دانا عه‌بدولكه‌ریم

حکومەتی هەرێم بۆ تەنیایە ؟‌


به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئه‌ڵێت
ئێمه‌ زۆر ته‌نیایین که‌س هه‌رکاریمان ناکات و ئه‌بێت ده‌ست به‌سکمانه‌وه‌ بگرین و بڕیاری قورس بده‌ین
باشه‌ با بپرسین
بۆ ته‌نیایین؟
بۆ که‌س هاوکاریمان ناکات؟
بڕیاره‌ قورسه‌که‌ چیه‌؟

ئه‌زانی بۆ ته‌نیاین؟ چونکە بەڕێزتان هەشت ساڵ زیاترە سەرۆکی حکومەتی هەرێمن و نەتانتوانی ئەم حکومەتە دامەزراو بکەن ، نەتانتوانی گەندەڵی و نادادپەروەری نەهێڵن ، نەتانتوانی شەفافیەت لە داهات وخەرجیەکاندا بکەن ، نەتانتوانی دەستی نا بەرپرسانەی حزب لە حکومەت دوربخەنەوە ، نەتانتوانی هیزی پێشمەرگە یەک بخەن و بیکەن بە هێزی نیشتمانی ، نەتانتوانی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش یەک بخەن و بە دامەزراویان بکەن ، نەتانتوانی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێی و دەروەدا بە نیشتمانی بکەن ، لە هەموی گرنگتر نەتانتوانی یاسا سەروەر بکەن ، نەک ئەمانەتان نەکرد بەڵکو بە پێجەوانەاوە خۆتان حزبەکەتان و هاوکارەکانتان لە حکومەتی هەرێم  هۆکاری سەرەکی بون بۆ دروست بونی ئەو کێشانە.

ئەزانی بۆ تەنیایین ؟ چونکه‌ سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌ی به‌ڕێزتان و حیزبه‌که‌تان ته‌نیای کردین کاتێک دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٢٠١٣ ی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ سه‌رۆکی کاربه‌ڕێکه‌ری حکومه‌ت بون ڕێکه‌وتنی په‌نجا ساڵیتان له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان کرد بۆ هه‌ڕاجکردنی سامانی نه‌وتی کوردستان به‌ سوڵتانی نوێی عوسمانی ئه‌مه‌ش حکومه‌تی ناوه‌ندی ناچار کرد که‌ بودجه‌ی هه‌رێم ببڕێت، کاتێک بونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکی کابینه‌ی هه‌شت حکومه‌ت قه‌رزار نه‌بو به‌ڵام ئێستا زیاتر له‌ بیست ملیار دۆلار قه‌رزاره‌، موچه‌ی پێنج مانگی فه‌رمانبه‌رانی قه‌رزاره‌، هه‌رچی پرۆژه‌یه‌ وه‌ستاوه‌، خزمه‌تگوزاری زۆر لاوازه‌، به‌ڕێز ئه‌مانه‌ به‌شێکی ئه‌و هۆکارانه‌ن که‌ وای کردوه‌ ته‌نیا بیت.

ئه‌زانی بۆ هاوکاریمان ناکه‌ن؟  چونکه ئه‌زانن داهاتی چه‌ن ساڵی ڕابردوی به‌ڕێزتان و هاوشانه‌کانتان له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌یان ملیار دۆلاره‌.

بڕیاری قورس ئەوە نیە موچەی فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت بکەیت بە نیوە یان کەمی بکەیتەوە .
 ئه‌زانی بڕیاره‌ قورسه‌که‌ چیه‌؟  بڕیاره قورسه‌که‌ ئه‌وه‌یه که‌ داهاتی خەڵک بگەڕینەوە بۆ خەزێنەی گشتی کە لای کۆمپانیا زەبەلاحەکانتانە ، بڕیارە قورسەکە ئەوەیە کە  دان به شکستی خۆت و حزبه‌ که‌تدا بنێت و ده‌ست له‌کار بکێشیته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان و په‌رله‌مان بتوانن به‌ئه‌رکی سه‌رشانیان هه‌ڵسن و حکومه‌تێکی کاتی ڕزگاری نیشتمانی پێک بهێنن بۆ ڕزگار کردنی هه‌رێم و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌م قه‌یرانه‌ قورسانه‌ی که‌ به‌سه‌رتان هێناون.

خوێندراوەتەوە1817