مەریوان وریا قانع

سەرەتایەکی نوێ؟‌

لەچەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک گۆڕانکاری گرنگ لەناو کایەی سیاسی کوردیدا دروستبووەو کۆمەڵێک پرۆسەی سیاسی ھاتوونەتەکایەوە، گەر بەردەوامبن‌و ڕێیان لێنەگیرێت، دەشێت دەرەنجامی بەسود‌و پۆزەتیڤیان لێبکەوێتەوە. ئەگەر کارەساتی سەرەکی دەیەی یەکەمی دوای ڕاپەڕین لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا دروستبوونی شەڕی ناوخۆ‌و دابەشبوونی کوردستان بێت بۆ دوو ئیمارەتی حیزبی لێکدابڕاوو سەربەخۆ، ئەوا کارەساتی گەورەی دەیەی یەکەمی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، دروستبوونی ”ڕێکەوتنی ستراتیژی“ نێوان یەکێتی‌و پارتی بوو. شەڕی ناوخۆ کوردستانی بۆ ”ئیمارەتی ھەولێر“‌و ”ئیمارەتی سلێمانی“ دابەشکرد، ”ڕێکەوتنی ستراتیژی”ش ھەم درێژەی بەو دوو ئیمارەتییەی ناو کوردستان خۆی بەخشی، ھەم دابەشکردنێکی نوێشی خستەپاڵی: دابەشکردنی کوردستان لەنێوان ھەولێر‌و سلێمانی‌و بەغدادا. ئەگەرچی بەندە نهێنییەکانی ”ڕێکەوتنی ستراتیژی“ بۆکەس ئاشکرا نییە، بەڵام ھەموو ئاماژەکان پێماندەڵێن جەوھەری ئەو ڕێکەوتنە بەخشینی دەسەڵاتە سەرەکی‌و بنەڕەتییەکانی کوردستانە بەپارتی، لەپێناوی بوونی تاڵەبانی لە بەغدادا بە سەرۆکی عێراق. ئەم دۆخە بە کردەوە لەکوردستاندا کۆتایی بە ھەموو کردە‌و ململانێیەکی سیاسی بەسەمەر ھێنا‌و وڵاتەکەی تووشی ئیفلیجبوونێکی سیاسی کوشندەکرد. بەم مانایە ”ڕێکەوتنی ستراتیژی“ درێژەدانە بەھەمان لۆژیکی شەڕی ناوخۆ، بەڵام لە ئاست‌و ڕووبەر‌و ساتەوەختێکی دیکەدا.

لەچەند ساڵی ڕابردوودا دوو گۆڕانکاری سەرەکی لە کوردستاندا ھاتنەکایەوە کە پێدەچێت ھاوکێشە سیاسییە باڵادەستەکان ھەڵوەشێنێتەوە‌و کۆمەڵێک سەرەتای نوێ دروستبکەن. ئەو دوو گۆڕانکارییەش بریتین لە دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان. دووھەم نەخۆشکەوتن‌و پەککەوتنی تاڵەبانی. دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن بەھەموو نووقسانییەکانیەوە کایەی سیاسی کوردی بەسەر گوتار‌و بکەر‌و ئەگەری سیاسی نوێدا کردەوە. پەککەوتنی تاڵەبانیش یەکێتی ڕزگارکرد، یان ئەگەری ڕزگارکردنی یەکێتی ھەیە، لەو دابەشکردنە ناھاوسەنگەی دەسەڵات لەنێوان خۆیان‌و پارتیدا. دابەشکردنێک بەکردەوە ھەموو بڕیارە گرنگ‌و گەورەکانی کوردستانی خستۆتە دەستی پارتییەوە‌و لەناو پارتیشدا ناودەستی خێزان‌و بنەماڵەی بارزانییەوە. بەبۆچوونی من ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەمی ئەگەری گۆڕانکاریدایە، ھەم پەیوەندییە سیاسییەکان‌و ھەم ئەو ھاوکێشانەی دەسەڵاتە کە ئامادەن. ئەو دۆخەی کە جاران ھەبوو ئەمڕۆکە بنەما بابەتییەکانی بوونی خۆی لەدەستداوە، ھەم لەڕێگای دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن‌و ھەم لەڕێگای کۆتاییھاتن بە ژیانی سیاسی تاڵەبانی لەبەغدا.

ئەم دۆخە تازەیە گەر بە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی‌و بە شێوەیەکی عەقڵانی مامەڵەی لەگەڵدابکرێت‌و ململانێکانی بە عەقڵیەتێکی کراوەوە ئیدارەبدرێت، دەشێت دەرەنجامی ئیجابی لێبکەوێتەوە. دەشێت سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ چاکسازی‌و بەرپاکردنی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە سیستمە سیاسییەکەی کوردستاندا. بەبۆچوونی من گۆڕانی سیاسی لە کوردستاندا دەروازەی ھەموو گۆڕانکارییەکی ترە، بەبێ گۆڕانی ”کایەی سیاسی“‌و لەوێوە گۆڕانی ”پەیوەندییەکای دەسەڵات“ لە کوردستاندا زەحمەتە ھیچ گۆڕانکارییەکی تر ئەنجامبدرێت. بەڵام گۆڕانی سیاسی مانای دروستبوونی خۆبەخۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی‌و فەرھەنگی‌و ڕەمزی نییە. ھاوکێشەکە لەکوردستاندا بەم شێوەیەیە: ”زەحمەتە لەھیچ ئاستێکی ژیانی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرھەنگیدا گۆڕانی ڕاستەقینە ڕووبدات گەر سەرەتا کایەی سیاسی نەگۆڕێت‌و شێوازی کارکردن‌و دابەشکردن‌و پەیوەندییەکانی دەسەڵات گۆڕانانیان بەسەردانەیەت“. پرۆسەی گۆڕانکاری لەدونیای ئێمەدا بە پرۆسەی گۆڕانی سیستمی سیاسی‌و پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەستپێدەکات، ئەم دووانە نەگۆڕێن، گۆڕانی کایەکانی تر‌و گۆڕانی ڕووبەرەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی‌و فەرھەنگی‌و ڕەمزی زۆر زەحمەتدەبن.

بێگومان دروستبوونی گۆڕان لەو ئاساتەنەدا ھەم براوەی دەبێت‌و ھەم دۆڕاو. براوەکان ئەو ھێزانەدەبن کە لە ئێستادا کەوتونەتە دەرەوەی بڕیاردانی سیاسی‌و دۆڕاوەکانیش ئەوانەدەبن کە ھەڵقە سەرەکییەکانی بڕیاردانی سیاسیان لەدەستدایە. بەحوکمی ئەوەی ئەو ھێزەی ئەمڕۆکە زۆربەی ھەرەزۆری دەزگا‌و پۆست‌و بڕیارە سیاسییە گرنگەکانی لەدەستدایە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە گۆڕانی ئەو دۆخەی باسمکرد پارتی دەکاتە دۆڕاوی ژمارە یەک لە کوردستاندا. ئەمەش لەبەرئەوە نییە پارتی قورسایی جەماوەری‌و ژمارەی ھەوادارەکانی لە کوردستاندا کەمتربووبێتەتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەیە ئەم ھێزە ھەر لەسەرەتاوە بڕ‌و ڕادەی ئەو دەسەڵاتەی بەدەستیھێناوە، ڕەنگدانەوەی قورسایی ڕاستەقینەی ئەو نییە لەناو نەخشەی سیاسی‌و واقیعی کۆمەڵایەتی کوردستاندا. دەسەڵاتی پارتی پەیوەندی بە قورسایی جەماوەری‌و ھێزی ئەم حیزبەوە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا نییە، بەڵکو دەرەنجامی ڕێکەوتنێکی تایبەتی دابەشکردنی دەسەڵات‌و دۆخێکی سیاسی تایبەتە کە ئەمڕۆ بەرەو ئەوەدەچن بوونیان نەمێنێت. پارتی لە پەرلەمانی کوردستاندا خاوەنی ٣٠ کورسییە، ئەمە ئەگەر مەسەلەی تەزویر‌و گزیکردنەکانی ھەڵبژاردنی بخەینەپاڵ، ئەوا ژمارەی ئەو کورسییانە بۆخوار لە ٣٠ کورسی دادەبەزێت. ئەمەش لە باشترین دۆخدا مانای ئەوەیە جەماوەری پارتی لە بیست‌و پێنج لەسەدی، ٢٥%، ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم تێپەڕناکات، کەچی لە بەرامبەر ئەمەدا پارتی نەک تەنھا سەرجەمی ھەڵقە گرنگەکانی دەسەڵاتی لەھەرێمدا لەژێر دەستی خۆیدا کۆکردۆتەوە، بەڵکو واش دەجوڵێتەوە وەک ئەوەی ھەم ھێزی سەرکردەی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان بن‌و ھەم سەرۆکەکەشیان سەرۆکی ھەموو کورد‌و ھەر چوار پارچەکەی کوردستان بێت.

مەسەلەکە لێرەدا تەنھا بەناھەق بەھێزبوونی پارتی لەناو ھاوکێشە سیاسییەکانی ھەرێمدا نییە، بەڵکو بەھێزبوونی ڕەھای دەسەڵاتی خێزانی بارزانیشە. یەکێک لەو شتانەی ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێمەی ترساندوە ئاوسانی دەسەڵاتی ئەم خێزانە سیاسییە‌و ئاوسانی دەسەڵاتی ئەو ھێزانەیە کە لەژێر ڕکێفی ئەم خێزانە سیاسییەدان. ئەم بەخێزانیکردنەی دەسەڵات لەناوچەکەدا، لەڕاستیدا لەزۆر شوێنی تری دونیادا، جگە لە کارەسات‌و ڕق‌و تەقینەوەی کۆمەڵایەتی گەورە ھیچ ئەنجامێکی تری لێنەکەوتۆتەوە. نموونە بەرچاوەکانی ئاوسانی دەسەڵاتی خێزان‌و بنەماڵە سیاسیەکان لەناوچەکەدا، نموونەی خێزانەکەی سەدام حوسەین‌و تکریتییەکان‌و خێزانەکەی موبارەک‌و قەزافی‌و بن عەلی‌و عەلی عەبدڵا ساڵح‌و لە ئایندەشدا خێزانەکەی بەشار ئەسەدە.

بەکورتی ئەوەی دەشێت لە ئەنجامی ململانێ تازەکانی ناو کایەی سیاسی لە کوردستاندا ڕووبدات سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەسەڵات بێت، بەڵام بەتێپەڕین بەناو کەمبوونەوەی دەسەڵاتی پارتیدا. ئەم کەمبوونەوەیە ھەم لایەنی باش‌و ھەم لایەنی خراپی ھەیە، لایەنە باشەکانی ئەوەیە ئەگەری کرانەوە‌و چاکسازی‌و بەدیموکراسیبوونی دەسەڵات لە کوردستاندا گەورەتردەکات، لایەنە خراپەکانیشی ئەوەیە پارتی ھیچ جۆرە دۆڕانێک قبووڵنەکات‌و کۆمەڵگای ئێمە ڕووبەڕووی ئەگەری شەڕی ناوخۆ بکاتەوە. شەڕی دەستور، شەڕی سیستمی سەرۆکایەتی یان پەرلەمانی، شەڕی دابەشکردنێکی ڕاستەقینەی دەسەڵات، سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەو ململانێ سیاسییە تازانەن کە ھاتوونەتەکایەوە. تێگەیشتنی پارتی لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی لە کوردستاندا‌و قبووڵکردنی ئەم قەبارەیە ھەنگاوێکی گرنگی دروستبوونێکی ھێمنانەی ئەو دۆخە تازەیەیە کە باسمکرد، تێنەگەیشتنیش لەم ڕاستییە دەشێت دەرگا لەسەر جەھەنەمێکی سیاسی بکاتەوە.


مەریوان وریا قانع

نووسەری گۆشەی ئەودیوی شتەکان له‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌

خوێندراوەتەوە1543