مەریوان وریا قانع

سادق جەلال عەزمیش مرد...ئەمیش ھەر لە مەنفا مرد‌


سەرەتا سادق جەلال عەزمم لە ڕێگای كتێبی ”نقد الفكر الدینی“ەوە ناسیی، ئەودەم خوێندكاربووم لە زانكۆی سلێمانی، ئەم كتێبە بەیەكێك لە كتێبە گرنگەكانی دونیای عەرەبیی دوای جەنگی ساڵی ١٩٦٧ دادەنرا.

 ئەوەی منی وەك قوتابییەك بەرامبەر بە كتێبەكە سەرسامكرد بوێریی و ئازایەتیی ئەو پیاوەبوو. كتێبەكە بەشێكی تەرخانە بۆ تراژیدیای شەیتان و عەزم بەرگریی لەوەدەكات كە شەیتان ھیچ گوناھێكی لەوەدا نییە كە شەیتانە.

 دواتر كتێبی ”دھنیە التحریم“م خوێندەوە كە بەرگرییەكی ڕۆشنبیرانەی بوێرە لە ڕۆمانی ”ئایەتە ئەھریمەنییەكان“ی سەلمانی ڕوشدی. لەوێدا بەدرێژیی لەسەر فەتواكەی خومەینیی دژ بە سەلمان ڕوشدی دەدوێت، ھەلومەرجی سیاسیی و ناوچەیی دەركردنی ئەو فەتوایە شیدەكاتەوە، لەكاتێكدا خومەینی ڕۆمانەكەی نەخوێندۆتەوە و نەشیزانیوە سەلمان ڕوشدی باس لە چ كێشە و بابەتێك دەكات.

كتێبەكانی تری سادق عەزمم لە كات و ساتی جیاوازدا خوێندەوە و بەسەر یەكەوە وێنەی ڕۆشنبیر و خوێندەوارێكی بەرپرسیار و ڕەخنەییان لەلای من دروستكرد. تا مردیش لەگەڵ ماركسیزمدا مایەوە و ماتریالیزمی مێژوویی بە تاكە میتۆدێكی ڕاستەقینە و زانستیانەی بیركردنەوە و نووسین دەزانی.

یەكەمجار كە سادق جەلال عەزمم لە نزیكەوە بینی لە ساڵی ١٩٩٦ بوو لە زانكۆی ئەمستردام لە ھۆڵەندا. من ئەودەم قوتابی بووم و ئەویش بۆ پێشكەشكردنی چەند بابەتێك میوانی زانكۆی ئەمستردام بوو.

بەبیرم دێت یەكێك لە بابەتەكانی تەرخان بوو بۆ ھێرشكردنە سەر فیكری پۆست مۆدێرنیزم، بەتایبەتی ھێرشكردنە سەر فیكری میشێل فۆكۆ. كاتێك عەزم لە قسەكردن تەواوبوو وە دەرگای گفتوگۆ كرایەوە من ھەندێك بەرگریم لە فۆكۆ كرد و ھەندێك ڕەخنەش لەشێوازی خوێندەوە و تێگەیشتنی ئەو بۆ كارەكانی فۆكۆ. خۆشبەختانە من تەنھا كەسێك نەبووم ئەو كارەم كرد ھەندێك قوتابیی و مامۆستای تریش ھەمان شتیان كرد.

عەزم قسەكانی من پێناخۆشبوو، بەڵام دوای تەواوبوونی كۆڕەكە لەگەڵ كۆمەڵێك قوتابیی و مامۆستادا لە چاخانەیەكی ناو ئەمستردام دانیشتین. لەوێ درێژەمان بە قسەكانمان دا و ئینجا مەسەلەی كوردەكانی ڕژێمەكەی حافز ئەسەد لە سوریا و سەندنەوەی ناسنامە لێیان لەو وڵاتەدا ھاتەپێشەوە. لەوێشدا من دیسانەوە تووشی دەمەقەڵێیەكی كەم ھاتم لەگەڵیدا.

جگە لەو جارە من چەندان جاری تر سادق عەزمم لە شوێن و جێ و بۆنەی تردا بینیوە. جارێكیان لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری تەنجە لە مەغریب. ھەم ئەو و ھەم من لە كۆنفرانسێكدا بەشداربووین بەناوی ”فرەكولتوریی و كەمایەتییەكان لە دونیای عەرەبیدا“.

ھەردووكیشمان لەھەمان ئوتێلدا دابەزیبووین. لەو سێ رۆژەدا كە لە ئوتێلەكە بووین زۆر قسە و باسمان پێكەوە كرد. تاقەتی لەزۆر شتی دونیای عەرەبی چووبوو، خەمی لە كەمبوونەوەی ڕۆڵی ڕۆشنبیران لەسەر واقیعی سیاسیی و دینیی و كۆمەڵایەتیی دونیای عەرەب دەخوارد. لە كۆنفرانسەكەدا گۆرانیبێژی لوبنانی مارسیل خەلیفەشمان لەگەڵ بوو. میدیای مەغریبی بەدوای ئەو گۆرانبێژەوە، كۆنفرانسی ڕۆژنامەگەریی تایبەتیان بۆ دەگرت، لەكاتێكدا عەزم و ڕۆشنبیرەكانی تر كەس نەدەھات بەلایاندا.

دواجاریش لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥ لە كۆنفرانسێكدا لە زانكۆی بۆخم لە شاری بۆخم لە ئەڵمانیا بینیمەوە. من باسێكم لەسەر ئەدەبیاتی یاخیبوون لە دونیای عەرەبیدا پێشكەشكرد و ئەویش باسێكی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا.

باسكەی ڕەخنەیەكی توندبوو لە ئیدارەی ئۆباما. ئەمجارەیان پیریەتی تەواو پێوە دیاربوو، گوێچكەكانی تەواو قورس بووبوون و بە زەحمەت گوێی لە دەنگی ئەو كەسە دەبوو كە لەگەڵیدا دەدوا. لەگەڵ ژنەكەیدا بەیەكەوە ھاتبوون، ھەندێك لە بەشداربووە عەرەبەكان ئەویان دەناسییەوە و وێنەیان لەگەڵدا دەگرت. كە قسەمانكرد ئەمجارەیان كەمەكێك باسی مردن و باسی مەنفای كرد، نائومێدبوو لە دۆخی ناوخۆیی سوریا، باسی ئەوەی كرد لە شاری بەرلین دەژیی و لەیەكێك لە زانكۆكانیدا وانە لەسەر مێژووی فیكر لە دونیای عەرەبیدا دەڵێتەوە.

مردنی ئەم پیاوە مردنی یەكێك لەناوە گەورەكانی ساڵانی ھەفتا و ھەشتای ناو ڕۆشنبیریی عەرەبییە، وەك زۆرێك لە ڕۆحە ڕەخنەییەكانی ئەو دونیایە ئەمیش لە مەنفا مرد، بەتەنھا لە یەكێك لە شارە ئەوروپییە گەورەكاندا.

خوێندراوەتەوە658