مەریوان وریا قانع

دیمەنەکە بەم جۆرەیە‌


ئەوەی سەیری بارو دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێم بکات دیمەنێکی تەواو بەد دەبینێت کە ھێڵە سەرەکییەکانی بەم شێوەیەیە:

١- بوونی سەرۆکێکی نایاسایی و ناشەرعیی ئەگەرچی ھیچ بەھانەیەکی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقیی بۆ درێژەدان بە سەرۆکایەتییەکەی لەئارادا نییە، کەچی ھاوکات سەرجەمی پرۆسە و دەزگا سیاسییەکانی کوردستانی پەکخستوە. ئەوەشی ئەم توانای پەکخستنەی بەم پیاوە بەخشیوە لۆژیکی ھێزە و بەس، لۆژیکێکی ڕووتی ھێز یان لۆژیکی ھێزێکی ڕووت.

٢- بەکردەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بەگشتیی و بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی، ھەموو دەزگا و پێگە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیی و ئابورییە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ھەرێمیان لەژێردەستدایە. ئەو شوێنانەشی کە لەژێر دەست و دەسەڵاتی ئەواندا نییە، زۆربەی جار، بە لۆژیک و خەیاڵ و عەقڵیەتی ئەوان ئاراستەدەکرێت و بەڕێوەدەبرێت. تاقە دەزگایەک کە تیایدا بارزانی و حیزبەکەی زۆرایەتیان تیادا لەدەستدا و بەرەو ئەوە دەڕۆشیت بەپێی ویستی ئەوان نەجوڵێتەوە، پەرلەمان بوو. ئەویشیان بێبیرکردنەوەیەکی زۆر و بە لۆژیکی ھێز پەکخست.

٣- لە ھەرێمدا دەزگای سەرۆکایەتی ھەرێم چەقی قورسایی سیستمە سیاسییەکەیە و دۆخێکی خولقاندوە ئەوەی بارزانی وەک شەخس بیەوێت و خەونی پێوەببینێت، ئەم دەزگایە دەتوانێت بیکات بە واقیع. لانیکەم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی خۆیدا. بەم مانایە ئەم دەزگایە بەشێوەیەکە بۆشایی و فاسیلەیەک ناھێڵێتەوە لە نێوان سایکۆلۆژیای بارزانی و ئەو واقیعە سیاسییەی کە ئەم سایکۆلۆژیایە دەتوانێت دروستیبکات.

٤- بەرەیەک لە ھێز لە دەرەوەی پارتیدا دروستبووە کە بەمانا ڕاستەقینەکەی بەرە بەرەنین. ئەوان خاوەنی یەک پرۆژە بوون لە پەرلەماندا بەڵام کە پەرلەمان پەکخرا، بە پرۆژەکەی ئەوانیشەوە، لەباتی ڕۆڵی ڕووبەڕووبوونەوە و بەگریکردن لە پرۆژەکەیان و لە پەرلەمان خۆی، ڕۆڵی ناو بژیوانێکی کۆمیدییان ھەڵبژارد. بەشێکی بەرچاوی ئەم بەرەیە نایەوێت ڕۆڵێکی شێلگیر و یەکلاکەرەوە ببینێت لە گۆڕینی ئەو دۆخەدا کە پارتیی و بارزانی دروستیانکردوە و کۆمەڵگای ئێمەیان بەو ھەموو قەیران و نەھامەتییانەی ئەمڕۆکە گەیاندوە.

٥- ئەم بێکرداریی و لاوازییەی بەرەی دەرەوەی پارتی پابەستی ئەوەیە کە بەشێک لە ئەندامانی ئەم بەرەیە نەک ھیچ قازانجێک لە دەسکاریکردنی دۆخەکەدا نابینن، بەلکو بەردەوامیدان بەوەی ھەیە بەردەوامیدانە بەو پێگەیەی ئەوان لەپاڵ تاکڕەوێتی دەسەڵاتی پارتیدا بۆ خۆیان و بنەماڵە و کەس و کارە نزیکەکانیان دروستکردوە. ھاوکات ھەندێک لەم ھێزانە ھێندە دابەش و ناکۆکن کە ناتوانن خاوەنی سیاسەتێکی ناوەکی یەکگرتوو بن. ڕۆڵی ناوبژیوان بەشێکە لەو پینەوپەڕۆکردنە سیاسییە و لەم ئیتھازیەتە ھەمەلایەن و کەم وێنەیە کە لەئارادایە.

٦- ھەم بەشێکی زۆری بڕیارەکانی بارزانی و ھەم بڕیارەکانی بەرەکەی بەرامبەر بە بارزانی لەدەستی خۆیاندا نییە. وەکچۆن ئەردۆگان ئەوەی بیەوێت بە بارزانی دەکات، ئاواش ھەندێک لەلایەنەکانی بەرەکەی تر لەژێر کاریگەریی ئێراندان. ئەمەش وادەکات بڕیاری ناوەکیی لە کوردستاندا نەک بڕیارێکی سەربەخۆ نەبێت، بەڵکو تەواو لەژێر ڕەحمەتی خواستی ھێزە ئیقلیمییەکاندا بێت. بۆیە لەھەموو گفتوگۆ ناوەکییەکاندا ئێران و تورکیا وەک دوو چاوی دەرەکی و وەک دوو دەمی خاوەن ئەمر، ئامادەبن.

٧- لەم دۆخەدا گەرچی بارزانی وەک سیفەتی ھەمیشەیی خۆی بێدەنگە، بەڵام بەردەوام نوێنەرە پلە دە و پلە یازدەکانی خۆی بۆ لای لایەنە جیاوازەکانی دەرەوەی پارتی ئەنێرێت. لە ھەگبەی ئەم نوێنەرانەشدا ھەموو شتێک ھەیە، تەنھا ویستێکی ڕاستەقینەی دەسکاریکردنی ئەو دۆخە نەبێت کە لەسەرەوە ھێڵە گشتییەکانیمان کێشا. درێژەدان بە گوێگرتن لەم نوێنەرانە درێژەدەانە بە لۆژیکی ھیچ نەکردن و ھێشتنەوەی دۆخەکە بەوجۆرە.

٨- ھەموو ئەم شتانە وادەکات شتێک لە ھەرێمی کوردستندا بەناوی سیاسەتەوە بوونی نەمابێت، سیاسەت بەمانای چالاکیی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ”ژیانی گشتیی“ کۆمەڵگا. ئەوەی لەباتی سیاسەت و لە شوێنی سیاسەتدا ئامادەیە، بیرکردنەوەی گروپە دەستڕۆیشتوەکانی ناو ھەرێمە، لە پێگە و قازانج و خواستە تایبەتەکانی خۆیان.

٩- ئەو دۆخەی سەرەوە کۆمەڵگای ئێمەی لەبەردەم کۆمەڵێک ھەڕەشەی گەورەدا داناوە، لە ھەڕەشەی ئابوریی و ھەژارکەوتنێکی خێراوە بیگرە، بۆ ھەڕەشەی قۆناغی دوای داعش کە قۆناغی لاوازبوونی پێگەکانی ھەرێم دەبێت لەناو ھاوکێشە سیاسییە تازەکانی ناوچەکەدا. بە ئەگەری دروستکردنی دەوڵەتێکی سونیی لەژێر دەسەڵاتێکی سونیی داعشئاسای خەفیفدا، ھاوڕێ بە ئەگەری بەبەھێزبوونی دەسەڵاتی میلیشیا شیعییەکان لە عێراقدا و پلانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی عێراق.

١٠- ھەموو ئەمانە وادەکەن قۆناغی دوای داعش قۆناغی کێشە و گرفتی ھێجگار گەورەتر و ترسناکتر بێت لەو کێشانەی ئەمڕۆکە لەئارادان. ھەرچییەک لەمڕۆدا فریای کۆمەڵگای ئێمە بکەوێت، ئەو ڕیفراندۆمە بێمانایە نابێت کە پارتی وەک موقەدەسێک بە ھەمووانی دەفرۆشێت و لە واقیعیشدا جگە لە بازادان بەسەر چارەسەکردنی کێشە ڕاستەقینەکانی ھەرێمدا ھیچ مەبەستێکی تری لەپشتەوە نییە.

خوێندراوەتەوە1364