ته‌ها سۆڵه‌یی

ترووسكاييه‌ك له‌ تاريكيى زيندانه‌وه‌‌


تاكێ گۆره‌وی :
كه‌ به‌تووڕه‌يى و قينێكى زۆڕه‌وه‌ ، بردميان بۆ ئينفرادييه‌كى ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ، به‌ده‌ستى راستم توونديان كردم به‌كه‌له‌پچه‌یه‌كى ستيلى ئينگليزييه‌وه‌ ..ژوورێكى تاريك ، دواتر هاڕه‌ی داخستنى كێلوونى ده‌رگاى پۆڵايينى ژووره‌كه ، كاس بووبووم ، هیچم نه‌ئه‌بينى ، چى روويدا خوايه‌ ، ئێره‌ كوێیه‌ ؟ چۆن جه‌هه‌ننه‌مێکه‌ ؟ تاكه‌ى لێره‌ ئه‌بم ؟ چاره‌نووسم چی ئه‌بێت ؟ چۆن ده‌ربازبم له‌ ده‌ستيان ؟چۆن وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌ و تێنه‌كه‌وم ؟؟ و.. زۆرى تريش ..ئه‌م هه‌موو هه‌ست و پرسيارانه‌ وه‌كو شريتێكى سينه‌مايى تراژيدى به‌خێرايى تيشك و له‌ماوه‌ى که‌متر له‌ سى چرکه‌ به‌زه‌ين و بيرما هات ..دواتر كه‌ تۆزێك چاوم راهات به‌ تاريكى و سارديى ژووره‌كه‌ ، ئينجا بينيم خۆ ده‌ستێكى تريش به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌هه‌مان ده‌رگاوه‌ ..به‌ڵام ئه‌و زۆر بێده‌نگ بوو ..كوڕێكى گه‌نجى ته‌مه‌ن 16 ساڵان ئه‌بوو ؛ شاگردى په‌نچه‌رچی بوو ، ته‌نانه‌ت ره‌شى تايه‌كان به‌ ده‌ست و پلیه‌وه‌ بوو ...

پرسيارم لێكرد ، تاقه‌تى وه‌ڵام دانه‌وه‌ى نه‌بوو ..به‌ڵام هه‌رچۆنێ بێ ، هاو ژور و هاو چاره‌نووس بووين ، ئاخر هه‌ريه‌كه‌مان ده‌ستێكمان به‌سرابوو به‌هه‌مان ده‌رگاوه‌ ..ئيتر چۆن ئه‌توانين قسه‌نه‌كه‌ين به‌يه‌كه‌وه‌ .. دوواندم وتى من ناوم مه‌ريوانه‌ ..هيچم نه‌كردووه‌ ؛ هاتوون بۆگرتنى به‌رزانى برام ، ئه‌ويان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ منيان گرتووه‌ و هێناوميان بۆ ئێره‌ ..

ئه‌و زۆر ماندوو و ترساو بوو ، ناحه‌قيشى نه‌بوو ..به‌ڵام من بووم به‌ فريشته‌ى فريادڕه‌سى ئه‌و ..چوونكه‌ يه‌ك ووشه‌ عه‌ره‌بى نه‌ئه‌زانى .. جه‌للاده‌كان كه‌ پرسياريان لێئه‌كرد و ئه‌ويش حاڵيى نه‌ئه‌بوو ، ئه‌يووت ها ؟ يه‌كسه‌ر ئه‌يانسره‌وانده‌ بناگوێ و سه‌ر و که‌له‌ی ..به‌ڵام كه‌ ئه‌هاتنه‌ ژووره‌وه‌ ، هه‌رپرسيارێكيان لێبكردايه‌ ، به‌ته‌رجه‌مه‌ى فه‌ورى بۆم ئه‌كرد به‌كوردى و وه‌ڵامه‌كه‌ى ئه‌وم خێرا ئه‌کرد به‌عه‌ره‌بى بۆ سه‌ججانه‌كان ..ئيتر لێدانى مه‌ريوان كه‌م بووه‌ووه‌ ، به‌ڵام جارجار له‌خزمه‌ت خۆمدا بێ ئه‌ده‌ب ئه‌بوون ، تا جارێكيان به‌وه‌ى سه‌ریان كووتام به‌ديوارى ژووره‌كه‌دا زۆرى نه‌مابوو مێشکم بته‌قێنن و زوو فليمى من بسوتێنن ..ئيتر خوا كه‌سێك نه‌كوژێت ، ئه‌وه‌ من بووم ...
مه‌ريوان پێخاووس بوو ، هيچى له‌پێيا نه‌بوو ، وتم كوا مه‌ريوان بۆ پێت په‌تییه‌ ؟ وتى به‌خوا پێڵاوم له‌پیابوو ، به‌ڵام له‌ژوورى ته‌عزيبى كاره‌باكه‌ كه‌وتمه‌ لقه‌ فرتێ ، پێڵاوه‌كان له‌پێم داكه‌نرا .. ئيتر خۆ نه‌شيان هێڵا پێڵاوه‌كان له‌پێبکه‌مه‌وه‌ ..

ئينجا خواعه‌لیمه‌ من بیریشم نه‌مابوو دوو ساڵ به‌ر له‌ئێستا مه‌ريوان بۆى گێڕامه‌وه‌ و وتى :

كه‌ تۆ هاتى جوتێ گۆره‌وويت له‌پيا بوو ، گۆره‌ويه‌كانت له‌پێت لابرد و وتت ها مه‌ريوان من تاكێك گۆره‌وی ئه‌كه‌مه‌ ده‌سته‌ هه‌ڵواسراوه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ شين و كه‌وه‌ هه‌ڵگه‌ڕابوو ، ئاوسا بوو ، ئه‌وه‌ تاكه‌كه‌ى تريش بۆ تۆ ، مه‌ريوان ئه‌يوت زۆرم پێخۆش بوو كه‌ تۆ ئه‌و تاكه‌ گۆره‌ووييه‌ت دا به‌ من ، منيش تاکه‌ گۆره‌وییه‌که‌م كرده‌ ده‌سته‌ هه‌ڵواسراوه‌که‌م ..
به‌ڵێ زيندانى سياسى و سه‌خت و مه‌ترسيدار ، گيانى هاوكاريى ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز ئه‌كات ، من كه‌ تازه‌ بووم و هيچم شك نه‌ئه‌برد ، جوتێ گۆره‌ی نه‌بێت ، تاكێكم كرد به‌ خێر و تاكه‌كه‌ى تريش بۆ خۆم ..

سه‌يره‌كه‌ش له‌وه‌دايه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى گۆره‌وييه‌كه‌ بكه‌يه‌نه‌ قاچه‌ سڕ و ته‌زيووه‌كانمان ، ناچار كردمانه‌ ده‌سته‌ هه‌ڵواسراوه‌ ئاوساوه‌كانمان ..

ئه‌و تاكه‌ گۆره‌وييه‌ بۆ كاك مه‌ريوان مه‌نمى زۆر جێى گرتبوو ..چه‌ندێ من بيرم چووبوو ، ئه‌وه‌نده‌ لاى ئه‌و نرخ و ياداوه‌رى هه‌بوو ..

خوايه‌ گيان تۆ ده‌وڵه‌مه‌ندى و سپارده‌ش زايه‌ ناكه‌يت ، ئه‌وه‌ تاكێك گۆره‌وی منت لايه‌ ، بابمێنێ بۆ قيامه‌ت ..

******************
تاها سۆڵه‌يى (ته‌كش )
دارولمولكى بابان
8 ى مارسى 2016
25 ساڵ به‌سه‌ر شكاندنى ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ى سلێمانى و ئازادبوونمان

خوێندراوەتەوە1789