دانا عه‌بدولكه‌ریم

رێکه‌وتنی گۆڕان و یه‌کێتی‌


ئه‌م رێکه‌وتنه‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌خاته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و رێگایه‌ی که‌ پێویست بو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ و دوای راپه‌ڕین بگیرایه‌ته‌ به‌ر که‌ رێگر ئه‌بو له‌ زۆربه‌ی ئه‌و ناخۆشیانه‌ی که‌ توشی گه‌له‌که‌مان هاتوه‌، به‌هه‌رحاڵ له‌مه‌و به‌دوا ئه‌بێت ئه‌و رێکه‌وتنه‌ ببێته‌ به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌شی هه‌ردولا بۆ دروستکردنی وڵاتی دامه‌زراو که‌ یاسا تیایدا سه‌روه‌ر بێت مافی هاوڵاتیان پارێزراو بێت و هیچ که‌س و لایه‌نێک له‌سه‌رو لێپرسینه‌وه‌وه‌ نه‌بێت.

پارتیش ئه‌بێت ئه‌وه‌ قبوڵ بکات که‌ ئه‌و زۆرینه‌ نیه‌و ناتوانێت تا سه‌ر درێژه‌ به‌م سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ی ئێستا بات، چونکه‌ چیتر ئه‌م رێکه‌وتنه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی ئه‌و بواره‌ بۆ پارتی ناهێڵێته‌وه‌ که‌ وه‌ک زۆرینه‌ خۆی نمایش بکات و زۆربه‌ی جومگه‌ گرنگه‌‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌ نایاسایی ببات به‌ڕێوه‌.

ئه‌م رێکه‌وتنه‌ زۆر به‌ڕونی و ئاشکرایی جیاوازی دیدگاو به‌رنامه‌ی گۆڕان و پارتی ده‌رئه‌خات، لای ئێمه‌ گۆڕان ئامانج نیه،‌ به‌ڵکو ئامرازێکه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌روه‌ری بۆ هاوڵاتیانی کوردستان، به‌ڵام لای پارتی ئامانج بارزانیه‌، ئێمه‌ داوای شێوازی حوکمڕانیه‌کی دروست ئه‌که‌ین، به‌ڵام پارتی داوای دانانه‌وه‌ی بارزانی ئه‌که‌ن!

سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ته‌نها به رزگار بون له‌ داگیرکه‌ران نایه‌ته‌ دی به‌ڵکو هاوشانی ئه‌مه‌ش پێویسته‌ رێگری له‌ دروست بونی دیکتاتۆری خۆماڵیش بگرین، چونکه‌ چه‌ندین وڵات هه‌یه‌ به‌ناو سه‌ربه‌خۆیه‌و ئاڵای له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان هه‌یه‌، به‌ڵام هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ی له‌ داگیرکه‌ران خراپتر ئه‌چه‌وسێنێته‌وه‌!

پارتی باسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێکه‌وتنی پێکهێنانی حکومه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڕان ئه‌کات، ئه‌وه‌ مافێکی ئاسایی پارتیه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ماف به‌ پارتی نادات له‌سه‌رو شه‌رعیه‌ت و یاساوه‌ رێگری له‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌کانی گۆڕان بگرێت، پارتی ئه‌گه‌ر ئه‌یویست رێکه‌وتنی پێکهێنانی حکومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ دو رێگه‌ی یاسایی له‌به‌رده‌م بو ئه‌ویش یان ئیستیقاله‌کردنی سه‌رۆکی حکومه‌ت بو که‌ به‌وه‌ حکومه‌ت هه‌ڵئه‌وه‌شایه‌وه‌ و کاری بۆ ئه‌وه‌ بکردایه‌ که‌ زۆرینه‌یه‌کی په‌رله‌مانی دروست بکات بۆ پێکهێنانی حکومه‌تێکی نوێ یان له‌ڕێگه‌ی فراکسیۆنه‌که‌یه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان داوای لێ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ی له‌ وه‌زیره‌کانی گۆڕان بکردایه‌! دیاره‌ پارتی نه‌یتوانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی مسۆگه‌ر بکات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ بپێکێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌نای بۆ یاسا شکێنی و به‌کارهێنانی هێز و کوده‌تا برد.

رێکه‌وتنی گۆڕان و یه‌کێتی پارتی ئه‌کات به‌که‌مینه‌ ئه‌مه‌ش هۆکاری شڵه‌ژانی پارتیه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر که‌رکوک بێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و ببین به‌ وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ پارتی زیاتر ئه‌بێت به‌ که‌مینه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ نایانه‌وێت که‌رکوک بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر کوردستان.

ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی پارتی ئه‌یکات ئه‌چێته‌ خانه‌ی هه‌وڵدان بۆ له‌بار بردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئێستا هاتۆته‌ ئاراوه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، چونکه پایه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی بریتییه له‌ بونی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و حکومه‌تێکی به‌هێز و ئابوریه‌کی تۆکمه‌ و هێزێکی نیشتمانی پته‌و که‌ ئێستا سه‌رۆکی پارتی رێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی خوڵقاندوه‌.

به‌هه‌ر حاڵ ئامانجی ئێمه‌ دژایه‌تی کردنی هیچ لایه‌نێکی سیاسی نیه‌ به‌ پارتیشه‌وه‌، به‌ڵکو وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م  پێدا ئامانجمان حوکمڕانیه‌کی دروسته‌. 

خوێندراوەتەوە860