د. ئیسماعیل نامیق

كلتوری‌ شه‌قاوه‌چێتی‌ وحوكمی‌ مافیایی‌‌


شه‌قاوه‌چێتی‌ واته‌ ئه‌رزش دانه‌نان بۆ یاساو ویستی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و پیشاندانی‌ هێزو شكاندنی‌ سنوری‌ نێوان مافه‌كان و بێ‌ به‌هاكردنی‌ یاساو دادگا وكۆی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ تری‌ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌نجامدانی‌ كاری‌ نامۆ و دژبه‌یه‌ك، بۆ نمونه‌ دزین وبه‌خشین، كوشتن ومنداڵ له‌ باوه‌شگرتن، ئازاردانی‌ خه‌ڵك و ئاماده‌بون له‌ بۆنه‌كاندا، به‌وێنه‌ له‌رۆژدا له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگدا ده‌بینرێت بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ سیفه‌تێكی‌ سه‌ربازی‌ هه‌بێت، كه‌چی‌ له‌ حه‌قیقه‌تدا وبه‌شه‌و له‌ باشترین ڤێڵادا شه‌وه‌ سور وسپیه‌كانی‌ ده‌گوزه‌رێنێ‌، به‌ قسه‌ حه‌قبێژ به‌كردار خوێنڕێژ. شه‌قاوه‌ مه‌رج نیه‌ نه‌خوێنده‌واربێت و كۆمه‌ڵێك پاسه‌وان و خه‌ڵكی‌ به‌دواوه‌ بێت، به‌ڵكو ده‌گونجێت خوێنده‌وار بێت، خاوه‌ن بڕوانامه‌و رۆشنبیربێت، به‌ڵام به‌كردار شه‌قاوه‌ بێت، به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ئه‌م شه‌قاوه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ریاندا هه‌یه‌.

شه‌قاوه‌كان له‌ یه‌ك پله‌و ئاستدا نین، به‌ڵكو شه‌قاوه‌ و شه‌قاوه‌تر وشه‌قاوه‌ترین هه‌یه‌، به‌پێی‌ هێزیان جیاوازن، هه‌روه‌ها ده‌گونجێت شه‌قاوه‌ تاكه‌ كه‌س یان گروپ و ده‌سته‌و تاقم بێت، واته‌ پێوه‌ری‌ شه‌قاوه‌بون سروشتی‌ كاره‌كه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ شه‌قاوه‌چێتی‌ بو ئه‌و كه‌سه‌ یان گروپه‌ ده‌بێت به‌ شه‌قاوه‌ جا هه‌رچیه‌ك بێت.

ره‌نگه‌ شه‌قاوه‌بون حه‌زێكی‌ سروشتی هه‌مو مرۆڤێك بێت، به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر ژینگه‌كه‌ی‌ گونجاو وله‌باربێت، تیایدا شه‌قاوه‌ خاوه‌نی‌ قسه‌ وبڕیار بێت، شه‌قاوه‌ فه‌رمان به‌ دادوه‌ر و مامۆستا ومامۆستای‌ زانكۆ و پزیشك و ئه‌ندازیار و پارێزه‌ر و روشنبیر و سه‌رجه‌م هه‌ڵسوڕێنه‌رانی‌ تری‌ كایه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكات، ئیتر لێره‌وه‌ حه‌زی‌ شه‌قاوه‌بون ورده‌ ورده‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و ره‌نگه‌ زۆربه‌ی‌ پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بگرێته‌وه‌.

مافیابونیش واته‌ كۆبونه‌وه‌و رێكه‌وتن و په‌یوه‌ندی‌ به‌ستنی‌ چه‌ند كه‌سێك یان چه‌ند گروپ و ده‌سته‌ وتاقمێك له‌ پێناو چنینه‌وه‌ی‌ سودێكی‌ مادی‌ و پارێزگاری‌ كردن و ره‌چاوكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ مادیه‌كانی‌ یه‌كتر، ده‌گونجێت مافیا شه‌قاوه‌ بێت ئه‌گه‌ر له‌كاره‌كه‌یدا هه‌ڵسوكه‌وتی‌ شه‌قاوه‌چێتی‌ په‌یڕه‌وكرد، هه‌روه‌ها ده‌گونجێت شه‌قاوه‌ نه‌بێت، مافیایه‌كی‌ مۆدێرن بێت، هه‌مو كاره‌ ناڕه‌واكانی‌ خۆی‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی‌ یاسادا داپۆشێت.

مافیا ئه‌گه‌ر شه‌قاوه‌ نه‌بێت هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی‌ یه‌ك ئاراسته‌ وه‌رده‌گرن، زۆر به‌كه‌می‌ دژبه‌یه‌كی‌ ده‌بینرێت له‌ كاره‌كانیدا، بۆ نمونه‌ به‌س دزی‌ ده‌كات، نابه‌خشێت.

له‌خه‌سڵه‌ته‌كانه‌ حوكمی‌ مافیایی‌ گه‌نجینه‌ی‌ حكومه‌ت و گیرفانی‌ خه‌ڵكی‌ به‌تاڵ ده‌بن و ئه‌و گروپه‌ مافیایه‌ له‌وپه‌ڕی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ و سه‌فا و سه‌مای‌ سوری‌ خۆیاندا ده‌بن، چه‌ندین حسابی‌ بانكیان له‌ بانكه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بێت و به‌ملیاران دۆرڵار ویۆرۆیان تێدا بێت.

مافیا كه‌ تین و فشارێكیشی‌ بۆ دێت، خۆی‌ نابینێ‌، هه‌مو ئه‌و تاڵانی‌ و خه‌رجیه‌ له‌ راده‌به‌ده‌رانه‌ی‌ خۆی‌ نابینێ‌، به‌ڵكو به‌ناوی‌ چاكسازیه‌وه‌ قوتی‌ خه‌ڵك و شیری‌ منداڵه‌كانیان ده‌بڕدرێت. ئه‌گینا هیچ مه‌عقول نیه‌ سیمای‌ ئیفڵاسی‌ به‌هه‌مو كه‌سێكه‌وه‌ دیار بێت، به‌ڵام مافیاكان به‌رگه‌كانیان پۆشته‌تر وماركه‌ی‌ گرانتر بێت و سه‌یاره‌ و پاسه‌وان وپێكه‌نینه‌كانیان زۆرترو بۆرتر بن.

تێگه‌یشتن له‌م كلتوری‌ شه‌قاوه‌چێتی‌ وحوكمی‌ مافیایه‌، زۆر به‌سانایی‌ ته‌فسیری‌ زۆر بواری‌ ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستای‌ باشوری‌ كوردستان ده‌كات، به‌سه‌رنجدانێكی‌ ئاسایی زۆربه‌ی‌ مافیاكان ئاشكرا ده‌بن، پلانی‌ چاكسازی‌ راگه‌یه‌نراو وچاوه‌ڕوانكراو لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ وهه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ناوێت، كۆبونه‌وه‌ به‌ده‌وری‌ سه‌رۆكێكی‌ ناشه‌رعه‌یدا له‌پێناو كێشه‌ دروستكردن بۆ سه‌رۆكێكی‌ شه‌رعی‌ تێڕامانی‌ ناوێت، نه‌خێر ئه‌مانه‌ هیچیان لێكۆڵینه‌وه‌و تێڕامان و سه‌رسوڕمانیان ناوێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ له‌و كلتورو حوكمه‌ تێبگه‌ین.

ئه‌گه‌ر هه‌مو ئه‌و وشانه‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ بن، ئاماژه‌یه‌ك به‌دی‌ ده‌كرێت زۆر دڵخوشكه‌ره‌، ئه‌ویش پاشه‌كشه‌ی‌ كلتوری‌ شه‌قاوه‌چێتی‌ و ته‌نگپێهه‌ڵچنینی‌ حوكمی‌ مافیایه‌، به‌ڵگه‌ بۆ یه‌كه‌م ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و تێڕوانین ووه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌ بۆ ئه‌و هێز وكاره‌كته‌رانه‌ی‌ ناكۆكن له‌گه‌ڵ ئه‌وكلتوره‌دا، بۆسه‌لماندنی‌ دوه‌میش ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ ئێستا زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ مافیاكان ده‌ناسن وئاگاداری‌ جوڵه‌و گفتار وره‌فتاریانن وفشارێكیش دروستكراوه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ تۆڕ و ته‌ونه‌كانیان.      

خوێندراوەتەوە1093