عه‌دنان عوسمان

بە هەرێم کردنی کەرکوک لە بەرژەوەندی: تورکیا و پارتییە‌


سەرەتا ئەمەوێت بڵێم  مانەوەی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر بەم شێوەیەی ئێستای تەنها لە ئەستۆی لایەنە کوردیەکانە کە نەک هیچ هەنگاوێکی کرداریان بە ئاراستەی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە نەناوە، بەڵکو تا ئەم ساتەوەختەش هیچ پلان و میکانیزمێکیان نییە بۆ ئەو مەبەستە. کەرکوک لە دیدی سەرکردایەتی کوردەوە دراوەتە دەستی قەدەر و رۆژگار.

بە هۆی ئەم گوێنەدان و بێبەرنامەیەش، تادێ ئاسۆی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێم لێڵ و تاریکتر ئەبێت. خراپترین پلانێک کە لە ئێستادا قسەی لەسەر ئەکرێت بەهەرێمکردنی کەرکوکە. ئەم پلانە لە لایەک لە لایەن بەرەی تورکمانی و لایەنگرەکانیەوە دەخرێتە روو، کە مەبەستیان دابڕاندنی تەواوی کەرکوکە لە بەشەکانی تری کوردستان کە  ئەوەش خەونی دێرینیانە، لە لایەکی تریش لە لایەن پارێزگاری کەرکوک بەڕێز نەجمەدین کەریم خراوەتە روو کە گوایە مەبەست لەوە هەنگاونانە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ سەر هەرێم لە ئایندەدا. بەڵام بە جیا لە نییەتی هەردولا، بە دڵنیایەوە یەک ئاکام و یەک مەبەست ئەپێکێت کە ئەویش دورخستنەوەی کەرکوکە لە هەرێم و دابڕاندنی هەتاهەتاییە لە کوردستان.

ئێستا دەبێت بزانین کێ لەپشت ئەم هەوڵەوەیە. بۆ ئەوەی بشزانین کێ لە پشتێتی دەبێت بزانین ئەم مەسەلەیە لە بەرژەوەندی کێدایەو کێن ئەو لایەنانەی قازانجی سەرەکی لە بەهەرێم کردن  کەرکوک ئەکەن .

یەکەم: تورکیا:
تورکیا قەت ئەوەی نەشاردۆتەوە کە دژ بە گەڕاندنەوەی کەرکوکە بۆ سەر هەرێم. سیاسەتی رەسمی تورکیا تەبەنی کردنی تێڕوانینی تورکمانە توندڕەو دژ بە کوردەکانە.  بۆیە لە روی سیاسیەوە تورکیا خۆی بە پارێزەری تورکمانەکان و دواجاریش دورخستنەوەی کەرکوکە لە هەرێم. لە روی سیاسیەوە ئەمە بەشێک بوە لە کارنامەی هەمیشەیی تورکیا کە سەرباری پشتگیریان لە تورکمانە هاوپەیمانەکانیان، دەیەوێت هەرێم لە روی رێژەی دانیشتوان و قورسایی جیۆپۆلەتیکیەوە لاواز و سنورداربێت.

دیارە لایەنی ئابوری هۆکارێکی گرنگی ئەم هەوڵەی تورکیایە، کە هەم لە رێگەی هاوپەیمانەکانی دەتوانێت سودمەندی یەکەم بێت لە توانا ئابوریەکانی ئەو ناوچەیەو هەمیش رێگری لە بەهێزبونی ئابوری هەرێم بکات. لە هەرێمی کەرکوکدا کە دەسەڵاتی جێبەجێکار تێدا تەسلیم بە تورکمانەکانی هاوپەیمانی تورکیا بکرێت، ئەوا بە دڵنیایەوە پشکی سەرەکی  کەرتی نەوت و بازرگانی و ئاوەدانکردنەوە روی لە تورکیا دەبێت.

دووەم پارتی:
وەک دەزانین پێگەی جەماوەری و حزبیی پارتی و زۆرینەی لایەنەکانی تر لە کەرکوکدا  لاوازەو تەنها هێزی باڵا دەستیش یەکێتی نشتمانی کوردستانە. تا ئێستا هاوسەنگی هێز لە هەرێمدا بە شێوەی سەرەکی لە نێوان یەکیتی و پارتی بووە. هاتنە مەیدانی گۆڕانیش تەرازوەکەی بە زیانی پارتی نەشکاند و وەک خاوەن بەشێکی سەرەکی مایەوە. گەڕاندنەوەی کەرکوک، بەو رێژە زۆرەی لایەنگرانی یەکێتی، سەرجەم ئەو هاوسەنگیەی لە ١٩٩٢ کاری لەسەر ئەکرێت تێکدەچێت و پارتی بەرەو لاواز بون و بونی بە هێزی دووەم و سێیەم دەچێت،  ئەمەش بۆ عەقڵیەتێک کە پارتی لەسەری بنیاتنراوەو ساڵانێکە پەیرەوی دەکات هێڵی سورەو بە هەموو شێوەیەک رێگری لێدەکات. هەر ئەمەشە کە پارتی لە ئاست پرسی گەڕاندنەوەی کەرکوک و خانەقین و دوز و ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتین نەک هەر خەمسارد و لاموبالات بووە، بەڵکو بەهەموو شێوەیەکیش رێگر بووە. مانەوەی تەرازوی هێز بە قازانجی پارتی هەستیارترین فاکتەرە کە پارتی ستراتیجی خۆی لەسەری بنیات ئەنێت.

وەک بینیمان یەکێک لە رەخنە و نیگەرانیە سەرەکیەکانی پارتی لە رێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی مەسەلەی یەکخستنەوەی هەردوو فراکسیۆنە کە بەم شێوەیە دەبنە زۆرینەی پەرلەمان. ئەم حاڵەتە لەگەڵ عەقڵیەتی هەژمونخوازی نێو پارتیدا نایەتەوەو مەترسیەکی گەورەدەبێت بۆ پلانەکانیان بۆ دەستگرتن بەسەر هەموو بوارەکانی هەرێمدا و بە لاوازی هێشتنەوەی لایەنەکانی تر و دەمچەورکردنیان بە پۆست و ئیمتیازات وەک ئەوەی تا ئێستا کردویانە.

لە روی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس، توانا مرۆییەکان.... پارتی بەم عەقڵیەتەی ئێستای زەرەرمەند دەبێت لە گەڕانەوەی کەرکوک و خانەقین بۆسەر هەرێم.

خاڵێکی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە هێزی جەماوەری و سیاسی یەکێتیش پەرتەوازە دەبێت و مەرجەعییەتێکی باڵای بەسەردا نامێنێت و دوریش نیە ببێتە هۆکارێک بۆ لێکترازانی نێو ماڵی یەکێتیەکانی ئەو ناوچانە. ئەمەش بە وردی خزمەت بەو ستراتیجەی پارتی دەکات لە مانەوەی تەرازوی هێز بە قازانجی خۆی.

هۆکاری سەرەکیتریش مەسەلەی نەوت و غازە. بە هەرێم بونی کەرکوک بەم پێکهاتەیەی ئێستای کە تورکمان و لایەنگرانی تورکیاو پارتی تێدا باڵادەست بن، واتە هێشتنەوەی داهاتی نەوتی ئەو ناوچەیەیە لە ژێر چوارچێوەی پلانە ستراتیجیەکانی پارتی و تورکیاو بەردەوام بونە لەسەر رێککەوتنەکانیان بە بەستنەوەی نەوتی کەرکوک بە تورکیاوە لە رێگەی پارتیەوە.

تەرازوی هێزی سیاسی و مانەوەی هەژمونی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەسەر نەوتی کەرکوکەوە، دوو هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی پارتی چرای سەوز بۆ بە هەرێمکردنی کەرکوک هەڵبکات، بەڵام مەسخەرەکە لەوەدایە هەڵکردنەکە لە نێو ماڵی یەکێتیدایە کە زەرەرمەندی سەرەکیە، بە پێوانە سیاسی و ئابوریی و نەتەوەیەکان، لەم مەسەلەیەدا.

بۆ تورکیاش مانەوەی هەرێمی زەردی پارتی و زیادبونی هەرێمی کەرکوک بۆ بازنەی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی لەم سەردەمی ململانێ سەختەی ناوچەکەدا، گرنگی تەواوی خۆی هەیەو زۆرترین قازانج لەم هەنگاوە ئەکات.

بۆیە پێم وایە هەنگاونان بۆ بەهەرێمکردنی کەرکوک بەشێک بێت لە تەوافوقاتی ستراتیجی و دونیابینی هاوبەشی  تورکیاو پارتی و لایەنگرەکانیان لە ناوچەکەدا، هەر ئەوانیشن لە پشتی پەردەوە کار بۆ ئەم سیناریۆ رەشە دەکەن.

خوێندراوەتەوە1274