لاوک سەلاح

برسێتی و نغرۆبوون و ستەمی سیاسی‌


سێ کۆڵەکەی بەرجەستەکراوی ئەم ساتە، سێ وێنای درامی بێ مروەت کە زۆر بێباکانە لەبەردەمیاندا رادەبوریین، نە دەستەڵاتێکی سیاسی هەیە خۆی بە خاوەنی بزانێت، نە رێکخراوێکی مەدەنی هەیە لەسەریان بێتە گۆ، نە دادگایەکی جوامێر هەیە بەرگری لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بکات و بڵێت تا ئێرە و بەس، خودایە ئەم بێدەنگییە چییە کە سەرتاپا هەموو لایەکی گرتۆتەوە، خودایە ئێمە بۆ وا لەبەردەم برسێتی و نغرۆبوون و ستەمی سیاسیدا جەستەیەکی مردوو و ویژدانێکی سڕیین.

بەداخەوە، ئەوەی نغرۆ دەبێت پەیامێکی راستەقینە و ئاماژەیەکی روونی هەیە پێمان دەڵێت لانی کەم من هەوڵمدا ئاییندە بۆ منداڵەکانم بنەخشێنم و نارازی بووم لە بەردەوامبوونی ستەم و نەبوونی دادپەروەری و ئاستێک لە برسیەتی دروستکراو و دۆخێک بۆ ئیفلیجکردنی ئیرادەی مرۆڤ، من هەر ئەوەندەم پێکرا کە خۆم بدەمە بەر شەپۆلی نەهامەتی و سەرکێشی دەریاکان تاوەکو منداڵەکانم لە باوەشمدا، پێکەوە ئۆغر بکەین، بەڵکو لە رۆخی دەریاکان بە بێدەنگی پشوو بە یادەوەریمان بدەین وپاکژ وبێگەرد ببینەوە.

ئەی ئێوە چی بۆ خۆتان دەکەن؟ چی لە خۆتان دەکەن؟ ئاساییە بڕواتان بە هێنانە کایەی گۆرانکاری نەبێت، بەڵام خۆ دەبێت بەرگری لە مانەوەی خۆتان، لە هەناسەدانی خۆتان، لە رووبەرووبوونەوەی برسێتی خۆتان ببنەوە، چاوەڕوانی چی دەکەن؟ چاوەڕوانی کۆرەوێکی دیکە دەکەن؟ چاوەروانی هەڵاتنی هەموو ئەو قونسوڵخانانە دەکەن کە لە چاوتروکانێکدا فرۆکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پایتەختی هەرێمدا بە بەرچاوی هەموو دونیادا کوردستان چۆڵ دەکەن؟ هەر ئێوە نەبوون دەتانووت بوونی قونسوڵخانە لە پایتەخدا ئارامی دەبەخشێت و شەرعیەت دەپارێزێت و دۆخەکە بەسەقامگیری دەهێڵێتەوە، ئیوە دەرگای پایتەختان بە رووی میللەت و نوێنەرەکانی خۆتاندا داخست، شەرعیەتێکی وەهمیتان لە رێکەوتنامەیەکی بەناو ستراتیژیەوە پیادەکرد و ئێستا داوای کۆبوونەوەی هەموو لایەنەکان دەکەن!

یاخود چاوەڕوانی هەڵاتنی سەرکردە سیاسییەکان دەکەن کە ئێتر قومارەکەیان تەواو و بەتاڵی پرۆژەی سیاسیان دەرکەوت و دەمامکە رەشەکانیان هەڵدرانەوە و چیتر هیچ میدیایەک ناتوانیت ئارایشتیان بۆ بکات، یاخود بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی نەمانی ئارد لە بازارەکاندا دەکەن، نەمانی پارە و نەمانی شتومەکە سەرەکییەکان و هەڵکوتانە سەر یەکتر؟

کە سەرۆکی نیوە حکومەتەکەمان زۆر بە راشکاوی بڵێت ئێمە تەنیایین، ئیتر چی دەمێنێتەوە بکرێت، دەچنەوە شاخ؟ یان وێڵی شارەکانی دونیا دەبن و دیسانەوە وەک قەرەج و بێکەس بە یادەوەریەکی هەمیشە بریندارەوە شەرمەزاری نۆش دەکەن. ئای کە ستمە و مایەی شەرمەزارییە تۆ خۆت بە دەستی خۆت، خۆت بسریتەوە و دواتر بڵێیت ئێمە تەنیایین. ئەرێ ئێمە مێژوویەکمان لە تەنیایی نەبووە و هەمیشە هاوشان بەو لە شۆرشدا بووین، خێرە تەنیایی ئەم جارە وا خەریکە چۆکمان پێدەدات! من گومانم لەوە نییە تۆ تەنییات، بەڵام خەڵک و میللەتان هەرگیز تەنیا نیین و هەمیشە لە دوا ساتیشدا بێت چارەسەر دەدۆزنەوە، بەڵام لە رێگای ئەو کەسانەوە نابێت کە لە بری ئەوەی تەنیایی بکەنە کاری سیاسی شەرعی، تەنیایی دەکەنە پاساوێک بۆ ونبوون و هەڵاتن و دیارنەمان و چۆڵکردن. تۆ بڵێی هێج نەمابێ بکرێت؟ تۆ بڵێی هیچ پانتاییەک بۆ هەنگاوی سیاسی و دیبلۆماسی و کۆمەڵایتی نەمابێت، بەداخەوە، ئێمە هەمیشە لە بەردەم دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی مێژوودا نەزۆکین. ئێمە ئەوەندەی قوربانی مێژوویین ئەوەندە خوێنەرێکی باشی مێژوو نیین!

ئایا هەست ناکەن جڵەوەی مەسەلەکە خەریکە لە دەست دەردەچێت؟ هەست ناکەن کە نوێنەرەکانتان یان دەبێت خۆتان بیناگۆرن یان کارەساتەکان رایاندەماڵن! هەموومان وامان دەزانی کە ئەو رۆژانە گوزەشت و ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین بەڵام بەداخەوە هەرهەمان قەوانە کۆنەکە بوو بە کۆمپیوتەر لێدرا. شەکەتین لە گوێکرتن لەوەی ئەم دۆخە پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە، ئەم قسەیە بۆ ئەو دۆخە دەبێت کە ئیرادەی سیاسی بوونی هەبێت و پیادە نەکرابێت، بە داخەوە، ئێوە خاوەنی ئیرادەی سیاسی و ئیرادەی ریفۆرمکردن و ئیرادەی بەرگریکردنی سیاسی و ئیرادەی پارستنی کەرامەت و شکۆمەندی نیشتمان و هاوڵاتیان نیین.

خوێندراوەتەوە603