لاوک سەلاح

سەنگەرە کۆنە - نوێکان و هەر هەمان سەردەم‌


هەموو باوەڕمان وا نەبوو کە سەنگەرە کۆنەکان داڕمان و لە جێگەیان رۆژێکی دیکە هەڵهات بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتێکی دیکە بیانبکرێتەوە، هەموو چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد کە مێژوو تەواو خۆی نەک دووبارەناکاتەوە بەڵکو مرۆڤێکی دیکە و سەردەمێکی نوێ و دونیایەکی نوێ دێنێتە  ئاراوە کە بە توورەی ئاوڕ لە رابردوو دەداتەوە و نەفرەتی لێدەکات و بە موڵکی خۆی نازانێت و ئیتر سەردەمی پاوانکردن بە با دەسپێرێت. هەموو بڕوامان وا نەبوو کە داڕمانی سۆڤیەت و ڕاماڵینی دیواری بەرلین و کەوتنی دیکتاتۆرەکان و گۆرینی سیاستەکانی دەرەوەی وڵاتە زلهێزەکان نووسینەوەی مێژوویەکی نوێیە، هەموو وامان نەدەزانی کە تارمایەکانی رابردوو درزییان تێکەوتووە و چیتر سێبەرەکانی جەنگ و خوێن پانتاییەکانی ئاییندە لەوەندە زیاتر زەوت ناکەن و بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات. هەموو لە یادمانە هەر لە دایە گەورەوە کە نزا و دوعای دەکرد تەمەنی بخرێتە سەر تەمەنمان و لەوەندە زیاتر پەرتەوازە نەبین و ئەوەی ئەوان بینیان ئێمە نەیبینین و رەحم و لوتفی بەشەر زیاد بێت ویەکترمان زیاتر خۆش بووێت. نزاکانی چەند پارانەوە بۆ لێبوردەی بوون، ئەوندە پێشبینکردنی مەترسی گەورەتر بوون.

ئای کە خۆش باوەڕبووین کە واماندەزانی ئەم دونیاییە لە بەردەم وەچەرخانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورەدایە، ئەرێ متمانەمان بە تەکنەلۆژیا نەکرد بۆ ئەوی ژیانمان ئاسان بکاتەوە و خۆشگوزەرانی زیاترمان بۆ بێنێت؟ ئەرێ هەموومان وا تێنەدەگەیشتین کە بەربەریەت تەواو، گوزەشت، ئەرێ وا تێنەدەگەیشتین کە بەربەریەت بەرهەمی چەرخی دواکەتووە، لاپەریەکی رەشی مرۆڤایەتییە، ئەرێ شەرممان لە گێرانەوەی نەدەکرد؟ ئای کە ساویلکە بووین، بەڵی ساویلکە، ساویلکە لە بەردەم خوێندنەوەی مێژوو و درێژبوونەی نەهامەتییەکان و بینینەوەی خۆمان لەبەردەم ئاوێنە درۆزنەکاندا.

ئەگەر وانییە، ئەی ئەو رووداوە سەخت و ساختانەی ئێستا کە زیندوێتی بە مێژووی نالەبار و نەگریس دەدەنەوە چین، کە رۆحی دێوزمەیەکی بە بەردا چووە؟ تکایە باسی مۆدرێنە و بێگەربوونەوەی مرۆڤ و ساختمانە ئاوێنییەکانم بۆ مەکەن، باسی دوا گۆرانکارییەکانی تەکنەلۆژیام بۆ مەکەن، باسی جیهانگری و نزیکبوونەوەی میللەتان و زمانەکان و بڕینی کیشۆرەکانم بۆ مەکەن. باسی کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و چوار زائید یەکی خۆمانم بۆ مەکەن. باسی حیکایەتە پر درۆکانی ناو سیاسەتەم بۆ بکەن. باسی بەربەریەتی تەکنەلۆژیام بۆ بکەن، باسی هاتنی سوپای دەوڵەتانم بۆ ناو زێدی باو باپیرانم بۆ بکەن، باسی هەتیووی، ئا، هەتیوویم  بۆ بکەن کە نەوەک هەر لە مێژوودا بێکەس و بێ نوێنەر بووین بەڵکو لە ئەمرۆشدا و رەنگە لە سبەینێشدا هەر وابین.  باسی ئەو بەهایانەم بۆ بکەن کە لە تەنگانەدا هەبوون بەڵام سیاسییەکان سڕیانەوە. باسی بە ئابرووبردنی نیشتمان و پرۆسەکانیم بۆ بکەن کە بەناوی دیموکراسیەت و بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و سوێندە پیرۆزەکانی ئایینەوە کران. زۆرن باسەکان، لە ژماردن نایەن.

بۆمان دەرکەوت، بۆ هەموومان دەرکەوت، کە سەنگەرەکان هەرهەمان سەنگەرەکانی مێژوون، رەنگە لە بەرگێکی دیکەدابن، بەڵام ئەکتەرەکان هەر خۆیانن کە هەمان سەردەم دەگێرنەوە. ئێمەش لە نێوان بەرداشەکاندا، سەرقاڵی دادگایکردنی وەهمی و سڕینەوەی قێزەوەن و ناشرینکردنی شتە جوانەکانی خۆمانین و درۆ دەسەپێنین، نەوەکانمان لەسەر درۆ رادەهێنین و پەروەردەیان دەکەین، پێچەوانەی سروودەکانی بێکەس و قانع و زێوەر و پیرەمێردی مەزن ئاراستەی رەشەبایان دەکەین، بەداخەوە مێژوو مۆزەخانەیەک نەبوو لاپەرەکانی تەپوتۆزی لەسەر نیشتبێت بەڵکو هەمیشە دێوزمەیە خەیاڵی هەموومان بە ئاگایی یان بێ ئاگایی بەڕێوە دەبات، هەموو لەبەردەمیدا بێ دەستەڵاتانە چۆک دەدەین.  

بەڵام با رێ لە تۆفانێکی دیکە بگرین، با بۆ یەک جاریش بێت خەون بە پێچەوانەی باوەوە ببینین  بۆ ئەوەی سەنگەرە کلاسیکییەکان و سەردەمە ژەنگ گرتووەکان لە دایک نەبنەوە.

خوێندراوەتەوە807