عه‌دنان عوسمان

لە بارەی‌ هەڵوێستەکانی‌ سەرکردایەتی‌ یەکێتییەوە‌

دوا بڕیار وراسپاردەکانی‌ ئەنجومەنی‌ سەرکردایەتی‌ یەکێتیی‌ نێشتمانیی‌ کوردستان گرنگی‌ و تایبەتی‌ خۆی‌ هەیەو، پێم وایە لە ئایندەیەکی‌ نزیکدا کاریگەریەکی‌ زۆری‌ لەسەر فەزای‌ سیاسیی‌ هەرێمدا دەبێت.

سەرەتا دەبێت بڵێم ئەو هەڵوێستە یکلاکەرەوەو پەیگیریانەی‌ سەرکردایەتیی‌ یەکێتیی‌ لەسەر پرسی‌ دەستور، شایانی‌ دەستخۆشییەکی‌ زۆرە. راستە پێشتریش کەم تازۆر سەرکردەکانی‌ یەکێتی‌ هەمان هەڵوێستیان دەدەبڕی‌، بەڵام دەربڕینی‌ ئەم هەڵوێستە رۆشن و یەکلاییە لەسەر زاری‌ ئەو ئەنجومەنەوە، کە خاوەنی‌ دەسەڵاتی‌ بڕیاردانە لە نێو یەکێتیدا، ئیتر کۆتایی‌ بە هەموو قسەو قسەڵۆکێکی‌ لابەلا هێنا.

ئەم پەیگیریە، سەرەتای‌ قۆناغێکی‌ تازەیە لە دنیای‌ سیاسیی‌ ئێمەدا کە جۆرێک لە ریزبەندی‌ نوێ، لەسەر پرسە چارەنوسساز و هەستیارو دامەزراوەییەکان دێنێتە مەیدان. من هیواداری‌ ئەوە نیم ئەم ریزبەندیە، دروست کردنی‌ بەرەیەک بێت دژ بە پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان، بەڵکو سەرەتای‌ فشارێکی‌ بەهێزی‌ کۆنکریتی‌ بێت بەسەر هەندێک لە ناوەندی‌ بڕیاردانی‌ پارتیەوە بە تایبەت لە لایەن هاوپەیمانە دێرینەکەیان بۆ گۆڕینی‌ هەڵوێستەکانی‌ ئێستایان. ئەم هەنگاوەی‌ یەکێتی‌ سەرباری‌ ئەوەی‌ جێگای‌ دڵخۆشی‌ و دەستخۆشیە، لەهەمان کاتدا ئاماژەیەکی‌ گەورەیە بەو گۆڕانکاریە ریشەیانەی‌، لە نێو فەزای‌ سیاسی‌ ئێمەدا، لەسەر پرسی‌ حوکمڕانی‌ لە هەرێمدا و دژایەتیکردنی‌ هەر جۆرە تاکڕەویی‌ و ئیستبدادێکی‌ حیزبی‌ لەژێر هەر بیانو و پەردەیەکدا بێت، هاتۆتە ئاراوە.

لە ئێستا و دوای‌ ئەم بڕیارانە، ئیتر ئێمە شاهیدی‌ قۆناغێکی‌ نوێی‌ کاری‌ سیاسی دەبین لە هەرێمدا، کە چیتر رێککەوتنی‌ ستراتیجی‌ نێوان دووحیزبی‌ دەسەڵاتدار، ناتوانێت چوارچێوەیەکی‌ دروست و راستەقینەی‌ هەبێت ئەگەر بەرژەوەندی‌ گشتی‌ لەو چواچێوەیەدا نەبێت.

ئەگەر بە کورتی‌ قسە لەسەر ئەو دوا هەڵوێست وبڕیارانەی‌ سەرکردایەتیی‌ یەکێتیی‌ بکەم، دەبێت ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم:

یەکەم: ئەمە سەرەتا و بناغەدانانە بۆ ریزبەندیەکی‌ سیاسی‌ نوێ لە هەرێمدا لەسەر پرسە گرنگەکانی‌ حوکمڕانی‌. بەم شێوەیە زۆرینەی‌ رەهای‌ خەڵکی‌ کوردستان کە ئەم لایەنانە نوێنەرایەتیان دەکەن خاوەنی‌ بەرچاو رۆشنیەکی‌ تەواون لەسەر بنەماکانی‌ حوکمڕانی‌ و شێوەی‌ دەستاودەست کردنی‌ دەسەڵات و بناغە دەستوریەکانمان. من ئەمە بە رێککەوتن سەیر ناکەم ئەوەندەی‌ ریزبەندیەکی‌ سیاسیە لە چوارچێوەی‌ بەرژەوەندیە باڵاکانی‌ هەرێم. بۆیە لە بری‌ بیرکردنەوە لە دروست کردنی‌ بەرەی‌ نوێی‌ دژ بە یەک، پێویستە بیر لە فراوان کردنی‌ ئەم بەرەیە بکرێتەوە تا ئاستی‌ کۆدەنگیەکی‌ نیشتمانی‌ یەکلاکەرەوە بۆ ئەوەی‌ بە هەمومانەوە دوور لە بەرژەوەندی‌ تەسک و گروپچێتی‌ بە هەنگاوی‌ پڕ لە متمانەو سەقامگیریەوە، چوارچێوەکانی‌ کارنامەی‌ نەتەوەیی‌ و نیشتمانی‌ داهاتومان دارێژین.

دووەم: هیوادارم ئەم هەنگاوە ئازایانەی‌ سەرکردایەتیی‌ یەکێتیی‌ (دەبێت ئاماژە بە رۆڵی‌ بەرچاوی‌ کادیرە باڵاو ئەندامانی‌ پەرلەمان وئۆرگانەکانی‌ تری ئەم حیزبە بکەم) سەرەتای‌ دەست پێکردنی‌ گفتوگۆیەکی‌ نەوعی‌ و جیاواز و کۆنکریتی‌ سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی‌ هەرێم بێت بۆ گەڵاڵە کردنی‌ دوا هەڵوێستی‌ ئیجابیانە لەسەر پرسی‌ دەستور و حوکمڕانیی‌. واتە ئەم هەڵوێستە وەک لایەنگرێتی‌ بۆ لایەنێک و دژایەتی‌ بۆ لایەنێکی‌ تر سەیر نەکرێت ئەوەندەی‌ لە چوارچێوەی‌ ئیرادەیەکی‌ راستەقینە بۆ یەکلا کردنەوەی‌ ئەو پرسە گرنگانەو داڕشتنەوەی‌ پەیکەری‌ حوکمڕانی‌ هەرێم بێت لەسەر بنەما مۆدێرن ودیموکراسیەکان. بۆیە ئەم هەنگاوە دەکرێت بە دیوێکدا نزیک بونەوەیەکی‌ بە بەرنامەو ئەجیندا بێت، لە لایەنەکانی‌ ئۆپۆزسیۆن و لە لایەکی‌ تریشەوە بەهێز کردنی‌ ئەو دەنگانەی‌ نێو پارتیش بێت کە خوازیاری‌ ئەوەن هێڵی‌ سوور بۆ هیچ پرسێکی‌ چارەنوسساز نەبێت.( لە بیرمان نەچێت کە ئەم هەڵوێستەی‌ ئێستای‌ سەرکردایەتی‌ یەکێتیی‌، هەمان هەڵوێست و تا رادەیەکیش هەمان دەربڕینی‌ وتاری‌ کارنامەی‌ کابینەی‌ حەوتەم بوو کە لە 5/4/ 2012 لەبەردەم پەرلەمانی‌ کوردستاندا لە لایەن سەرۆکی‌ کابینە کە لە هەمان کاتدا جێگری‌ سەرۆکی‌ پارتیشە، خوێندرایەوە).

کەواتە لە ئێستادا، یەکیتیی‌ و دوای‌ ئەم هەڵوێستە رۆشنانەی‌، کۆمەڵێک ئەرکی‌ گرنگی‌ لەسەر دەبێت لە پێش هەمویانەوە هەوڵدان بۆ رازیکردنی‌ پارتی‌ هاوپەیمانیی‌ بە هەمان هەڵوێست و بڕیار و نزیک بونەوەی‌ زیاتر لە لایەنەکانی‌ ئۆپۆزسیۆن .

هەروەها دەست پێکردنی‌ گفتوگۆیەکی‌ جدی‌ و قوڵی‌ سەرجەم لایەنەکان و، هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی‌ ئەم قۆناغەو دەست گرتن بە بناماکانی‌ حوکمێکی‌ دیموکراسیانەی‌ سەردەمیانەو، دوور کەوتنەوە لە ئیستبدادی‌ رەئی‌ و، رێز نەگرتن لە را جیاوازەکان و، دۆزینەوەی‌ چوارچێوەی‌ یاسایی‌ و ئسوڵی‌ بۆ چارەسەرکردنی‌ ئیشکالیەتەکان، وەڵامێکی‌ پێویست دەبێت بۆ ئێستا و هەنگاوێکی‌ دڵسۆزانە دەبێت بۆ ئایندە. ئایندەیەک کە دەبێت بە هەمومانەوە کۆدەنگ بین و هاوڕابین لە لەدەرگادانی‌.

خوێندراوەتەوە1594