لاوک سەلاح

جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و چارەسەرێک لە مێژووی ئەوروپاوە‌


چی ماوە سەبارەت بە جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست نەوترابێت؟ چی ماوە شایەنی وتن بێت، ئایا دەتوانین گوزارشتێکی دیکە لەو جەنگە جۆراوجۆرانە بکەین؟ ئایا دەتوانین، لە دەرەوەی تێگەیشتنە باوەکان تێڕوانینێکی دیکە بە خوێنەر ببەخشین. ئەو جەنگانەی سەرپێیانە و لە ئاوردانەوەیەکی خێرادا وەک چەند جەنگێکی سەربەخۆ دەردەکەون بەڵام لە ناواخندا هەر هەموویان تەواوکەری یەکترن و بەیەکەوە لکێنراون و دەرهاویشتەی هەمان هۆکاری مێژووی نەهامەتییەکان و وێرانکارییەکان و کارەساتە سەرسامەکانی ئەم ناوچە ئاگرینەن.

بۆ کام مێژوو بگەرێینەوە؟ مێژووی داخراو و وێڵ و تەمتوومانی خۆمان یان مێژووی دەرەوەی بازنەی ژیانمان کە راڤەکردن و شیکردنەوەی کارەساتەکان و چارەسەرەکان لە وێوە وەک شانۆگەرییەکی پانتۆمایم دەکات کاتێ ئەکتەرەکە لەو دیو پەنجەرەکانەوە دەست لە تنۆکی باران دەدات و هەستی باران بارینەکەی بەتەواوی لا بەرجەستە نییە. ئێمە کە لاپەرەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە ناگەرێین بۆ ئەوەی لە کارەساتەکان وەک خۆیان تێبگەین، یاخود بۆ ئەوەی وەک خۆیان بیناگێڕینەوە یان بۆ ئەمرۆ و سبەی دەستمان بگرن. ئێمە وێڵ و دیلی ئەو ئەحکامانەین کە دەمانەوێت سزای ئێستای پێبدەین. ئێمە بە دوای ئایدیۆلۆژیای خۆماندا دەگەرێیین بۆ ئەوەی تەفسیرە هەڵەکانمان بسەلمێنین. زیندووکردنەوەی مێژوو لای ئێمە لە نمایشتە فۆلکلۆریەکان و ڤیستڤاڵە ناوچەییەکان و لە خێڵە پەرتەوازەکان زیاتر تێپەر ناکات، بەداخەوە ئێمە مێژوو بەکارناهێنین بۆ ئەوەی رێ لە روودانی ئەو رووداوانە بگرین کە هەمیشە روودەدەن.

ئەم چەند وشەیەم لەلا گەڵاڵە بوو لە پاش خوێندنەوەی بابەتی سەرەکی گۆڤاری NewStatesman  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی  2016کە بەراوردێک دەکات لە نێوان 30 ساڵ لە جەنگەکانی ئەوروپا کە لە نێوان ساڵانی 1618 بۆ 1648 روویداوە لەگەڵ 30 ساڵ لە جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بێگومان تەمەنی جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوراست درێژترە! هەر لە شەرەکانی ئیسرائیل و فەلەستینەوە تا دەگاتە شەرەکانی کەنداو جەنگە تایفییەکانی ئەم داواییە لە عێراق و سوریا. هەر سێ نووسەری بابەتەکە کە ناویان برێندان سمیس و مایکڵ ئەکسۆرسی و پاتریک میلتۆنە کە مامۆستای زانکۆکانی کامبرج و ئێگستەر و بەرلینن بە هاوبەشی بابەتەکەیان نووسیوە دەخوازن ئەو پرسیارە بوروژێنن ئایا دەشێت چارەسەر و تیماری جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئەزموونی رابردووی جەنگەکانی ئەوروپای سەدەی ناوەراستدا بدۆزینەوە و ببنە ئیلهامی سەقامگیری دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

ئەو جەنگانەی ئەم نووسەرانە باسی لێوەدەکەن بە رێکەوتنامەی وێستفالیاWestphalia  لە مێژوودا ناسراوە و لە سەدەی حەڤەدا مۆرکراوە و کۆتایی بە جەنگەکە هێناوە. زۆربەی جەنگەکان لەسەر خاکی ئەلمان و لە دەورووبەری ئەو شارەدا روویانداوە کە رێکەوتنامەکەی بە ناوەوە کراوە. فەرەنسا و سوید و ئیسپانیا و ئیمپراتۆرەتی رۆمانی ئەلەمانی و میرەکانی ئەلەمانیا بەشداری جەنگەکەیان کردووە. مەبەستی سەرەکی جەنگەکە سەپاندنی رێبازی کاسۆلیک بووە بەسەر پرۆتستەکاندا. دواتر، پۆلۆنیا و روسیا و هۆلندا و دانیمارک و عوسمانیەکان و تەنانەت سویسراو راکێشراونەتە ناو جەنگەکەوە. بەرژەوەندییە سیاسیی و بازرگانییەکان لە پاڵ دەستەڵاتی سیاسی و سەپاندنی تێروانینێکی تایبەت بۆ ئایین لە هۆکارەکانی ئەو جەنگە بوون.

رەنگە سازدانی کۆنگرەی جنێڤ، وەک نموونە، جۆرێک لەو هەوڵانە بێت کە بناغەکەی دەگەرێتەوە بۆ رێکەوتنامەی وێستفالیا، واتە شێوازی چارەسەرکردنەکان لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەمە بۆ ئەوان، ئەی بۆ ئێمە، بەداخەوە کە تۆ شارەزای مێژووی خۆت و ئەوان نەبیت ئەو توانا مەعریفیەت نابێت تا بزانیت ئەوان چییان لە تۆ دەوێت. لەو باوەرەدانیم هیچ ئەندامێکی وەفدی کوردی کە بەشداری گفتوگۆکانی دانوستانیان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان کردبێت یان دەکات پێشتر زانیاری تەواوی لەسەر کەسەکانی بەرامبەریان کۆکردبێتەوە؛ هەر لە شتی تایبەتەوە تا دەگاتە تێڕوانینی ستراتیژی. لە کەلتوری ئێمەدا زیاتر پشت بە قسەی زارەکی دەبەستین، ئێمە گوێمان لە چاومان و عەقڵمان کاراترە!

ئەوەی جێی سەرنجە ئەو شیکارە بەراوردکارییە سەردەم و جوگرافیا و کۆڵەکەکانی دیکەی وەک ئایین و مێژوو و دەستێوەردانی دەرەکی و کەلتوور و لایەنە سۆسیۆلۆژیەکانی دیکەی کۆمەڵگەی زۆر بە هەند وەرنەگرتوە، تەنها لەسەر یەک رەهەند کاری کردووە و تیشکی نەخستۆتە سەر رێکەوتنە مێژووییەکانی ناو جیهانی ناو ئیسلام چ لە ئاستی دەوڵەتدا بووبێت یان گروپەکان. ئەوان  بەپێی رێکەوتنامەی وێستفالیا لەسەر سەروەری ناوچەکان و دەستەڵاتی سیاسی و بازرگانی و نوێنەرایەتی ئایینی ناوچەکان رێکەوتن کە بەردی بناغەکەی لە بنەچەدا کەلتووری لێبوردەیی بووە کە هەموو لەسەری رێکەوتن. ئەو جۆرە لێبوردەییە سیاسییە هێشتا لێرە گەشەی نەکردووە و زەمینە نییە بۆ گەشەکردنی، سەرباری ئەو خاڵانەش هێشتا سەردەمی رۆژهەڵاتی ناوەراست گەشەی نەکردووە، بەو پێیەی هەمیشە چارەسەری کێشەکان دواخراوە. تەنیا خاڵ کە من لەگەڵ نووسەرەکان کۆدەکاتەوە ئەوەیە کە هێشتا رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ناو سەدە تاریکەکانی ناوەراستدا گوزەر دەکات.  

هەر بۆیە، من لەو بڕوایەدانیم ئەو سنوورانەی بە پێی رێکەوتنامەی سایکس بیکو دارێژراون ئێستا لە بەردەم ئەگەری دابەشبوونەوەدایە؛ لە بەر دوو هۆکاری زۆر سادە، جیهان لە نێوان دوو هێزدا دابەش نەبووە و ئەمەریکا پاشەکشەی کردووە لەوەی کە سەرکردایەتی دونیا بکات. ئەمەریکا ئەوەندی پاراستی سنوورەکانی خۆی مەبەستە ئەوەندە بەدوای راماڵینی سنوورە کۆنەکاندا نییە. ئەم پاراستنەش لە ئێستادا بە کەمترین تێچوون ئیدارە دەکات.

ئەو دابەشکردنەوە و دارشتنەوە کاتێک دەبێتە فاکتەرێکی واقعی کە بەرژوەندی سیاسی بەستراو بێت بە هەرەشەکانی سەر بە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە زلهێزەکان لە دۆخی رکابەریدا.

خوێندراوەتەوە482