مەریوان وریا قانع

ئیفلاسی سەرتاسەریی‌


ئەوەی ئەمڕۆ لەکوردستاندا دەیبینین ئیفلاسی تەواوەتی ئەو شێوازەیە لەحکومڕانیی کە لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. ئیفلاسی دەزگاکان، ئیفلاسی سەرکردەکان، ئیفلاسی حیزبەکان‌و ئیفلاسیی سەرجەمی گوتارو ئایدیۆلۆژیاو سیاسەت‌و مژدەکانی ئەم حوکمڕانییەیە.

شتێکی تازە ناڵێین گەر بڵێین سەرجەمی کایەی سیاسیی کوردستانی لەم ئیفلاسە سەرتاسەرییە بەرپرسایرە، بەڵام ھەڵەیەکی گەورە دەکەین بڕو ڕادەی ئەم بەرپرسیارێتییە بەیەکسانیی بەسەر ھەمو ھێزەکاندا دابەشبکەین (زۆرجار بەمەبەستی ئەوەی واینیشانبدەین کە بێلایەنین). ھەرگیز یەکگرتوی ئیسلامی ھێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان، یان کۆمەڵەی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی گۆڕان ھێندەی یەکێتی نیشتیمانی لەم ئیفلاسە سەرتاسەرییە بەرپرسیار نین. تەنانەت بەرپرسیارێتی یەکێتی‌و پارتیش لەم دۆخەی ئەمڕۆ بەئەندازەی یەکتر نییە. مەسەلەکە لێرەدا بەخشینی پسوڵەی لێبوردن یان ”سەکی غیفران“ بەم یان بەو ھێزی سیاسیی نییە، ھەوڵدان نییە بۆ بەدورگرتنی ئەم ھێز یان ئەویتریان لەڕەخنەو بەرپرسیارکردن، ھەروەھا برگریکردن لەھێزێک نییە دژ بەوانیتریان، بەڵکو مەسەلەکە پەیوەستە بەبینینی کێشەکان‌و بکەرە سەرەکییەکانی دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمە بەو شێوەیەی کە ھەیەو بەرخوردکردنیشە لەگەڵیدا لەدیدێکی سیاسیی‌و ئەخلاقیی بەرپرسیارەوە.

لەساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئەمڕۆ، واتە لەدونیای دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا، پارتی بەکردەوە نەک تەنھا ھێزی بڕیاردەرە لەھەمو مەسەلە ستراتیژیەکانی پەیوەست بەھەرێمەوە، بەڵکو ھێزی مۆنۆپۆڵکەری ھەمو دەزگاو ناوەندو پەیوەدنییە ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستانە. لە دەیەی ڕابردوودا پارتی تاکە برا گەورەی بڕیادەرە بووە لە ھەرێمداو ھەموو ئەوانیتریش یان برا بچووکی گرگن‌و نیمچەگرگن و بێدەنگ بوون، یان بێبڕیار و بێتوانا و نابەرپرسیار. ئەم دۆخە وایکردوە بەشی ھەرەزۆری ئەفسانەو درۆو وەھمە سیاسییە گەورەکانی دە ساڵی ڕابردوو لەناو سیاسەتەکانی پارتییەوە بێت. لەوەھمی ”بەدوبەیکردنی کوردستان”ەوە بیگرە، بۆ وەھمی ”ئابوریی سەربەخۆ“ و لە وەھمی ”سەربەخۆیی سیاسیی“ەوە بۆ وەھمی ”دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی“.

لەڕاستیدا مێژوی دەساڵی حوکمڕانیی پارتی، وەک ”پارتی سەرکردە“ی خاوەنی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت‌و خاوەنی بڕیارو پەیوەندییە ستراتیژییەکان، بەڕادەیەک پڕشکستە، بەڕادەیەک نایاسایی‌و وێرانە، بەڕادەیەک داخراوو نابەرپرسیارە، تاقە شتێک لەدەستی ئەم ھێزەدا مابێتەوە بۆ بەھەڵدابردنی کۆمەڵگای ئێمەو بۆ بەدەستھێنانی بڕێک لە ڕەوایەتیی درۆزانانەو ساختە، وەھمی دامەزرادندنی دەوڵەتی کوردییە لەڕێگای ”دیالۆگ“ لەگەڵ بەغداو ئەنجامدانی ”ڕیفراندۆم“ێکی بێمانا و بێنرخ و بێبنەماوە.

چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم دۆخە بەوەدەبێت سەرجەمی ئەو نوخبە سیاسییە حوکمڕانە، بەھەمو گوتارو زمان‌و خەون‌و ئەخلاق‌و تەماحاکانییەوە، بۆناو تەنەکە خۆڵە زۆرەکانی مێژو گسکبدرێن، ھەموان دادگایبکرێن و ئەوەی بەناھەق بردویانە لێیانبسێندرێتەوە. کە ئەمەش نەکرێت ستراتیژێکی دیکە ئەوەیە زۆرینەیەکی سیاسیی لەدەرەوەی پارتیدا دروستبکرێت‌و سەرجەمی دەزگاکانی حوکمڕانیی، بۆ دەورەیەکی ئینتیخابی، لەم ھێزە بسێندرێتەوە. گەر ئەمەشیان نەکرێت پێویستە چیتر ڕێ بە پارتی نەدرێت تاکە ھێزی بڕیادەری ناو کایەی سیاسی کوردیی بێت‌و بەشێکی بەرچاوی ئەو دەسەڵاتانەی ھەیەتی، لێبسێندرێتەوە. بە کورتی تا پارتی بەو پێکھات و تەماح و عەقڵیەتەی ئەمڕۆیەوە کوردستانی لەژێر دەستدا بێت، شتێکی قابیلی بەرگریکردن لێکردن لەکوردستاندا دروستنابێت. بەکردەوە پارتی ئەمڕۆ ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ژیانی ئەو ملیۆنان خەڵکەی لە کوردستاندا دەژی.

خوێندراوەتەوە1811