عه‌دنان عوسمان

سووڕی ژیانی کامە حزب بەرەو کۆتایی ئەڕوات؟!‌


ماوەیەکە و ناو بە ناو باس لە کۆتایی هاتنی سووڕی ژیانی ئەم حزب و ئەو حزب ئەکرێت، زۆرتریش مەبەستیان pkk و هەدەپ و گۆڕانە. ئەوان پێیان وایە کاری حزبیی، هاوچەشنی گێمێکی یاریکردنی قومارە، گەر لە سووردانێکدا شکستی هێنا ئیتر یاریەکە بۆ هەتایە لەدەست ئەدات. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە جگە لە کاڵفامی لە کاری سیاسەتکردن وتێنەگەیشتن لە پرۆسەی دوورو درێژ و بەرز و نزم و سەرکەوتن و شکستی سیاسییدا، هیچی تر نیە.

بەڵام با بزانین سووڕی ژیانی کامە لایەن بەرەو کۆتایی ئەڕوات، یا لانی کەم بەرەو لاواز بون.

حزبگەلێک هەن لەدەرەوەی مێژوو کار ئەکەن، بە واتای ئەوەی دوور لە پێوانەو ستانداردەکانی کاری حزبایەتیی کارئەکەن. یەکێک لە نیشانەکانی ئەو شێوازە دەسەڵاتی بنەماڵەیە لە نێو حزبدا، واتە حزبی بنەماڵە.

لە کوردستاندا هەندێک حزب بە تەواوەتی لە لایەن بنەماڵەیەکەوە کۆنترۆڵ کراون، دارایی حزب، سیاسەتی گشتیی، ئابوریی، راگەیاندنی، رێکخستنی، هێزی ئەمنی و دژە تیرۆر و لەشکر و سوپای، هەمووی لەلایەن کوڕانی بنەماڵەوە کۆنترۆڵ کراوەو ئیدارە ئەدرێت. ئەم سەبکە لە کاری حزبایەتی تەنها وێنەی لە کوردستاندا هەیە، کوردستانێک کە بڕیارە بڕواتە نێو پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانەوەو بە ئاراستەی دەوڵەتبون هەنگاو بنێت.

ئەم تەرزە لە حزبایەتی تەنها لە نێو ئۆرگانەکانی حزبدا نەوەستاوە، بەڵکو بە هۆی باڵادەستی حزبەوە بەسەر دەوڵەت و حکومەتدا، باڵی کێشاوە بەسەر حکومەتیشدا. حزبی زیندوو و خاوەن ئیرادە بە کوڕانی بنەماڵە بەڕێوە نابرێت. دەکرێت بنەماڵەیەک کەسێکیان لە لوتکەی حزبەکەدا بن، بەڵام کاتێک سەرجەم فەوج و لیوای هێزی چەکداریان، دەزگای ئەمنی و دەزگای نهێنی( پاراستن و زانیاری بە نمونە)، دارایی حزب، حکومەت، ڕاگەیاندن.... بە کورتی سەرجەم جومگە سەرەکیەکانی حزب و دەوڵەت، بەدەستی کوڕانی بنەماڵەوە بێت و تەنها بە گوێرەی پلان و ویست و بەرژەوەندی ئەوان هەڵسوڕێت، ئەوا ئیتر نیشانە وئاماژەیەکە بۆ بەرەو مردنی حزبێک، بەرەو لەناوچون و لاوازبونی، ئیتر ئەو حزبە هیچ وزەیەکی بۆ مانەوەو ململانێ نامێنێت. لەم حاڵەتەدا حزب دەبێتە جەستەیەکی لاوازی بێروح و وەک کۆمپانیایەکی خێزانی مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت.


با بزانین سوڕی ژیانی حزبی بنەماڵە چۆن دەسوڕێتەوە:

یەکەم: کاتێک کوڕانی بنەماڵە( کە زۆرینەیان پێشینەی سەربازی، یا رێکخستن یا سیاسی ئەوتۆیان نیە و تەنها بە هۆی بنەماڵەوە وەک ئیمتیازێک لەسەر پۆستەکان جێگیرکراون) دەست بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی حزب و دەوڵەتدا دەگرن، ئیتر حزب لە ئۆرگانێکی خاوەن پرۆژەو کەسانی خاوەن هزر و سیاسەتمەداری خاوەن ئەزمونەوە، دەبێتە هەیئەتێکی بێ گیان و تەنها بەدوای کڕینی لایەنگر و دەست و پێوەنددا دەگەڕێت.

دووەم: هەیئەی سیاسی ئەو حزبە، کە لە کۆمەڵێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کەسانی سەربازی و دێرین پێک دێن، یا بە هۆی هەڵکشانی تەمەنیانەوە، یا بە هۆی سودمەندبونی زۆر و زەوەندیان لە ئیمتیازات و ژیانێکی شاهانەدا، یا بە هۆی ترسیان لە تۆڵەی کوڕانی بنەماڵە، یا بە هۆی تەماحی جێگیرکردنی کوڕ و بنەماڵەکانیان،یا هەر هۆکارێکی تر، دەستەمۆی کوڕانی بنەماڵە ئەبن و بێ ئیرادە ئەکرێن. ئیتر حزب لە لایەن هیچ هەیئەتێکی سیاسیەوە بەڕێوە نابرێت و کەسە بە ئەزمونەکان تەنها دەبنە واجیهەیەکی شکڵی حزب و وردە وردە لەسەر شانۆ نامێنن یا دەرئەکرێن. حزب ئیتر نە پێویستی بە موفەکر، نە رۆشنبیر، نە ئەکادیمی نامێنێت، بەڵکو تەنها بە دوی گوێڕایەڵیەوەیە، بەمەش نەوەیەکی بێتوانای بێئەرزش سەرئەکەون و ئەبنە دەست و پێوەندی بنەماڵە.

سێیەم: کە ئیمتیازی حزب بە ناوی بنەماڵەوە تۆمار ئەکرێت، کاری سەرەکی ئۆرگانەکانی حزب دەبێتە جێگیرکردنی ئەو هەژمونە، کارکردن بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی رەهاو بێسنوری بنەماڵە، بۆیە هیچ روحێکی بەرەنگاری، هیچ تێزێکی سیاسی و فکری، هیچ بنەمایەکی ئایدیۆلۆجی، هیچ گیانێکی رکابەری، هیچ بەهایەکی جیاواز و عەقڵییەتێکی سیاسی جیاواز لە ئارادا نامێنێت. ئیتر حزبی بەها سیاسیەکان نامێنێت، بەڵکو حزبی دەست و پەیوەندی ئەم کوڕ و ئەو ژن و ئەو کەسی بنەماڵە ئەبێت کە هەریەکەیان سەرقاڵی ئیقتاعێکی نێو حزبن.

چوارەم: لە هەڵبژاردنەکاندا، لە ململانێ سیاسیەکاندا، لە دورمەودادا، کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵە تەواو سەقامگیر ئەبێت و حزب دەبێتە کۆمپانیایەکی عائیلی، ئیتر ئەو حزبە توانای کێبڕکێی نامێنێت و بەرەو پوکانەوە ئەڕوات.

ئەم قسانە، لەم واقعە سەیرەی کوردستاندا، کە بنەماڵەکان، خاوەنی زۆرینەی داهات و کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتن، هێزی چەکدار و دەزگای ئەمنی و نهێنیان بەدەستەوەیە، سەرجەم ئۆرگانەکانی حزبیان لە ژێر کۆنترۆلدایە، ئا لەم ساتەوەختەدا، ڕەنگە ئەم قسانە جێی بڕواپێکردن نەبێت. لەوانەیە وا هەست بکرێت ئەم دەزگا حزبیانە ئەوەندە پتەون لە توانادا نییە کۆتاییان پێ بهێنرێت یا لەناو ببرێن، ئەمە بۆ ئێستا لەوانەیە راست بێت، بەڵام مەرج نیە بۆ سبەی و داهاتووش هەروابێت. ئەم تەرزە لە کاری حزبی لە هەموو دنیا کۆتایی هاتوەو لەدەرەوەی رەورەوەی مێژوودایە.

بۆیە دەبێت بڵێین تەنها ئەو حزبانە سووڕی ژیانیان بەرەو کۆتایی ئەڕوات کە لە سووڕی ژیانی سیاسی و حزبایەتی تێناگەن، حزبی رابردون نەک ئێستاو ئایندە.

خوێندراوەتەوە2078