خراپ بەڕیوە بردن، کەچی هیچی لێ شین نەبوو وەتەنها خۆ خاڵی کردنەوەی نوسەر و جەماوەری خوێنەر بوو، بۆ؟
- کۆمەلێک هەوڵی رۆشنبیریی جدی و نوسەری گەورە لە دەوری گۆڤاری رەهەند و پرۆژەیتردا خربونەوە، دەیان رەخنەی عەقڵانی و نوێبابەتیان لە دەسەڵاتی کوردی گرت، هیچێک لە موی دەسەڵات و خەڵکیش نەجوڵا و تەنها بوو بە بابەتی گفتوگۆی نێو چاخانەو کتێبخانەو شوێنەکانی یەک بینین، هەر خۆ خاڵی کردنەوە بون، بۆ؟
- لەو هەموو سالانەدا هیچ جولانەوەیکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن دەرنەکەوت کە خاوەنی جەماوەری نارازی بێت کە وەک دەوترێت زۆرینەی خەڵکی کوردستانن، بۆ؟
- کە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو، تەنها زیاتر لە زۆنی سەوز و لە نێو جەماوەرێکی دیاریکراودا چەکەرەی کرد، کە بە گوێرەی پێشبینی و بارۆمەتری نارەزایەتیەکان و رقی جەماوەر لە دەسەڵات، دەبوایە زۆرینەی ناوچەکانی بگردایەتەوەو زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەست بهێنابایە،کەچی وادەرنەچوو، بۆ؟
- دوای ١٧ شوبات و بەهاری عەرەبی، دەبوایە رقی چەماوەر و تورەیی کە گوایە لە ترۆپکدایە، هەموو دام و دەزگای دەسەڵاتی گەندەڵی هەڵپاچایە، بە تایبەت کە سێ حزبی سەرەکی لە پەرلەمان پاڵپشتی نارەزایتیەکان بون و لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بون، کەچی بینیمان ئەو نارەزایەتیە بە هەتیوی مایەوەو، دوای چەند رۆژێک بوو بە میهرەجانی وتار وتن و خیتابات و دواتریش بەچەند چەکدارێکی حزب تەفر و تونا کراو، ئەو نوخبەیەی کە هاواری ئەکرد ئێرە پەرلەمانی گەلەو چۆڵی ناکەین، تا ئەم ساتەش ورتەیەکی لەدەم نەهاتۆتە دەرەوە، بۆ؟
- بەشێک لە نوخبەی رۆشنبیری ناڕازی کە روبەری رۆژنامەکانیان رەش ئەکردەوە، تەلەفزیۆنەکانیان داگیر ئەکرد، لەیەکەم بەرەنگاربونەوەدا لەگەل دەسەڵاتی گەندەڵ و مافیاییدا، هەوڵی گونجاندن وسات و سەوداو سەدای بە ئاشتی بە ئاشتیان بە گوێی دەسەڵاتدا دەدا، بۆ؟
- زۆرینەی رەها یا بگرە هەمو ئەو نوسینانەی باس لە میحنەتی خەڵک و خراپی دەسەڵات و دزینی قوتی خەڵک دەکەن هەموی تەفسیرین و هیچیان بۆ یەک جاریش هەوڵی ئەوەیان نەداوە قسە لەسەر ئەلتەرناتیڤ و بەتایبەتیش هەنگاوی گەیشتن بە ئەلتەرناتیڤ باس بکەن، بۆ؟
- لە دوای قەیرانی دارایی، کە حکومەت توانای دابینکردنی سەرەتایی ترین مافەکانی هاوڵاتیانی نییە، میللەت روت و رەجال و برسیە، رۆژانە تەلەفزیۆن و سایت و پەیجەکان نارەحەتی هاوڵاتیان بڵاو ئەکەنەوە، ئاستی خۆپیشاندانەکان کە تەنها لە زۆنی سەوزی جاراندایە و تەنها بەشێک لە مامۆستایان سەرپەرشتی دەکەن، لە داخوازی میللەتێک کە لە لێواری برسێتیەکی گەورەدایە ناچێت، بۆ؟
- کۆشک و تەلاری بەرپرسە بالاکانی حزب لە نێو کۆڵان و لە نزیکی خەڵکی ئاساییە، وای لێهاتوە ناوی گەرەک و شەقامەکان بە ناوی خانوی ئەو بەرپرسانەوە ئەناسرێنەوە، رۆژانە ئاگاداری سەردان و سەفەرکردنیانین، داوەت و مێزی رازاوەیانین، رەتڵی سیارەو حیمایەی کۆیلەیانین، باخ و باخات و ژیانی شاهانەیانین، کەچی لە کۆڕە بێتامەکانیاندا سەدان و هەزاران کەس بەشدار ئەبێت، وتارە کاڵ و کرچەکانیان لە هەموو شوێن بڵاو ئەکرێتەوە، بە درۆ و دەلەسە هەزار بار دوبارە بوەکانیان دەوترێت ئامین، کە دەرئەکەون دەیان کەس ریز ئەگرێت بۆ وێنە گرتن لەگەڵیان، بۆ؟
- دەجالەکانی کوردایەتی و ننیشتمانپەروەری هەر رۆژەو موسیبەتێک بەسەر گەل و نیشتماندا دێنن، کەچی ئەوان نیشتمانپەروەرن و ئەوانەی سەرقاڵی قوتی خەڵکن خائین و جاشن، بۆ؟
- رۆژانە ئەوترێت خڵک بێزار بوە، خەڵک تورەیە، خەلک لە تەحەمولیدا نەماوە، هاوار ئەکرێت و نەعرەتە لێئەدرێت، هەموی ئەڵێن ئیتر کاتی قسەو نوسین و چاوپێکەوتن نەماوە، ئیتر کاتی سەرنگونکردنی گەندەڵکارانە، کەسیش نەک ناجولێت بەڵکو ئەو پرسیارە سادەیەش لە خۆیان ناکەن کە خەڵک کێیە؟ ئەو بونەوەرەی پێ ئەوترێت خەلک لە کێ پێک هاتوە؟ ئەم بێدەنگیە کوشندەیە بۆ؟
- رۆژانە، سەرکردەی حزبەکان یا مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیان ببینیت، وەزیری کۆن و نوێ ببینیت، پەرلەمانتاری کۆن نوێ ، بەرپرسی دائیرەکان، بەرێوەبەرەکان، رۆشنبیر و موچەخۆر و کاسب و بەقاڵ ببینیت، هەموی ناڕازیە، رەخنە ئەگرێت، دەیان چیرۆکی گەندەڵی و فەساد وبێپلانی و ووو بۆ ئەگێڕێتەوە، هەموی جنێو بە دەسەڵاتی گەندەڵ ئەدات، هەموی داد و بێدادێتی، جگە لەو قسانە رۆژانە هیچیتر نابیستیت، لە کۆڕ، لە چاخانە، لە میوانی، لەسەر جادە، لە ماڵ ، لە سینەما لە شانۆ،لە..... پێم وانیە لە هیچ کون و قوژبنێکی دنیا شێوەی ئەمەی کوردستان هەبێت. گەر چاودێرێک بێت و راپۆرتێک بنوسێت دەڵێت: میللەتی کورد هەمویان رەخنەگر و نارازین و هەموشیان بێدەنگ و رازین. بۆ؟
- من ماندو بوم لە ریزکردنی بۆکان، دڵنیام هەر خوێنەرێکی بە ویژدان ئەتوانێت دەیان بۆی تر ریز بکات کە نازانرێت و ناتوانرێت شەرحی حاڵی ئەم میللەتە بکات.

لە دوای بۆکان چی؟
لەوانەیە هەریەکە بۆچونێکی هەبێت بۆ ئەم خامۆشی و بێدەنگیە مەترسیدارەی میللەت:
- ئەوترێت زۆرینەی میللەت موچە خۆری حزبەی و ترسی ئەوەی هەیە کە دەسەڵاتی حزبەکەی نەما، موچەی ئەویش نەمێنێت، دیارە حزب هەر لەسەرەتاوە زیرەک بوە کە زۆرینەی کردوە بە موچە خۆری خۆی نەک دەوڵەت.
- ئەوترێت زۆرینەی میللەت کە موچەی هەیە، هەر بە هیوای چاکبونی دۆخەکەو گەڕاندنەوەی قەرزەکانەو دەترسێت ئەم دەسەڵاتە نەمێنێت ئەو مافەی ئەوانیش بسوتێت.
- دەوترێت حزبی کوردی زیرەکانە زۆرینەی کۆمەڵگای کردوە بە پیشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش کە ئەمانە بە سروشت لایەنگری دەسەڵاتن و مانەوەی مافەکایان بەستۆتەوە بە مانەوەی حزبەکانیان.
- دەوترێت ئۆپۆزسیۆن بێ ئیرادەیەو جەماوەریشی بێ هیوا کردوەو تەنها سەرقاڵی پشکی خۆیەتی لە کێکی دەسەڵات و لەیەکەم روبەروبونەوەدا پشتی لە داخوازیەکانی خەڵک کرد.
- دەوترێت جەماوەر بێرابەرە، نە سەرکردە هەیە رابەرایتی بکات و نە حزبێک.
- دەوترێت خەڵک بەو شێوەیە نارازی و برسی نیە، ئەوە تەنها قسەی رۆژنامەکان و بەرنامەی تیڤیەکان و ریکلامی حزبە نەیارەکانە.


بەهەر حاڵ لەوانەیە ئێوەی خوێنەری بە ویژدانیش هۆکاری ترتان لابێت.
بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم بۆ بێ وەڵامانە تا کوێ بڕئەکەن؟!
کورد تاکەی لەدەرەوەی مێژوو دەبێت؟؟

خوێندراوەتەوە1660