لاوک سەلاح

تورکیا لە نێوان سیاسەتی چەوت و هەرەشەکانی ئاییندە‌


هەر لەو کاتەوەی بەرپرسی شارەوانی شاری ئەستەنبول بوو لە ساڵی  ١٩٩٤وە، رەجب تەیب ئەردۆگان دەیڕوانییە پانتاییەکی دەستەڵاتی فراوان تا پلانە شاراوەکانی خۆی پیادە بکات، تا لە ساڵی ٢٠٠٣ کە بووە سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەو هەلومەرجەی بۆ رەخسا بۆ دەستکارییکردنی نەخشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی تورکیا.

ئێستا لە پاش زیاتر لە دوو یەکە و پاش ئەوەی بووە سەرۆک کۆمار، ئەردۆگان چۆن دەروانێتە ئەو ساڵانە؟ ئایا خەونەکانی هاتنە دی؟ ئایا ئامانجەکانی لە ناو پارتەکەی خۆی و حکومەتدا  هاتنە دی؟ مامەڵە کردنی لەگەڵ سەربازە باڵاکانی تورکیا چۆن بوو؟ تا چەند سیستمی عیلمانی تورکی گۆری و تا چەند تۆوی بنەما دیینیەکانی بە تێروانینی خۆی بۆ بەهێزکردنی سوننەکانی تورکیای چاند؟ بۆ شوناسی سوننی لە وڵاتەکەدا پتەوکرد و چۆن توانی لە تارمایی ئەو دەوڵەتە دوور بکەوێتەوە کە بەر لە ٩٠ ساڵ کەمال ئەتاتۆرک لە پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دایمەزراند. ئەم پرسیارانە بە یەک پرسیاری گەورەتر کۆبەند دەکەین: لە پێناوی چییدا ئەم سیاسەتانەی پەیرەوکرد؟

ئەردۆگان بۆ ئەو کەسانەی بە سیاسەتەکانی سەرسامن بە زیندوکەرەوەی  رۆحی نەتەوەیی و میرات و مێژووی تورکیا دەژمێردرێت، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە دژی سیاسەتەکانین کەسێکە دەخوازێت ببێتە سوڵتانی نوێی تورکیا. ئەردۆگان بەختەوەر بوو کە لەم بیست ساڵەی رابردوودا تورکیا بووە خاوەنی ئابووریەکی بەهێز بە تێپەراندنی هێلی برسێتی، بووە قیبلەی گەشتیاران و بنکەیەک بۆ سەرچاوەکانی وزە و بازرگانی و گواستنەوە، ئاستی گوزەرانی چینی ناوەراست بەرزبووە و کەڵێنی نێوان تورکیا و وڵاتە دەوڵەمەندەکان تا رادەیەکی باش کەمبۆوە، هەرگێز تورکیا لە ساڵانی ١٩٩٠ وە، بۆ ئەو ٧٨ ملیۆنەی کە دانیشتوانی وڵاتن، دۆخێکی گشتی لەوەندە باشتری بە خۆوە نەدی بوو.

بەڵام ئێستا دیمەنەکە چۆن خۆی دەنوێنێت؟ ئەم وڵاتە لە پاشەکشەدایە، بۆ؟ کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی شەشی ساڵی ٢٠٠٥ پارتی داد و گەشەپێدان پێگەی لەرزۆک بوو، کە تێوەگلانی پارتەکەی و خۆی لە گەندەڵی ئاشکرا بوو، کە دەستی بە پێشێلکردنی دەستەڵات کرد، کە دوو ملیۆن پەنابەری سوری رووی لە تورکیا کرد، کە پشتگیری لە داعش کرد، ئینجا تورک لە کارەکانی ئەردۆگان تێرامان! هەر لەو هەڵبژاردنەوە، ئەردۆگان کاری لەسەر ئەوە دەکرد کە دەستووری تورکیای ساڵی ١٩٨٣ بگۆرێیت بە مەبەستی هێنانەکایەی سیستمێکی کۆماری کە دەستەڵاتی زیاتری پێبەخشێت، بەڵام لەبەر نەبوونی دوو لەسەر سێی زۆرینە، دەبوایە هاوشان و بە دووقۆڵی کار لەگەڵ ئەحمەد ئۆغلۆ بکات کە کەسایەتییەکی کەمتر یەکلاکەرەوەیە. لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەر، ئەردۆگان کەمتر باسی لە فراوانکردنی دەستەڵاتەکانی دەکرد بەڵام بەهێمنی پلانی دادەنا بۆ کۆنترۆل کردنی پارتی داد و گەشەپیدان. لە مانگی سێپتەمبەردا ٣١ ئەندامی لە کۆی ٥٠ ئەندامی پارتەکەی گۆری بەو کەسانەی کە دڵسۆز و گوێرایەڵی خۆیین، یەکێک لەوانە زاواکەیەتی کە لە کابینەی حکومەتدا وەزیرە، لەهەمان کاتدا شۆفێرەکەی خۆی کردە ئەندام پەرلەمان. لە ئێستادا دیارە کێ سوڵتانە و لە کۆشکێکی١٠٠٠ ژووری لە "سەرایی" ەوە لە ئەنکەرەوە فەرمان دەردەکات، ئەو کۆشکەی کە ٦١٥ ملیۆنی دۆلاری تێچووە. 

بە گوێرەی یاساکانی تورکیا بێت کاری ئەردۆگان لە ٢٠١٩ تەواو بێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٣ لە دیمەنی سیاسی تورکیادا بمێنێتەوە بەو جۆرەش لە کەمال ئەتاتۆرک زیاتر لە لووتکەی دەستەڵاتی سیاسەتی تورکیادا دەمێنێتەوە.

کۆی بەرهەمی ناوخۆی  تورکیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ -٢٠٠٧ بە رێژەی ٦.٨% ساڵانە لە بەرزبوونەوەدا بووە، بەڵام لەو کاتەوە لە ئاستی ٣.٥% جێگیر بووە، ئەمە هانی خەڵکیدا کە سەرلەنوێ دەنگ بە پارتی داد و گەشەپێدان بدەنەوە بۆ ئەوەی سەردەمی پەشێوی سیاسی و دۆخی خراپی ئابووری نەگەرێتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە بەهۆی سیاسەتەکانی ئەم دواییەی ئەردۆگان تا دێت سەرمایەی دەرەکی کەمتر روو لە تورکیا دەکات. یەکێک لە سیاسەتانەی ئەردۆگان فێڵکردنی بوو لە بانکی ناوەندی تورکیا بۆ ئەوەی نرخی پارە هەرزان بێت. لە ئێستا تورکیا لە نەبوونی ریفۆرمکردن لە دەزگاکاندا و پیادەنەکردنی سەروەری یاسا و پیادەکردنی هەمان سیاسەتی ئابووری، تا دەێت بەرەو خراپی دەڕوات. سەرباری ئەوە سەرنەکەوتنی دانوستانە سیاسییەکان لەگەڵ پەکەکە و ئیحراجکردنی ناتۆ لە رووبەرووبوونەوەی روسیادا وخستنەخوارەوەی فرۆکە رووسیەکە کە زیانی بە ٠.٧% لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیدا. تورکیا تا رادەیەکی زۆر پشت دەبەستێت بە پرۆژەی گازی لەگەڵ روسیادا. تێچوونی ئەم جەنگەی لە سوریادا روودەدا، تورکیا بەرگەی تێجوونەکەی ناگرێت. تەنانەت ئەو تەقینەوانەی کە لە ئەنکەرە و ئەستەنبۆل روودەدەن رەنگدانەوەی ئەنجامی ئەو سیاسەتانەن کە ئەردۆگان لە سوریادا پیادەی دەکات.

سەرباری ئەو هەرەشانە ، گومانێکی گەورە لە ئارادایە کە ئەردۆگان بتوانێت رێوشوێنی دیبلۆماسی شیاو بگرێتەبەر بە تایبەتی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە وەک شەریک دابنرێت.

ئەو هۆکارانە هەر لە بەستەڵەکی سیاسەتی حکومتی ئەردۆگان و لە پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافە دەستووریەکان و پەرسەندنی گەندەڵی تا دەگاتە رەگەزپەرستی تایفی و شێواندن و درز خستنە ناو چیینەکانی کۆمەڵگە و خۆ سەپاندن و رانەگرتنی پارسەنگی پەیوەندی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتتیەکان، هەموو ئەو هۆکارانە دەبوایە دەنگدەری تورکی بە ئاگابێنتەوە کە متمانەی خۆی بەكێ دەدات.

لەوەش ترسناکتر، بۆ هەرێمی کوردستان پێشهات و گۆرانکارییە سیاسییەکانی ناو تورکیا رەچاوناکەن وچاودێریی ناکەن وەک پێویست. رەنگە تەنها وەڵام ئەو بێت کە جیۆپۆلۆتیک هاوکیشەیەکی مێژووی ئالۆزی دروست کردوە و هەر ئەوەندە دەخوازێت، بەڵام بە هەمان لۆژیک دەبوایە هەڵەکانی مێژوو دووبارەنەکەینەوە. ئایا نەدەکرا کە سیاسەتێکی میانرەو لە نێوان بەغدا و ئەنکەرەدا پیادەبکرابایە، خۆ هەموو میرنشینە کوردییەکان لە مێژوودا لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی و عوسمانیدا بەو شێوەیە پارێزگارییان لە مانەوەی خۆیان کردبوو.

بێگومان ئەم بابەتە قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت بەتایبەتی مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەکی ودەستوور و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی ناوخۆی تورکیا و شونانسی تورکیا وەک دەوڵەت و پێگەی لە نێوان دوو دونیای شارستانی جیاوازدا. رەنگە لە بوارێکی دیکەدا بگەرێینەوە سەریان. 

خوێندراوەتەوە648