نەبەز گۆران

لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆِ باسی چیانكرد؟ ‌


پێش ئەوەی باس لە گفتوگۆكانی ناو كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان، (گۆڕان و كۆمیتەی ئاسایی كردنەوە) بكەم. باشترە كەمێك وردە زانیاریی ناو كۆبوونەوەكانی دیكە بخەینە روو.

هەفتەی پێشوو لە كۆبوونەوەیەدا،(نێچیرڤان بارزانی) وتبووی:
" ئەوە هەڵەبوو ئێمە كردمان بەرامبەر گۆڕان! پێمانوابوو بۆ پارتی زۆر باشە، بەڵام پێچەوانەكەی راست بوو بەسەرماندا شكایەوە!"

ئەم رستەیە ئەوەمان پێدەڵێت: ئەو حیزبە هێشتا لەو دۆخەدا دەژیت، هەرشتێك بۆ حیزبەكەیان باشبێت ئەوە دەكەن. ئیدی باكیان بە دۆخی گشتی نیە. ئەمرۆ مادام بۆ حیزبەكەیان باش نەبووە و تووشی كێشەی كردوون و شكستیانخواردوە، كەوایە دەبێت ئەو هەنگاوە هەڵەیەی ناویانە چاكی بكەنەوە. چاككردنەوەی هەنگاوە هەڵەكەش، پەیوەندی بە فشاری ناوخۆ و دەرەوە هەیە، نەك ئاستی بیركردنەوەیان بۆ چاككردنەوە.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆدا، سەرۆكی شاندەكەی پارتی، سەرەتا ویستوویەتی باسی مەرجەكانی حیزبەكەی بكات! سەرۆكی شاندەكەی گۆران، رێگەی پێنەداوە باسی مەرج بكات و پێی وتووە:

" هیچ مەرجێك قبوڵ ناكەین و، دانیشتی مەرجداریش ناكەین."

پاشان پارتی دەیەوێت بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكە، سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان بگەرێنەوە، ئەما ویستەكانی گۆڕان لەم  سێ‌ خاڵەدا خراونەتە روو:

یەكەم: بەزوترین كات، چارەسەركردنی دۆخی ئابووری و دارایی خەڵك و فەرمانبەران. ئەم خاڵە بناغەی ویستی گۆڕانە بۆ كۆبوونەوەكان و ئاساییكردنەوەكان.

دووهەم: بۆ بابەتە سیاسیەكان، راستەوخۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەرانەوەی سەرۆكی پەرلەمان. بەڵام: ( پارتی دەیەوێت سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان یەك پاكێجبن، بەڵام چاوەروانناكرێت لای گۆڕان یەك پاكێجبن. لای گۆران ئەشێت، پەرلەمان خۆی بەتەنیا پاكێجێك بێت و حوكومەتیش پاكێجێكی تر، واتە گۆران گەر بیەوێت ئەمجارە بچێتەوە ناو حوكومەت، پشكی لەسەدا %24 خۆی دەوێت. نەك تەنها گەرانەوەی چوار وەزیر.)

سێهەم: بۆ كێشە یاساییەكان، دوای دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ دۆخی ئابووری و دۆخی سیاسی و پەرلەمان، جارێكی كە لەسەر كەیسی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم، سیستەمی حوكمرانی گفتوگۆ بكرێت، بەڵام بە هاوكاری هەرسێ‌ حیزبەكەی دیكە : (یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو.)

ئەم سێ‌ خاڵە ویستی گۆران بووە لە كۆبوونەوەكەدا. پێش ئەوەی شاندی كۆمیتەكەش برۆن، پێیان وتراوە، گۆڕان لەسەر هەمان بۆچوونی خۆیەتی، لەگەڵ سێ‌ لایەنەكە، بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكومرانی، لە تاكە كەسیەوە، بۆ پەرلەمانی.

ئەوەی پرسیاری گرنگە لای خەڵك ئەوەیە، بۆچی ئەو ئاڵوگۆڕە بەسەر دیدگای پارتیدا هات؟

شاندەكەی پارتی بۆ ئەمریكا، بۆ قەرز چووبوونە ئەمریكا، زانیارییەكان دەڵێن:

"ئەمریكایەكان پێیان وتوون، ئێمە قەرزنادەین، ئەو پارە زۆرەی هەتانە لەبانكەكان و بەناوی تاكەكەسەكانەوەیە بیخەنە گەڕ، ئەگەر كاریشتان بەو پارانە نیە، با بلۆكیان بكەین!"

ئەم بۆچوونەی ئەمریكیەكان، نائومێدی و ترسی  لای حیزبی پارتی دروستكردووە. شاندەكەی ئەوروپاش كە هاتنە هەرێم، بەراشكاوانە بە هەر پێنج حیزبەكەیان وتووە:

"كاتی سەربەخۆی نیە. كاتی چاككردنەوەی ماڵی خۆتانە. پاشان بەراشكاویش وتوویانە، پارتی ئێمەی ئیحراجكردووە بە هۆی پەكخستنی دەزگا یاساییەكان و ئیفلیجكردنی دیموكراسیەوە."

فشارەكانی سەر پارتی، چ لە ناوخۆ، چ لە دەرەوە، ئاڵوگۆری بەسەر بۆچونە هەڵەكەیدا هێنا. ئەما، لە هەموو حاڵەتێكدا، لە ناوخۆدا حیزبەكانی دیكە، نەچوونە ناو ئەو بەرەییەوە، دانیشتنی پەرلەمان بكرێت و، سیقە لە سەرۆكی پەرلەمان بسەنرێتەوە. دانبەخۆداگرتنی حیزبەكان بۆ نەكردنی كودەتا بەسەر سەرۆكی پەرلەماندا، جارێكی كە نائومێدی بوو بۆ حیزبی پارتی.

ئێستا دۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت:
لە رووی سیاسیەوە: پەرلەمان بگەرێتەوە سەركارەكانی خۆی. بەڵام، بەم گەرانەوەیە ناتوانین چاوەرێی هەمووشت بكەین، چونكی بروابەیەكتر نەكردن، دروست بووە. پاشان نازانین ئەو پەرلەمانە هەمان پەرلەمانی پێش هەڵەكەی پارتی  دەبێت، یان پەرلەمانێكی دیكە دەبێت. ئەوە لەكاتی خۆیدا دەیبینین كە چۆنە!

لە رووی ئابوورییەوە: دیدگای هەموو لایەنەكان ئەوەیە، پێش هەمووشت كار بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و، دروستكردنی جموجوڵی ئابووری بكرێت. دوای ئەم دوو قۆناغە ئەگەر سەركەوتووبن، قۆناغی گفتوگۆ یاساییەكان لەسەر سیستەم و سەرۆكایەتی هەرێم دروست دەبێت. بۆیە گۆڕان لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ بە راشكاوی بە پارتی وتووە:

"ئامادەی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی پارتی نابێت."

ئەم تێواربوونە لە سیاسەتدا بۆ كەیسە گەورەكان، واتای بروابوونە بە سیاسەتێكی بێ‌ پێچوو پەنا.

بزانین پاش ئەمە چیتر دەگوزەرێت.

خوێندراوەتەوە5315