شێرکۆ کرمانج

دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوڕوپاو کاریگەرییەکانی لەسەر تورکیا‌


تازە پۆستێکم بەناوی "دەرچوونی بەریتانیا لە ئەوروپا، چیمان پێدەڵێت" دانا،. لەوێدا لە یەکێک لە خاڵەکانی باسم لەوە کرد کە دەرچوونی بەریتانیا لەوانەیە ببیتە مایەی ئەوەی کە "گەشەی دیموکراسیی لەتەواوی جیهان تاسەیەک بکات، چونکە یەکێتیی ئەوروپا هێزێکی هاندەری گەشەی دیموکراسی بوو لە جیهان بەتایبەتی لە ئەوروپا. هیچ وڵاتێک بەبێ گەیشتن بە پێوەرە دیاریکراوەکانی دیموکراسی نەیدەتوانی ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا. بە دەرچوونی بەریتانیا یەکێتیی ئەوڕوپا لاوازدەبێت‌و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەوڕوپا ئەو هێزەی جارانی نەمێنێ بۆ پێداگریکردن لەسەر دیموکراسییەت.

ئەگەریش هەیە کە ئەو یەکێتییەی کە دەمێنێتەوە سازان لەسەر پێوەرەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی ئەندامی نوێ‌و بەهێزکردنەوەی ئەوڕوپا.

ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە وڵاتانی ئەسکەندێنافی کە داینەمۆو هێزی دیموکراسیین لە یەکێتییەکە تا ئێستا ماون‌و ئەگەری کەمیش هەیە ئەوان دەربچن." لە پەیوەند بەم خاڵە هەندێک هاوڕێ پرسیاری ئەوەیان کرد داخۆ دەرچوونی بەریتانیا هیچ کاریگەری لەسەر وەرگرتنی تورکیا دەبێت. من پێموایە کە ئەوە ئەگەر ئەوڕوپییەکان چاو لە گەورەبوون بکەن ‌و پێوەرە دیموکراسییەکان بکەنە قوربانی یان سازانیان لەسەر بکەن. ئەمە ئەگەرێکە کە بەدوور نابینرێت بەڵام پێموایە تورکیای ئەردۆگان هێشتان گەلێک لە لانیکەمی ئەو پێوەرانە دوورترە کە ئەوڕوپییەکان بتوانن سازانی لەسەر بکەن. بۆیە من پێموایە لە حالی حازردا زۆر زەحمەتە تورکیا بتوانیت بچێتە ناو یەکێتیی ئەوڕوپا، لانیکەم تا ئەکەپە لەسەر حوکم بێت ئەو ئەگەر بە نزیک نابینم چونکە ئەکەپەو ئەردۆگان لەوەیان تێپەڕکردوە کە نەک ببن بە ئەندام، بەڵکو هەر نزیکیش بکەونە لە ئەوڕوپا. بەڵام سیاسەت پڕیەتی لە موفاجەئات، هیوادارم ئەوە یەکێک لەو موفاجەئە سیاسیانە نەبێت.

دواجاریش هێشتان یەکێتیی ئەوڕوپا سەرسەختی زۆری وای تێدایە کە تورکیا قەبوڵ نەکات بەتایبەتی ئەگەر ئەو مەیل‌و هەوڵە دکتاتۆری‌و ئیسلامییانەی ئەردۆگان‌و ئەکەپە بەبیرخۆمان بهێنینەوە...

خوێندراوەتەوە2273