لاوک سەلاح

سەرۆکی پێشووی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان، دوو وێنە لەبەردەم ئاوێنەی دونیادا‌


دوو سەرۆک، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمان، دوو سەفەر بۆ دوو جوگرافیای جیاواز، دوو پەیامی سیاسی جیاواز، دوو مۆدێلی سیاسی جیاواز، دوو مێژووی سیاسی جیاواز، دوو دەزگای یاسایی جیاواز. یەکەم ئاوڕ لە رابردوو دەداتەوە و مامەڵە لەگەڵ مێژوودا وەک خۆی دەکات، دووەم دەڕوانێتە ئاییندە بە هەموو تەحەداکان و ئاستەنگەکانی دارشتنی خەوێکی نیشتمانی، بەڵام یەک نیشتمان، یەک بەستەڵەکی مێژووی، یەک چارەنووس خراپ یان باش، گەمارۆدراو بە یەک هەرەشەی سەخت و تارمای یەک دوژمن و یەک چەتر هەموو جیاوازیەکان و ناکۆکییەکان دەگرێتە خۆی.

دوو سەفەر، بۆ دەرەوەی بازنە داخراوەکانی ململانێی سیاسەتی کوردی، کە ئەوەندەی رەنگدانەوەی کەلتوورێکی لۆکەڵە، ئەوەندە گوزارشت لەو پێورە نێودەوڵەتی و دیبلۆماسیانە ناکات کە لە دونیادا باوە و لە سیاسەتدا پیادە دەکرێن. لەم دۆخەدا، خۆناساندن بۆ دونیای دەرەوە بۆ کامیان سەخترە، بڵێی سەرۆکی هەرێمم یان بڵێی سەرۆکی پەرلەمانم، کێ دەتوانیت ئەو شەرعیەتە بدات؟ من، تۆ، ئەوان یان کەسمان. من دەڵێم کەسمان لەبەرئەوەی دەبێت ئەو کێشەیە بەهۆی سیستمێک و یاسایەکی دەستەجەمعییەوە ساغ بێتەوە و شەرعیەت بەرجەستە بێت. کامیان رەنگدانەوەی تارمایی ئەو سیستمەن؟ سەرۆکایەتی هەرێم یان سەرۆکایەتی پەرلەمان. کامیان یاسای سروشتی بەسەردا دەسەپێنرێت؟ وەڵام بۆ ویژدانی ئێوە بەجێ دەهێڵم.

لەم دوو سەفەرەدا، ئەوان خۆیان چۆن نمایش دەکەن؟ دەیانەوێت چۆن ببینرێن؟ ئەی دەرەوە خۆی چۆن وێنایەن دەکەن؟  ئەمان دەیانەوێت چۆن وێنا بکرێن؟ هەردوو لا، لە بەردەم ئاوێنەی دەرەوەدا خۆیان چۆن دەبیننەوە؟ کامیان لە دۆخی ئێستای هەرێم نزیکترە و بەرجەستەترە و پەیوەسترە؟ کامیان عەکسی راستەقینەی دۆخی ئێمەن؟ بەداخەوە، هەردوو سەفەرەکە چەندان تەفسیر و لێکدانەوەی حیزبی و کەلتووری لە خۆگرت بەڵام بە دەگمەن لە جەوهەر و پەیام و شێوازی مامەڵەکردنی سەفەرەکان نزیکبۆوە. رەنگە نەبوونی زانیاری تەواو سەبارەت بە مەبەست و ئامانجی سەفەرەکان هۆکاری سەرەکی بێت. سەرۆکی پێشوی هەرێم، بەداخەوە، با بابەتییانە و یاسایانە قسە بکەین، لە سەفەرەکەیدا تەنها نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەو راوێژی بە کەس نەکردووە، نە بە حیزبەکان، نە بە پەرلەمانێکی ئیفلیجکراو، نە بە هیچ دامەزراوەیەکی نیشتمان، ئەگەر بوونی هەبێت! سەرۆکی هەرێم تەنها و تەنها تەفویزی لەلایەن پارتەکەی خۆیەوە وەرگرتووە، بەرامبەر ئەمە، راستە، سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن گروپێکی چەپەوە لە یەکێتی ئەوروپا بانگهێشت و پێشوازی لێکراوە و سەفەرەکەی لە ئاستی سەرۆکی پێشوی هەرێمدا نییە، بەڵام پەیامی کام سەفەریان بۆ هاوڵاتی روونترە؟ دوور لە شیکردنەوە و راڤەکردنی فانتازیایانە، چاوەڕوانی کامیان دەکەیت کە هاتەوە بۆ وڵات بۆمان بدوێت و راستگۆیانە سەبارەت بە سەفەرەکە قسە بکات و دڵنیا بین دواتر رووداوێک روونادات شۆکمان بکات.

بەڵام، دواجار، هەردووکیان بۆ یەک هەرێم دەگەرێنەوە، ئەو هەرێمەی کە پانتاییان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی لەگەڵ یەک بژین وەک سەرۆکی دوو دامەزراوەی یاسایی، ئەوەندی یاسا وەک یاسا دەستەڵاتت پێ دەبەخشێت نوێنەرایەتی هاوڵاتی بکەیت.

 تۆ بڵێی ئەو ئاوێنەیەی دەرەوە ئاستی تێگەیشتن بۆ ململانێکیان فراون بکات؟ کێ توانای ئەوەی هەیە لە خودی خۆی تێپەرێت و مافی تەواو بە پارسەنگ گرتنی هەردوو ئاستی ناوەوە و دەرەوە بدات؟ كێ دەبێت ماڵی کورد بینابکاتەوە، کێ دەبێت گەرەنتی بۆ پرۆسەی سیاسی بگەرێنێتەوە، ئەگەر نییەت هەبێت. ئایا خەیاڵ پڵاوین ئەگەر چاوڕوانی ئەوە بکەین؟  كی دەبێت ئەم دەستپێشخەرییە بکات؛ بێگومان سەرۆکی پێشووی هەرێم ، نەوەک سەرۆکی پەرلەمان!

هەر کەسێک توانای بەرجەستەکردنی ئیرادەی دەستەجەمعی هەبێت، مافی سەرکردایەتیکردن و نوێنەرایەتیکردن و سەفەرکردنی بە ناوی کوردەوە هەیە.

خوێندراوەتەوە2054