لاوک سەلاح

رۆژهەڵاتی ناوەراست پاش هەژمونی ئەمریکا‌


ئەمە ناونیشانی بەرگی ژمارەی نوێی گۆڤاری سیاسەتی دەرەوەی نێودەوڵەتی مانگی نۆڤەمبەر و دیسەمبەری ٢٠١٥ یە. ناونیشانێکی چرو پر کە دەستبەچێ چەندان مانا و دەلالەت و ئاماژە لە خۆ دەگرێت. مەلەفی تەواوی ئەم ژماریە بۆ ئەو گۆرانکارییە خێرایانە تەرخانکراوە کە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە خۆیەوە دەبینێ. بابەتەکانی ئەم گۆڤارە لەلایەن پسپۆرە نێودەوڵەتی و ئەوانەی کە ئەزموونیان لە بوارەکانی ئیدارەدانی دەوڵەت و ململانێکاندا لە ئاستی بەرزدا هەیە تەرخانکراوە. ئەم گۆڤارە مێژوو و کاریگەری خۆی لە دارشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەیە.

بابەتەکانی وەک پەرچدانەوەی تیرۆریزم و تیرۆریزمی دیجیتەڵ و پاش تیرۆریزم و هەژمونی کاریگەری ئێران و بۆمبە ئەتۆمەکەی و پارچەپارچەبوونی عێراق و داعش و هەندێ بابەتی دیکە لە خۆ دەگرێت. ئەوەی ئەم گۆڤارە لەوانی دیکە جیادەکاتەوە متمانەکردنە بە ئەزموونی نووسەرەکانی و شێوازی بابەتیانەی نووسینەکان.

ئەوەی بەچری باسی لێوەدەکەم سروشتی تایبەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێستای ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ لە سەرەتاوە سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما کشانەوە بووە لە دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی کە حکومەتی جۆرج بۆش شەرانگێزانە و بێ دوودڵی پەیرەوی دەکرد ؟ ئۆباما بۆ خۆی بە دوورگرت لە ئۆپراسیۆنە گەورەکان کە بە هەموو پێوەرێک دەبوایە هەڵوێستی نێودەڵەتی هەبوایە بە گوێرەی ئەو بەرپرسیاریەتییەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ خۆی دارشتبوو لە پاش ٩/١١؟ بۆ ئۆباما هێزی پیادەی سوپای لە عێراق و سوریا بەکار نەهێنا لە پاش ئەوەی داعش وەک هەرەشەیەکی مەترسیدا خۆی نواند؟ بۆ کرداری ئەمریکا لە ئاستی چاوەڕوانکردندا نەبوو! لانی کەم بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە سیاسەتی ئەمەریکادا روویاندا بەهۆی ململانێ و ناکۆکی ئیدارە جیاوازەکانەوە و تێنەگیشتن لە سروشتی کێشە سیاسییەکان و نەبوونی نەخشەرێگایەکی روون بۆ رێگرتن لەوەی قەیرانەکە وەک کڵۆی بەفر گەورەتر بێت.

ستیڤەن سیمۆن کە راوێژکاری باڵای کۆشکی سپی بووە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوراست لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٢ دەڵێت رەنگە هۆکارەکان سەرپێیانە وا دەرکەون کە زۆری تێجوونی جەنگەکان هۆکارێک بووبێت، کە دەبوایە لەسەرەتاوە باشتر رەچاوبکرابایە، یان مەسەلەی بۆمپی ئەتۆمی ئێران کە کاریگەری لەسەر دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکی هەبووە و خۆی لە خۆیدا ئەمریکای لە هێزە هاوپەیمانە کلاسیکییەکانی وەک سعودیە  دوورخستەوە، رەنگە ئەم سیاسەتەی ئۆباما خۆ دوورخستنەوە لە کێشەکان نەبوو بێت، ئەوەندەی دوورخستنەوەی هەرەشەکان لە ئەمریکا خۆی بووبێت . ستیڤن دەڵێت سەرباری ئەو هۆکارانە، ئەوەی زۆرتر کاریکردە سەر دارشتنی ئەو سیاسەتە ئەو شتانە نەبوون کە لە واشنتۆن روویان دەدا بەڵکو گۆرانگارییە ئابووری و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بوون کە ئەمەریکای ناچار دەکرد بەو شێوەیە رەفتار بکات. سیاسەت و تێروانینی حکومەتی ئۆباما هەر لە سەرەتاوە تێروانینێکی ئەمنییانە بووە، تەنانەت هەموو پەیوەندییەکانی لە سەر بنەمای ئەمنی دامەزراندووە، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیەت و گەشەسەندنی ئابووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە نەبووە، ئەمەریکا فریادەرس نییە، ئێمە لە سەرەتادا نەمان زانی چۆن کەیسەکەمان (دۆزەکەمان) بە باش لە مەیانی سیاسەتدا بفرۆشین! هۆکارەکان زۆرن.

پەیوەندییەکانی، لانی کەم، دوو دەیەی رابردوو لە نێوان ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەمنی بووە، بەڵام ئێستا ئەو سنوورەش تێدەپەرێنێت، ئیتر ئەمەریکا پێویستی بەو وڵاتانە نییە کە وەک وەکیل کاری بۆ بکەن، لە بەر بەرژەوەندییەکانی دیکەی، ئەمریکا ناچار دەبێت سازش بکات بۆ نموونە لە مەلەفی وزە کە وەک جارن لە برەودا نییە. لە لایەکی دیکەوە تەرکیزکردنی ئەمەریکا لە سەر مەسەلەی تێرۆریزم کە لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکی مانا و پێناسەی جیاوازی هەڵگرتووە لەسەر حسابی مەلەفە گرنگەکانی دیکە بووە وەك شەری ناوخۆی وڵاتەکان، ئەم کارە کەڵێنی لە سیاسەتی دەرەوەدا دروستکردووە. لە ئێستادا دەبێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا مەسەلەی تیرۆریزم تێپەرێنێت بۆ بیناکردنەوەی تواناکانی دەوڵەت ئەگەر بیەوێت لە پاش هێوربوونەوەی هەرەشەکانی تیرۆریزم لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە بۆ نموونە یارمەتی وڵاتانی ئۆردن و تونس بدات کە تارادەیەک سەقامگیری سیاسی هەیە، یارمەتی دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەکان بدات کە بێ بوونی ئەو یارمەتیییە هیچ کارێکی دیکە مانای نابێت، تەنانەت یارمەتیدانی بواری ئەمنیش ئامانجی خۆی ناپێکێت. کوردستانیش باشترین نموونە و مۆدێلە. کوردستان نە راستەخۆ چەک وەردەگرێت، نە پارە و یارمەتی وەردەگرێت، بەڵام بۆ پاراستتنی خۆی جگە لە شەری مەیدانی، راپۆرتی ئەمنی لۆکاڵی پێشکەش بە دەزگا ئەمنیەکانی ئەمەریکا دەکات. یارمەتی ئەمەریکا بۆ کوردستان دەبێت پێبنێتە قۆناغێکی فراوانترەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکی دەبێت بەر لە تەرویجکردن بۆ دیموکراسییەت، یارمەتی چارەسەرکردنی  ململانێکان بدات. پێویستە یارمەتی دامەزراندنەوەی دەزگا شەرعیەکانی کوردستان بدات لە رێگای رێکخراوە جۆراوجۆرەکانییەوە، بەداخەوە هەموو ئەو دەزگا ئەمریکیە سیاسییانەی کە لە ساڵانی رابردوودا لە کوردستان کاریان دەکرد، بەر لەوەی ئامانجی کارەکانیان تەواو بکەن لە چاو نوقاندنێکدا نەمان.

عەلی  خدێری، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٠ وەک یارمەتیدەری تایبەتی پێنچ باڵێۆزی ئەمەریکی لە عێراق کاریکردووە دەڵێت: "سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا دوو سیناریۆی لەبەردەمدایە: یان رێچکەی سەرۆکەکانی پێشوو دەگرێت و لەسەر بنەمایەکی ئایدیۆلۆژی مامەڵە لەگەڵ دۆزەکان دەکات، یان چالاکانە بەڵام بە حیکمەتانە چارەسەریان دەکات، بە بوونی یان نەبوونی واشنتۆن واقیعێکی نوێ لە خاکی مێسۆپۆتامیا سەریهەڵداوە" کەواتە باشترە بۆ ئەمەریکا وریایانە مامەڵە لەگەڵ هەموو ناوچەکانی  وڵاتە بکات و قبوڵی بکات، خۆ دوورگرتن لە کێشەکان، ژیانی ئەمەریکیەکان لە پریشکی ئاگرەکە ناپارێزێت.

خوێندراوەتەوە913