نەبەز گۆران

ئەم دیوارە دەروخێت؟!‌


لەسەرەتای دروستبوونی ئەم هەرێمەوە، روونبوو كە ئەمانە نە هی حوكمرانین، نە توانای دونیابینیان لە كایەی رامیاریدا هێندە بەهێزە، پێش خۆیان ببینن.

یەكەم وێستگەی گەیشتنە سەر دەسەڵاتیان، دەستیانكرد بە وێرانكردنی كارگەكان و، چ كەلوپەلی گرانبەهای ناو كارگەكان و، شارەوانییەكان هەبوو، ئاودیووی سنووریانكرد. پاشان كە خاڵە گومرگیەكان دانران، لەبری ئەوەی ئەو خاڵانە بكەنە بنەمایەك بۆ بەهێزكردنی ئابووری ناوخۆ، دەستیانكرد بە پیسخۆری بۆ خۆیان و دەستەو تاقمەكانیان.

لە قۆناغی پاش گومرگەكان، مۆدێلی چوونە دەرەوە دەستی پێكرد و، منداڵ و كەسە نزیكەكانی خۆیان ناردە دەرەوە. چونكە لە بنەرەتدا بروایان بە مانەوە نەبوو. ئێستاش هەر وەك ئەوسا بیردەكەنەوە و رۆژێك دێت، ئاش بەتاڵی لێدەكەن و دەرۆن.

پاش ئەوە، رووداوە گەورەكەی روخانی رژێمەكەی بەعس، لەبری ئەوەی ببێتە وێستگەیەك بۆ خۆ پتەوكردن و نەگەڕانەوە بۆ عێراق، هەڵسان كۆی جوڵەكانی خۆیان تەرخانكرد بۆ دروستكردنەوەی عێراقێكی نوێ‌!

كە عێراقی نوێیان دروستكردەوە، هێندەی لە خەمی ئەوەدابوون چ پۆست و دەسەڵاتێكیان بەردەكەوێت و چەند قازانج دەكەن لەو كێكە پر داهاتە، بۆ خۆیان و خزم و تاقمەكانیان. لە خەمی ئەوەدا نەبوون بیر لە نەخشەیەكی راستەقینە بكەنەوە بۆ هەرێم.

پاش دروستبوونەوەی عێراق، زۆرجار كۆی كێشەی میلەتێكیان دەبەستەوە بە یەك تاقە كەسەوە! تا وای لێهات كێشە تاقە كەسیەكانی خۆیان بارگاویكرد بە كێشەی یەك میلەتەوە. وەختێكیش بە لێشاو پارەی عێراق دەهاتە ناو هەرێمەكەوە، لەباتی پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری، وەك هەموو شتێكی كە سەریانخستە ناو ئەو لێشاوی پارەیە و بەشێكی زۆریان بە پیسخۆری بۆ خۆیان برد.

كە قۆناغی نەوت دەرهێنان دەستی پێكرد، هێندەی لە خەمی زیادكردنی ژمارەی بانكەكانی خۆیاندا بوون، هێندە لە خەمی ئایندەی هەرێمەكە نەبوون. بۆیە بە گوتاری فریودەری ئابووری سەربەخۆ، هەڵسان هەرێمیان كرد بە نزیكەی (55) بلۆكەوە و دەستیانكرد بە فرۆشتنی بلۆكەكان و كۆمپانیا بیانیەكانیان بە خراپترین رێككەوتن هێنایە هەرێم. تا توانیان لەم جوڵەیەدا سودی تایبەتیان بینی و، كۆتاییان بەو قۆناغە هێنا داهات بۆ گشتی بێت، بەڵكو داهاتەكەیان لە چوارچێوەی چەند كەس و تاقمێك لە خۆیان كۆكردەوە.

دوای ئەوەی رۆژ بە رۆژ شكستیان هێنا لە شێوەی بەرێوەبردن، لە هەر شوێنێك دەنگێكی بەرز، یان نارەزاییەتیەك بوونی هەبووبێت، گەر بۆیان نەكردرابێت، لە رێگەی هەرەشە و كوشتنەوە كاریان بۆ كپكردنەوەی ئەو دەنگ و نارەزاییەتیەكرد.

لە كاتی هەڵبژرادنەكاندا هەمیشە بیریان لەوە دەكردەوە، لە پێناو كورسی مانەوەی خۆیان، تەزویرات بكەن. لە دوای هەڵبژاردنەكاندا یەكەم هەنگاویان بێحورمەتیكردن بوو بە یاساكانی وڵات. هەر گروپ و تاقمێك، كۆمەڵێك چەكداری لە دەوری خۆی كۆكردەوە و وڵاتەكیان كردە شوێنی بەرێوەبردنی میلیشییای.

دەستیان نەپاراست لە كوشتی خەڵك، دەستیان نەپاراست لە هێنانە ناوەوەی لەشكری بێگانە. دەستیان نەپاراست لە بردنی سەروەت و سامان. دەستیان نەپاراست لە یاریكردن بە ماف و ئەركی هاوڵاتیان.

هەر شتێكی خراپ كە لە خەیاڵیاندا هاتبێت كردیان. تا دۆخەكەیان گەیاندە ئەمرۆ كە هیچ دەزگایەكی یاسایی و جێبەجێكار بوونی نەماوە و بە شێوەی قەڵەمرەوی خێڵەكی سەیری بەرێوەبردن دەكەن.

سەرباریی تێكشاندنی ژیان و مافی خەڵكی. كۆی بەها مرۆڤایەتیەكانیشیان تێكشكاند. دوای ئەو هەموو دۆخە خراپەی لە رۆژی دەست بەكاربوونیانەوە تا ئێستا كە بەسەر ئەم خەڵكەیدا دەهێنن. بانگەشەی زلی بێ‌ بنەما دەكەن!

لەكاتێكدا ئەوەی چاوەرواندەكرێت، دروستكردنی دونیایەكی جوان نیە لە ژێر دەستی ئەمانەدا، بە پێچەوانەوە چاوەرواندەكرێت لە ژێر چنگی ئەمانەدا جارێكی كە ئەم میلەتە تووشی كارەساتی گەورە ببێتەوە.

ئەو هەموو قەرزە و ئەو هەموو رێككەوتنە چەند ساڵەیەی لەگەڵ كۆمپانیاكانیش كردوویانە، ئیتر تووشی شكست ببن یان نا، دەبێتە باجێكی گەورە بۆ نەوەی ئایندە و، دوای خۆیان بەرهەمەكەیان جگە لەشكست، قەرزێكی زۆرە كە دەبێت بدرێتەوە و خەڵكیش باجی ئەو سەختیە دەدات كە پاش خۆیان بەسەر هەرێمەكەدا دێت.

بۆیە باسی پاش خۆیان دەكەین، چونكە هەرچەند سەیری ئەم پیسخۆری و ئەم جوڵە خێڵەكیانە دەكەیت، ئایندەكەی باش نابینرێت.

خوێندراوەتەوە3677