د. ئیسماعیل نامیق

ترس له‌ڕێكه‌وتنی‌ گۆڕان ویه‌كێتی‌‌


له‌ راستیدا من باوه‌ڕم به‌وه‌ نیه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵات به‌رمه‌بنای‌ رێكه‌وتن بێت، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ دیاری بكات چۆن وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌برێت؟ كێ‌ به‌ڕێوه‌یده‌بات؟ چونكه‌ ته‌نها ئه‌م ئه‌نجامه‌ گوزارشت له‌ ویستی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خه‌ڵك ده‌كات. به‌ڵام كاتێك گروپێكی‌ دیاریكراو له‌ناو هێزێكی‌ سیاسیدا هیچ ئه‌رزشێك بۆ ویستی‌ خه‌ڵك دانانێن و به‌ تۆبزی‌ وشه‌قاوه‌چێتی‌ باڵاترین دامه‌زراوه‌ی‌ شه‌رعی‌ وڵات په‌كده‌خه‌ن، سوكایه‌تی‌ به‌ كه‌رامه‌ت و قوتی‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ئه‌وكات رێكه‌وتن ده‌بێته‌ باشترین بژارده‌ بۆ رێگرتن له‌و گروپه‌.

ته‌نگه‌تاوبونی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌ مه‌ڕ رێكه‌وتنی‌ گۆڕان ویه‌كێتی‌، ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ ئه‌م گروپه‌ له‌ رابردودا زۆرترین تواناو هێزی‌ خۆیان به‌گه‌ڕخستوه‌ له‌ پێناو قوڵكردنه‌وه‌ی‌ ململانێی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ و قه‌تیسكردنی‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی‌ دیاریكراوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڵێن، گونجاوترین سیستم بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵات پاشایه‌تی‌ ره‌هایه‌ هاوشێوه‌ی‌ سه‌ده‌كانی‌ ناوه‌ڕاست، به‌ڵام كاتێك دێنه‌ سه‌ر دورینه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ هه‌وڵ و ماندوبونیان ده‌بینن رێكه‌وتنێكی‌ گشتگیری‌ مێژویی‌ له‌ نێوان ئه‌و دو هێزه‌دا له‌ دایكده‌بێت، نه‌ك سنوری‌ چوار شاره‌كه‌ی‌ كوردستانی‌ بڕیوه‌، به‌ڵكو سه‌ری‌ كێشاوه‌ بۆ ناوچه‌ دابڕینراوه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان و پارچه‌كانی‌ تری‌ كوردستان، ئیتر لێره‌وه‌ توشی‌ شۆك وته‌نگه‌تاوی‌ ده‌بن و وێنه‌ ناشرینه‌كانی‌ رابردومان پیشاد ئه‌ده‌ن.

ئه‌م گروپه‌ به‌رده‌وام به‌خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ به‌دڵمان نه‌بێت قابیلی‌ قبوڵكردن نیه‌!!! به‌ڵام ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌م گروپه‌ بڵێت ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن قابیلی‌ قبوڵكردن نیه‌، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئێوه‌ ئاغاو گه‌وره‌ بن، خه‌ڵكیش گه‌داو خزمه‌تكار ئه‌و مۆدێله‌ بۆ هه‌مو كوردستان قابیلی‌ قبوڵكردن نیه‌، ده‌توانن له‌ ناوچه‌یه‌كی‌ زۆر دیاریكراودا به‌سه‌ر ده‌روێش و موریده‌كانی‌ خۆتاندا جێبه‌جێی‌ بكه‌ن، به‌ڵام بۆ ته‌واوی‌ كوردستان ئاسته‌مه‌، خۆئه‌گه‌ر ده‌شتانه‌وێ‌ هه‌مو به‌یه‌كه‌وه‌ بژین و جوانی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بونمان جوانتر بكه‌ین، فه‌رمون با ده‌ست له‌ناوده‌ست بكه‌ین و به‌ڵین بده‌ین كه‌ هه‌موان پابه‌ند ده‌بین به‌ ویستی‌ گه‌له‌وه‌، رێكه‌وتنی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ جگه‌ له‌ به‌ڵیندان به‌ رێزگرتن له‌ ویستی‌ خه‌ڵك چی‌ تر نیه‌، ئه‌ركی‌ هه‌موانه‌ ئه‌و ویسته‌ بچه‌سپێنین و مافی‌ هه‌موانیشه‌ سزای‌ هه‌ر گروپ یان هێزێك بده‌ین پابه‌ندی‌ ئه‌و ویسته‌ نابێت.

خوێندراوەتەوە1351