ته‌ها سۆڵه‌یی

من و سوعاد...‌


ئه‌وه‌ی‌ له‌وێنه‌كه‌دا دیاره‌ ناوی‌ (سوعاد ) ه ، خوشكی‌ شیریی‌ منه ..من شیری‌ دایكی‌ ئه‌وم خواردووه‌ ؛ كه‌ناوی‌ دایه‌ ( ئامین ) بوو ...



له‌هاتنه‌ دونیای‌ منه‌وه‌ (حاجی‌ گه‌لاوێژی‌ دایكم ، كه‌پێی ئه‌ڵێین دایه‌ گه‌له‌ ) نه‌خۆش كه‌وتووه‌ و له‌خه‌سته‌خانه‌ خه‌واندوویانه‌ ، ئیتر باوكم منی‌ بردووه‌ بۆ ماڵی‌ خاڵی‌ ( بابه ) ی‌ ، له‌ئاوایی‌ ( ده‌ره‌واری خواروو ) له‌گه‌رمیان ، كه‌سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ ( سه‌نگاو)ه‌ ..

باوكی‌ (سوعاد ) ناوی‌ ( لاله‌ حه‌مه‌ صاڵح ) بوو ، كه‌ئه‌ویش وه‌جاخزاده‌ی‌ پیاوێكی‌ خانه‌دان و زانا و مه‌لایه‌كی‌ خوێنه‌وار بوو ناسراوبوو له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ ( مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌نی‌ ده‌ره‌وار )..

من سه‌ره‌تا ناوم ( فه‌رهاد ) بوو ، به‌ڵام له‌ناوچه‌كه‌دا پیاو باشێك هه‌بووه‌ به‌ناوی‌ ( شێخ تاهای‌ به‌كربایه‌ف ) ، ئیتر به‌ئومێدی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شكو له‌ئاینده‌دا وه‌كو ئه‌و پیاوه‌ باشه‌ صاڵح ده‌رچم ؛ناوه‌كه‌یان گۆڕیم به‌ ( تاها ) ..جارجاریش به‌ (ته‌كش ) بانگ ئه‌كرام ..

به‌مناڵیی‌ له‌ ده‌ره‌وار سه‌گێكم هه‌بووه‌ ، كاك عه‌ولكه‌ریمی‌ برای‌ سوعاد ئه‌یووت (خوا بمكاته‌ قوربانی‌ سه‌گه‌كه‌ی‌ تاها ) ..

به‌مناڵیی‌ زۆر حه‌زم ئه‌كرد بچمه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وار بۆ سه‌رخه‌رمان و شه‌نكردن و سواربوونی‌ جه‌نجه‌ڕ..

ساڵی‌ 1986 كه‌ شه‌شه‌می‌ زانستیم ته‌واو كرد و له‌زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین وه‌رگیرام ، چووم بۆ ( كێله‌ به‌رزه‌ ) له‌ماڵی‌ (خاڵه‌ شێخ ره‌وفی‌ كێله‌ به‌رزه‌ ، دایه‌ ئامین ئه‌یووت شێخ تاها گیان من تۆم گه‌وره‌ نه‌كرد دووركه‌ویتۆ و بچی بۆ هه‌ولێر ، خوا ئه‌زانێ هه‌ولێر ها له‌كوێ ؟ چه‌نێكت پێ ئه‌چێ و كه‌ی‌ تێیتۆ؟ )....

ئیتر نه‌یزانی‌ كوڕه‌كان و زاواكانی‌ ئه‌چن بۆ عه‌رعه‌ر و نوگره‌ سه‌لمان و ناشیه‌نه‌وه‌ ..

( ئامین و حه‌مه‌ صاڵح )یش له‌نه‌وه‌ده‌كاندا ؛ له‌چاوه‌ڕوانی‌ كوڕه‌كانیاندا به‌نه‌خۆشی‌ قورس سه‌ریان نایه‌وه‌ ..

سه‌عده‌ و سعاد و دایه‌ ئامین ، که‌ده‌ستیان خاڵیی‌ ئه‌بوو له‌ خزمه‌تكردنی‌ میوان و پێشمه‌رگه ،‌ ته‌ونیان ئه‌كرد و فه‌رشی‌ كوردی‌ ( لاكێشه‌ ) یان ئه‌چنی‌ ، ئه‌و جووته‌ خوشكه‌ منیان ئه‌خسته‌ به‌ینی‌ خۆیانه‌وه‌ و فێری‌ فه‌رش چنینان كردم ، که‌ڵكیته‌كه‌ قورس بوو ، به‌قه‌ڵه‌مبڕه‌كه‌ش ده‌ستم بڕی‌ ،خوێنی‌ زۆر لێهات ، ئیتر منیش وازم هێنا ..

ماڵی‌ باوكی‌ سوعاد ، كه‌ماڵی‌ (خاڵی‌ باوكمه‌ )؛ ماڵه‌ گه‌وره‌ و خانه‌دان و دیوه‌خان دار و نانبده‌ بوون ..هیچ پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی‌ نه‌بووه‌ له‌ قه‌ره‌داغ و گه‌رمیاندا ، نانی‌ باش و خۆشی‌ ماڵی‌ لاله‌ حه‌مه‌ صاڵحیان نه‌خواردبێ .. ئه‌م ماڵه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ئه‌نفالی‌ ساڵی‌ ( 1988)دا به‌ته‌واوی‌ تیاچوون ، چوار برای‌ گه‌وره‌ی‌ سوعاد به‌ناوه‌كانی‌ ( حه‌سه‌ن و عه‌لی‌ و عه‌ولكه‌ریم و عومه‌ر ) له‌نزیكی‌ ( باوه‌نوور- پێباز )دا كه‌ده‌ستگیركران ئیتر نه‌هاتنه‌وه‌ و بێخه‌به‌ر مان...


جگه‌ له‌چوار براكه‌ی‌ ، سوعاد ( مێرده‌كه‌شی‌ به‌ناوی‌ فاتح ) بێسه‌روشوێنكرا هه‌رله‌ئه‌نفاله‌که‌دا ..

خوشكێكی‌ تری‌ سوعاد كه‌ناوی‌ ( سه‌عده )یه ‌ ، ئه‌ویش صالح ی‌ مێرد‌ی‌ ئه‌نفال كرا..

براكانی‌ سوعاد و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ كه‌ زانیان هێرشه‌كانی‌ جاش و جه‌یش به‌رده‌وامه‌ ؛ ژنه‌كانیان زووتر نارد بۆ سلێمانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رزگاریان ببێ و ئه‌سیر نه‌بن..

ئینجا خۆیان ، هه‌ندێ پێویستی‌ ماڵه‌كانیان خسته‌ ناو چه‌ند تراكتۆرێكه‌وه‌ و هاتن بۆ سه‌رجاده‌ی‌ ( قیر ) به‌ره‌و ده‌ربه‌ندیخان .. به‌ڵام ئه‌و ده‌ستگیركردن و تاڵانییه‌ی‌ كران ، بێ سه‌روشوێن كران ...

سوعاد نموونه‌ی‌ ئافره‌تێكی‌ به‌وه‌فایه‌ ، له‌ ساڵی‌ 1988 ه‌وه‌ ؛ ره‌شپۆشه‌ و دانیشتووه‌ به‌دیار تاقه‌ كچه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ ناوی‌ ( ئاوێز )ه‌ ... سوعاد ئێستا به‌زمانی‌ ( ئاوێز)ی‌ كچیه‌وه‌ ، هه‌ر به‌خاڵۆ بانگم ئه‌كات ..

سوعاد هه‌روه‌كو بۆماوه‌ییه‌ك له‌ باوك و باپیریه‌وه‌ ، رووخۆش و هیممه‌ت به‌رز و ته‌بیعه‌ت جوان و سه‌خی‌ و نانبده‌ و خاوه‌ن به‌ڕه‌ و ده‌رماڵه‌ .. هه‌رجارێك سوعاد ئه‌مبینێ تووند ده‌ست ئه‌كاته‌ ملم و بۆنم ئه‌كات و تێرتێر ماچم ئه‌كات و ئه‌ڵێت خوا بمكاته‌ قوربانت.. ئیتر هه‌موو جارێكیش من هه‌ست ئه‌كه‌م بۆنی‌ براكانی‌ ناوه‌ به‌منه‌وه‌ .. ئێستاش به‌مه‌نجه‌ڵ یاپراخم بۆ لێئه‌نێ و به‌نانی‌ تیری‌ و سه‌وزه‌و ترشیاته‌وه‌ ئه‌ینێرێ بۆم..به‌ سینیش شه‌كرم بۆ ئه‌كوڵێنێ به‌ گوێزه‌وه‌ ...

جارجاریش شه‌ڕم پێئه‌فرۆشێ و ئه‌ڵێ ئه‌مه‌ گشتی‌ تۆ شیره‌كه‌ی‌ منت خواردووه‌ بۆیه‌ من وا بچکه‌له‌م .. سوعادی‌ ره‌شپۆش به‌مدواییانه‌ خه‌می‌ سپی بوونی‌ سه‌ری‌ منیه‌تی‌ ..

ژیانی‌ ماڵێكی‌ خانه‌دان و خزمه‌تکاری‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌کو ماڵی‌ لاله‌ حه‌مه‌ صاڵح ، سوعادێكی‌ چاوه‌ڕێی ره‌شپۆشی خه‌مباری‌ رووبه‌خه‌نده‌ ، باشترین تێكست و سیناریۆیه‌ بۆ فلیمێك كێبركێ بكات بۆ خه‌ڵاتی‌ ئۆسكار ..هاوشێوه‌ی جوله‌که‌ ، به‌ڵام جوله‌كه‌ چوونكه‌ ژیانسازن و داكۆكیكارن له‌ مافی‌ خۆیان ؛ بۆ (هۆلۆكۆست )یان ده‌یان فیلمیی‌ جیهانییان به‌رهه‌م هێناوه‌ .. به‌ڵام سوعاده‌كانی‌ لای‌ ئێمه‌ ، كه‌سێكیان نییه‌ ( سه‌عاده‌ت ) یان بۆ بگێڕێته‌وه‌..

ژیانی‌ سوعاد و بیست و هه‌شت ساڵ چاوه‌ڕوانی‌ و ره‌شپۆشی ، كوژانه‌وه‌ی‌ ئاگری‌ كوانو و وه‌جاخی‌ ماڵی‌ لاله‌حه‌مه‌صاڵح ؛ هه‌وێنی‌ رۆمانێكی‌ تراجیدیه‌ ، به‌ڵام كوا رۆمان نووسێك ، بۆنی‌ دوكه‌ڵی‌ شۆڕش و ئه‌نفال و ناسۆره‌كانی‌ كردبێت..؟

كوا وه‌فای‌ به‌رپرس و پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشگێڕه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ ، كه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ له‌ماڵی‌ لاله‌ حه‌مه‌صاڵحدا خزمه‌تكراوون ، پڵاو و گۆشتیان خواردووه‌ ؟

كوا که‌مێك قه‌ره‌بوو بۆ ( بێوه‌ژن و مناڵه‌ بێناز )گه‌وره‌بووه‌كانی‌ ئه‌وخانه‌دانه‌..

پرسیاره‌كان زۆرن ...به‌ڵام چونکه‌ شته‌كان له‌ گێژه‌نه‌ ده‌رچوون ؛ گومانم وایه‌ بێ وه‌ڵامن...به‌ڵام دڵنیام له‌ قیامه‌تدا عه‌داله‌تی‌ خوایی‌ شته‌كان ئه‌خاته‌وه‌ جێی‌ خۆی‌ ..

خوێندراوەتەوە1770