د. ئیسماعیل نامیق

كێ‌ پارێزگاری‌ سلێمانیه‌؟‌


رونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر ئه‌و گێچه‌ڵانه‌ی‌ به‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ده‌كرێن

پێش هاتنی‌ واده‌ی‌ ئاڵۆگۆڕكردنی‌ پۆسته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان و راپه‌ڕین، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی‌ كه‌ به‌ ملیۆنه‌ها دۆلار له‌ قوتی‌ خه‌ڵكی‌ له‌م كاتی‌ قاتو قڕیه‌دا ده‌كات به‌ قوڕگیاندا، هه‌وڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ بێبه‌رهه‌می‌ دا، تا به‌خه‌ڵكی‌ برسی‌ بڵێ‌ ئه‌وه‌تا یه‌كێتی‌ رازی‌ نابێت پۆستی‌ پارێزگاری سلێمانی‌ بدات به‌ گۆڕان، كه‌ به‌هه‌مو پێوه‌ره‌كان به‌ركه‌وته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گۆڕانه‌. له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یویست كێشه‌ گه‌وره‌و بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ له‌ بیری‌ خه‌ڵك به‌رێـته‌وه‌، كه‌ بریتیه‌ له‌ ته‌واو بونی‌ ویلایه‌تی‌ به‌ڕێز مسعود بارزانی‌ و راده‌ستنه‌كردنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌ كه‌سێكی‌ تر ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پارتی‌ و له‌ ماڵباتی‌ بارزانیش بێت!!! بۆیه‌ كاتێك پارتی‌ له‌م هه‌وڵه‌یدا شكستی‌ هێناو ئاڵو گۆڕ كردنی‌ پۆسته‌كان به‌ رێوشوێنی‌ یاسایی‌ خۆیاندا تێپه‌ڕین، چه‌ندین رێوشوێنی‌ ناشه‌رعی‌ گرتۆته‌ به‌ر بۆ تانه‌دان له‌و ئاڵوگۆڕه‌، له‌ پێناو له‌بیربردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، له‌و رێو شوێنانه‌:

1)    له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێكردن، هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ ئه‌دات به‌خه‌ڵكی‌ بڵیت سلێمانی‌ سێ‌ پارێزگاری‌ هه‌یه‌!! یان سلێمانی‌ بێ‌ پارێزگاره‌!! یان ئه‌و دۆخه‌ی‌ له‌ سلێمانیدا دروستبوه‌ گۆڕان لێی‌ به‌رپرسیاره‌!! یان ئه‌و دۆخه‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌!! ئه‌مانه‌و چه‌ندین تۆمه‌ت و وێنه‌ی‌ ناشرینی‌ تر كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌یه‌وێت بیانلكێنی‌ به‌و نوزه‌ دیموكراسیه‌ی‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌یه‌، تا دواجار دیموكرسیه‌ت و هه‌ڵبژاردن و ویستی‌ خه‌ڵك لای‌ خه‌ڵكی‌ ناشرین بكات و به‌زۆر قه‌ناعه‌تمان پێ‌ بكات حوكمی‌ پشتاوپشت باشتره‌و بێ‌ ئه‌رك وبێ‌ خه‌رجیه‌، پێویستمان به‌وه‌ش نیه‌ خۆمان توشی‌ سه‌رئێشه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، چونكه‌ خودا باشترین ماڵباتی‌ بۆ هه‌ڵبژاردوین تا وه‌كو مه‌ڕ بمانبه‌ن به‌ڕێوه‌!!

2)    له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و دام وده‌زگایانه‌ی‌ كه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرتون، به‌رده‌وام هه‌وڵیداوه‌ كێشه‌ی‌ یاسایی‌ و كارگێڕی‌ دروستبكات بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌!! تا گومانی‌ ئه‌وه‌ لای‌ خه‌ڵكی‌ دروست بكات فڵان كه‌س پارێزگاره‌ فڵان كه‌س پارێزگار نیه‌!! یان به‌ خه‌ڵكی‌ بڵێت یاسا له‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا پێشێلكراوه‌!! وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ زۆر له‌خه‌می‌ یاسادا بێت!!


ئه‌وه‌ی‌ من مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا بیخه‌مه‌ رو لایه‌نی‌ یاسایی‌ بابه‌ته‌كه‌یه‌، پشت به‌ست به‌ ده‌قه‌ یاساییه‌ كارپێكراوه‌كان و رای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق، دور له‌هه‌ر كارتێكردنێكی‌ سیاسی‌، به‌و په‌ڕی‌ سینه‌ فراوانیشه‌وه‌ ئاماده‌ی‌ هه‌رگفتوگۆیه‌كی‌ یاسایم له‌ سه‌ر دروستی‌ ویاسایبونی‌ هه‌ر وشه‌یه‌ك كه‌ له‌م رونكردنه‌وه‌یه‌دا هاتوه‌.

پشت به‌ست به‌ میتۆدی‌ رونكردنه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌ بابه‌ته‌كان ده‌خه‌ینه‌ رو:

یه‌كه‌م/ ئایا پێویسته‌ مه‌رسومی‌ هه‌رێمی‌ بۆ پارێزگار ده‌ربچێت؟
م18/ بڕگه‌3 یاسای‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ژماره‌ 3 بۆ ساڵی‌ 2009: (( مه‌رسومێكی‌ هه‌رێمی‌ به‌دامه‌زراندنی‌ پارێزگار ده‌رده‌چێ‌ له‌ ماوه‌ی‌ پازده‌ رۆژ له‌ مێژوی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ )). م26/ بڕگه‌1 له‌ یاسای‌ پارێزگا رێكنه‌خراوه‌كان له‌ هه‌رێمێكدا ژماره‌ 21 بۆ ساڵی‌ 2008 ( ئه‌م یاسایه‌ له‌ عێراقدا جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت نه‌ك هه‌رێم ): (( فه‌رمانی‌ دامه‌زراندنی‌ پارێزگار به‌ مه‌رسومێكی‌ كۆماری‌ ده‌رده‌كرێت، له‌ ماوه‌ی‌ پازده‌ رۆژدا له‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنیه‌وه‌، پاشان ده‌ست به‌ كاره‌كانی‌ ده‌كات )). لێره‌دا پرسیارێك له‌سه‌ر سروشتی‌ مه‌رسومه‌كه‌ دروستده‌بێت، ئایا مه‌رسومه‌كه‌ ده‌رخه‌ره‌ ( كاشف ) یان دروستكه‌ره‌ ( منشی‌و )، به‌و مانایه‌ی‌ ئایا مه‌رسومه‌كه‌ پێگه‌ی‌ پارێزگار ده‌به‌خشێت یان هه‌ڵبژاردنی‌ كه‌سه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاوه‌ پێگه‌ی‌ پارێزگاری‌ پێده‌به‌خشێت؟ ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ له‌ بڕیاری‌ رۆژی‌ 3/ 2/ 2010 له‌ وه‌ڵامی‌ نوسینگه‌ی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌ه‌زیراندا ده‌ڵێت، ئه‌و مه‌رسومه‌ سروشتێكی‌ ده‌رخه‌ر ( كاشف ) هه‌یه‌ نه‌ك دروستكه‌ر ( منشی‌و ). له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئه‌م حوكمه‌ یاساییانه‌ دروست ده‌بن:

1)    ده‌نگدانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، پێگه‌ی‌ پارێزگار ده‌به‌خشێت، نه‌ك مه‌رسوم، بۆیه‌ پاش ده‌نگدانه‌كه‌ پێویسته‌ مه‌رسومه‌كه‌ ده‌ربچێت، ئه‌گه‌ر ده‌ریش نه‌چێت دوای‌ تێپه‌ڕبونی‌ پازده‌ رۆژ به‌سه‌ر ده‌نگدانه‌كه‌دا به‌ ده‌رچو داده‌نرێت، كه‌واته‌ به‌پێی‌ یاسا ئێستا دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری‌ سلێمانیه‌.

2)    یاساكه‌ی‌ عێراق ده‌ڵێت ده‌بێت مه‌رسوم ده‌ربچێت و پارێزگار سوێند بخوات ئه‌و كات ده‌توانێت ده‌ست به‌ كاره‌كانی‌ بكات، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ش له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ به‌ پێی‌ یاسای‌ ناوبراو كه‌سانی‌ ده‌ره‌وی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نیش ده‌توانن ببن به‌ پارێزگار، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ یاساكه‌ی‌ كوردستاندا ده‌ركردنی‌ مه‌رسوم و سوێندخواردنی‌ پارێزگاری‌ نه‌كردۆته‌ مه‌رج بۆ ده‌ستكردن به‌ كاره‌كانی‌، هه‌روه‌ها پارێزگار ده‌بێـت ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌ن بێت، له‌ به‌رئه‌وه‌ی‌ پێشتر وه‌كو ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌ن سوێندی‌ خواردوه‌و خه‌ڵكیش پێش ئه‌نجومه‌ن و سه‌رۆكی‌ وڵات متمانه‌یه‌كی‌ پێداوه‌، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر مه‌رسومیشی‌ بۆ ده‌نه‌چێت وسوێندیش نه‌خوات له‌ روی‌ یاسایه‌وه‌، ده‌توانێـت ده‌ست به‌كاره‌كانی‌ بكات، هه‌مو ئه‌و كارانه‌شی‌ ده‌یكات كاری‌ پارێزگارن و ته‌واو یاسایین، پشت به‌ست به‌مه‌ دكتور هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر هیچ رێگریه‌كی‌ یاسایی‌ له‌به‌رده‌مدا نیه‌ بۆ ده‌ستكردن به‌ كاره‌كانی‌.


دوه‌م/ ئایا له‌ كارلابردن و به‌خشینی‌ پارێزگار پێویستی‌ به‌ مه‌رسوم هه‌یه‌؟
ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ له‌ هه‌مان بڕیاری‌ ئاماژه‌بۆكراودا ده‌ڵێت: (( له‌سه‌ركارلابردنی‌ پارێزگار پێویستی‌ به‌ مه‌رسوم نیه‌، چونكه‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر كارلابردن پله‌ی‌ كۆتایی‌ وه‌رده‌گرێت به‌په‌سه‌ندكردنی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ فیدراڵیه‌وه‌، یان به‌ تێپه‌ڕبونی‌ ماوه‌ی‌ یاسایی‌ دیاریكراو بۆ تانوت لێدان )) .پشت به‌ست به‌م رایه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا بڕیاری‌ به‌خشینی‌ به‌ڕێز ئاسۆ فه‌ره‌یدون له‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌ روی‌ یاسایه‌وه‌ پله‌ی‌ كۆتایی‌ وه‌رگرتوه‌، چونكه‌ ماوه‌ی‌ دیاریكراوی‌ تانوتگرتن به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه‌، بۆیه‌ به‌ پێی‌ یاسا ئێستا به‌ڕێزیان هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ سلێمانیه‌وه‌ نه‌ماوه‌، دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری‌ شه‌رعی‌ سلێمانیه‌.

سێیه‌م/ ئایا سه‌ردار قادر پارێزگاری‌ سلێمانیه‌ به‌ وه‌كاله‌ت؟
یه‌كێك له‌و زاراوه‌ هه‌ڵانه‌ی‌ زۆر به‌كار ده‌هێنرێت، زاراوه‌ی‌ پارێزگاره‌ به‌ وه‌كاله‌ت، جا به‌كارهێنانی‌ ئه‌مه‌ به‌مه‌به‌ست بێت یان بێ‌ مه‌به‌ست. چونكه‌ له‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا ده‌قێك نیه‌ باس له‌ به‌ڕێوه‌ بردنی‌ پارێزگا بكات به‌ وه‌كاله‌ت، ئه‌مه‌ زاراوه‌یه‌كی‌ هه‌ڵه‌یه‌ پیۆیسته‌ خۆمانی‌ لێ به‌دور بگرین. بڕگه‌ی‌1/ م20 یاسای‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت:((  له‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌نه‌بونی‌ پارێزگاردا یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی‌ ماوه‌ی‌ ئاماده‌نه‌بونی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌ركه‌كه‌ی‌ جێی‌ ده‌گرێته‌وه‌ )). ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقیش له‌ هه‌مان بڕیاری‌ سه‌ره‌وه‌دا ده‌ڵێت : (( له‌ كاتی‌ له‌ سه‌ركارلابردنی‌ پارێزگاری‌ پێشو یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی‌ پارێزگا به‌ڕێوه‌ ده‌بات تا ئه‌وكاته‌ی‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر كارلابردنه‌كه‌ پله‌ی‌ كۆتایی‌ وه‌رده‌گرێت ومه‌رسومی‌ كۆماری‌ ده‌رده‌چێت به‌دامه‌زراندنی‌ پارێزگاری‌ نوێ‌ وسوێند خواردنی‌ )). له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان به‌وه‌كرد كه‌ یاساكه‌ی‌ كوردستان مه‌رسوم وسوێندخواردنی‌ نه‌كردۆته‌ مه‌رج بۆ ده‌ست به‌كاربون، پشت به‌ست به‌وه‌ هیچ رێگریه‌كی‌ یاسایی‌ نیه‌ بۆ ده‌ستبه‌كابونی‌ پارێزگاری‌ نوێ‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ بارودۆخێكی‌ وادا كه‌ رێگریه‌كی‌ یاسایی‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌رچونی‌ مه‌رسومی‌ هه‌رێمی‌، چونكه‌ ویلایه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ته‌واو بوه‌و كوردستان ئێستا له‌ بۆشایی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدایه‌، نه‌ك بۆشایی‌ یاسایی‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بونی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رۆكێكی‌ هه‌رێمی‌ یاسایی‌ بونی‌ نیه‌.

ئه‌گه‌ر كار به‌رایه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شوراش بكه‌ین، ئه‌وا تا ئه‌و كاته‌ی‌ مه‌رسوم بۆ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كرد ده‌رده‌چێت، سه‌ردار قادر كاره‌كانی‌ پارێزگا راده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام نابێت پێی‌ بوترێت پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت، به‌ڵكو هه‌ر جێگری‌ پارێزگاره‌، له‌ به‌ر ئاماده‌نه‌بونی‌ پارێزگار ئه‌و بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ جێی‌ ده‌گرێته‌وه‌.

چواره‌م/ ئایا وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ مافی‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ هه‌یه‌؟
له‌ بڕگه‌ی‌ 1/ م18 یاسای‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هاتوه‌، پارێزگار له‌ روی‌ كارگێڕیه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌. وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ مافی‌ كاندیدكردن و دامه‌زراندن ولابردن و گواستنه‌وه‌و سزادان و هیچ شتێكی‌ نیه‌ به‌رامبه‌ر پارێزگار، وه‌زیری‌ ناوخۆش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ نیه‌ به‌سه‌ر پارێزگاردا، جگه‌ له‌هه‌ندێ‌ كاروباری‌ كارگێڕی‌ رۆتینی‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ری‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و پارێزگاره‌دا بكات كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا هه‌ڵیئه‌بژێرێت. پشت به‌ست به‌و راستیه‌، ئه‌و فه‌رمانه‌ وه‌زاریه‌ی‌ به‌ڕێز وه‌زیری‌ ناوخۆ له‌ 5/ 10/ 2016 ده‌ریكردوه‌و تیایدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ڕێز ( د. ئاسۆ فه‌ره‌یدون ) پارێزگاری‌ سلێمانیه‌، دو پێشێلكاری‌ یاسایی‌ زۆر زه‌قی‌ تێدایه‌، ئه‌وانیش:

1)    له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا هاتوه‌: (( پاڵپشت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ پێمان دراوه‌ له‌ یاسای‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ژماره‌ 6 بۆ ساڵی‌ 2009 )) به‌ڵام ئاماژه‌ی‌ بۆ هیچ ده‌ق و بڕگه‌یه‌ك نه‌كردوه‌، كۆی‌ یاساكه‌م به‌وردی‌ خوێنده‌وه‌ ده‌قێكم نه‌بینی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ وای‌ دابێ‌ به‌جه‌نابی‌ وه‌زیر!! ئیتر نازانم جه‌نابی‌ وه‌زیر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ له‌ كوێوه‌ وه‌رگرت؟

2)    وه‌زیری‌ ناوخۆ به‌و فه‌رمانه‌ی‌ یاسای‌ پارێزگاكانی‌ پێشێلكردوه‌و ده‌ستدرێژی‌ كردۆته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، چونكه‌ به‌پێی‌ یاسا ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بڕیار ده‌دات كێ‌ پارێزگار بێت نه‌ك وه‌زیری‌ ناوخۆ!!

له‌كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم، له‌ جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ تر دروستبكه‌ن، هه‌مو به‌ها نیشتمانی‌ ومۆرالی‌ ویاسایی‌ وسیاسیو.... هتد واده‌خوازن كێشه‌كانی‌ خۆتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.


د. إسماعیل نامق/ رێكخه‌ری‌ ژوری‌ یاسایی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان

خوێندراوەتەوە592