ته‌ها سۆڵه‌یی

پیشه‌سازی تیرۆر‌


( داعش) كورتكراوه‌ى (الدولة الاسلامية في العراق و الشام ) واته‌ (ده‌وڵه‌تى ئيسلاميى له‌ عيراق و شام ) ، (ماعش)يش (ميليشيات ايرانية عراقية شيعية ) یه‌عنی (ميليشياتى عێراقى ئێرانى شيعی ) ....

( داعش) و (ماعش ) دوو رووى يه‌ك دراون ...له‌ گيرفانى يه‌ك كه‌سيشه‌وه‌ خه‌رجييه‌كانيان دابينده‌كرێت ، كه‌ ئه‌ويش ماليكيه‌ ...ئێران پشتیوانی ئه‌کات و تاراده‌يه‌كى زۆريش ئه‌جێنداى پاوانخوازيى كه‌سرا عه‌مامه‌ به‌سه‌ره‌کان و سه‌ر رووته‌ بێ بۆيبنباخه‌كانى ئه‌وان جێبه‌جێده‌که‌ن ؛ له‌ تارانه‌وه ‌بۆ به‌غداد و ديمه‌شق و به‌يروت و صه‌نعا و له‌وێشه‌وه‌ بۆ مه‌نامه‌ و نه‌جديش وا به‌ڕێوه‌یه‌ ..

( داعش) و (ماعش ) بۆ خۆرئاوا و هێزه‌ ئيقليمييه‌كانيش (بازاڕیابی ؛ مارکێتین )ئه‌نجامئه‌ده‌ن بۆ چه‌ک و پترۆڵ و شوێنه‌وار.. بازرگانی ئه‌که‌ن به‌ مناڵ و ژنه‌وه‌ ...

له‌سایه‌ی عه‌وله‌مه‌دا ؛ مرۆڤه ‌جاهیله موقه‌ده‌سه‌ هاوچه‌رخه‌کان سه‌رده‌مى ئه‌و كۆيلايه‌تییه‌ی له‌ يۆنان و جزيره‌ى عه‌ره‌ب دا هه‌بوو زيندوويان كردۆته‌وه‌...کۆنگره‌ی بۆ ده‌گرن ، بوودجه‌ى بۆ كۆده‌که‌نه‌وه‌ ، ليستى تيرۆر درووست ئه‌كه‌ن ، خه‌ڵك و جه‌ماعه‌ت و تاك و حكومه‌ت ئه‌خرێنه‌ ليستى تيرۆره‌وه‌ ، كه‌ ويستيشيان به‌ يه‌ک ڤيتۆى ئه‌نجومه‌نى ئاساييش له‌تيرۆر ده‌رئه‌هێنرێن ؛ وا پاك ده‌بنه‌وه‌ هه‌روه‌کو ( يوحه‌نناى مه‌عمه‌دان ) ...

ئيتر ئه‌مه‌ فه‌لسه‌فه‌ى بازاڕ دۆزينه‌وه‌ی هاوچه‌رخه‌ .. ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ پیشه‌سازی سه‌رده‌م به‌ناوى شه‌ڕی تيرۆره‌وه‌ ، بۆ فرۆشتنی فيشه‌كه‌ ژه‌نگاوییه‌كانيان زۆر به‌گران و به‌تاڵانبردنى پیترۆڵه‌ نازداره‌کانمان نه‌ک به ‌به‌لاش، نه‌ک که‌م قیمه‌ت ، هه‌ر به‌تاڵان....

هه‌موو جيهان چۆن چاويان نوقاند له حه‌نای صه‌داما ، ئێستاش کوێراييان داهاتووه‌ له‌ئاستى به‌شاردا .. ئێرانى صه‌فه‌وى و عێراقى شيعى ، داعشيان دروستكرد بۆ يارمه‌تيدانى سورياى به‌عسى نوصه‌يرى.. به‌ڵام ئاگره‌ سووره‌ پريشكى گه‌يشته‌ پايته‌ختى رۆشنايى و ئه‌وروپاى خستۆته‌ لێوه‌ له‌رزه‌ ..
هه‌ر ماليكى بوو له‌ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێكدا فه‌رمانى دا به‌ چوار فيرقه‌ى عێراقى كه‌ موصڵ به‌جێبهێڵن....دزى و فه‌رهوود و چه‌پاو و جينايه‌ت نه‌ما نه‌يكه‌ن ، بۆ؟ بۆ سڕينه‌وه‌ی تاوانه‌ گه‌وره‌كانى حوكمى 12 ساڵه‌ى شيعه‌ له‌ عێراقدا دژ به‌ئه‌هلى سووننه‌ ...

سووننه‌ بۆ ؟ گوايا سوننه‌ هه‌موويان به‌عسى بوون..؟! له‌ كاتێكدا ژماره‌ى به‌عسى موجريمى شيعه‌ له‌ عێراقدا زۆرتر بوون ...زۆرینه‌ی شیعه‌ و سوننه‌ی عێراق ئه‌و کاته‌یش رووی یه‌ک پاره‌ی قه‌ڵب بوون ؛ ئێستا قه‌ڵب تر... ئه‌و كاته‌ ئه‌يانووت ( لبيك يا صدام ) ؛ ئێستاش ئه‌ڵێن ( لبيك يا حسين)..

ئينجا ‌ په‌رده‌یه‌کی تر هه‌ڵدرايه‌وه له‌سه‌ر شانۆ سه‌قه‌ته‌كه‌يان ، ئه‌ويش به‌فه‌شه‌ل هێنان به‌ سوپاى عێراقيى ، گوايا هه‌ڵدێن و ئه‌ترسن و لياقه‌تى شه‌ڕيان نييه‌ ، بۆئه‌وه‌ی ( ئێران ئاسا) ، سوپايه‌كى تايبه‌تى دروست بكه‌ن ، پڕچه‌ك و عه‌قيده‌تى وه‌كو ( پاسداران ) ..به‌ڵام لێره‌ له‌ عێراقدا كه‌ ( ئوستان) ێكى شپرزه‌ى ئێرانه‌ ، ناويان ناوه‌ ( حه‌شدى شه‌عبى ) ..

گه‌وره‌ترين پشتيوان بۆ حه‌شدى شه‌عبى (موباره‌که‌ی مه‌رجه‌عيه‌تى نه‌جه‌ف و به‌ڕه‌سمى ناساندنيانه‌ له‌ حكومه‌تى عێراقيدا ) ... داعشى سووننی چى زيانێكى ماددى و مه‌عنه‌ويى و كوشتو بڕێكى ئه‌نجامداوه‌ له‌ دژى شيعه‌كان ؟ ئايا ( موصڵ و تكريت و رومادى و فه‌لوجه‌ ) ، شارى شيعه‌نشينن وا داگيريان كردن ؟ نه‌بى يونس و دانيال و مناره‌ى حه‌دبا و شوێنه‌واره‌ وێرانكراوه‌كانى ده‌ستى داعشى سوونه‌ مه‌زهه‌ب ( عه‌ته‌باتى موقه‌ده‌سه‌ى شيعه‌) ن؟ يان ته‌واوكارى ئيشێكى موخابه‌راتى نێوده‌وڵه‌تيى قێزه‌ونن ...؟

لاى من ( سته‌م هه‌ر سته‌مه‌) ...تيرۆر و تيرۆريستان نه ئاينيان هه‌یه‌ و نه‌ ئاينزا‌...

من رقم له‌ زوڵمه‌ چونكه‌ خوا زاڵمانى خۆش ناوێت ....من نه ‌ڕقم له ‌عه‌ره‌به ‌نه‌ له ‌مه‌زهه‌به‌کانیشیان ؛ ئه‌وان ئازادن ؛ باسه‌که‌ش ته‌نها شیکارێکه ‌و هیچیتر.

ئه‌گه‌ر تاقه‌تى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه‌ت هه‌يه‌ ، وا باشه‌ موزايه‌ده‌ى كوردايه‌تى نه‌كه‌يت ، چونكه‌ له‌سه‌رده‌مى صه‌دداميشدا خراپترين دوژمنى كورد هه‌ر كورد بووه‌ ....

مه‌ترسى من سه‌رهه‌ڵدانى شه‌ڕی ( مه‌زهه‌بى ) يه‌ ، كه ‌وه‌كو ره‌گى گوليى وايه‌ و لێمان نابێته‌وه‌ ... شه‌ڕی ئيسلاميى و صه‌ليبى له‌ دونيادا ، شه‌ڕى مه‌زهه‌بى له‌ ده‌وروبه‌رماندا ...جاران به‌هۆى ناکۆکی كورد و عه‌ره‌به‌وه‌ به‌شێكى زۆرى كوردستان دابڕابوون لێمان و مادده‌ى صه‌د و چل هيچى بۆ نه‌كردين ، واى بۆ ئێستا كێشه‌ی مه‌زهه‌بيش بێته‌ بانى ؟

والله بابه‌ هه‌موو ره‌نگێکمان كردووه‌ به‌س نارنجييكه‌ى ماوه‌ ...

ئه‌وه‌ شه‌ڕى مه‌زهه‌بيه‌ عێراقى وا شێواندووه‌ به‌ په‌نجا ساڵيى تر نابێته‌وه‌ به‌و عێراقه‌ى ئه‌مريكا داگيرى كرد و ته‌سليمى ئێرانى كرد ....

عه‌ره‌ب هاو زمان و هاو مێژوو و هاوشارى يه‌كترى بوون ، ژن و ژنخوازى و به‌رژه‌وند‌ى هاوبه‌شيان هه‌بوو ، وا له‌سه‌ر عومه‌ر و عه‌لی بوونه‌ته‌ دووژمنى خوێنه‌خۆرى يه‌كترى ، جا وه‌ره‌ كورد كه‌ زمان و مه‌زهه‌ب و مێژوو و تاڕاده‌يه‌ك جوگرافياشمان جيايه‌ ئه‌بێت چی كاره‌ساتێك بقه‌ومێنێ ..؟

راستيه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌م به‌لاوه‌ ناخۆش بوو كه‌ له‌ ديمه‌نێكى (ڤیديۆييدا )بينيم ، حه‌شدی شیعی له ‌خورماتوو ماڵه‌ كوردێك ئه‌ته‌قێننه‌وه ‌و هاواريش ئه‌که‌ن ( له‌ببه‌يكه يا زه‌ينه‌ب ) ..ئه‌مه‌ به‌ناخێرى گيانيان هاوسه‌نگه‌ريان بووين له‌دژی داعش....

ئه‌م عێراقه‌ دوابڕاوه‌ هه‌ر فێربووه‌ به‌ ( جه‌يشى شه‌عبى ) و ( فيدائيى صدام ) و(مه‌فره‌زه‌ خاصه )‌ و ( جه‌حافیلی خه‌فیفه) ؛ وا ئێستاش (عه‌صائیبی ئه‌هلی حه‌ق) و(خوشکانی زه‌ینه‌ب) و( به‌در) و (سووپای مه‌هدی) ؛ تازه‌ترین ڤێرژنی ڕزیوویان (حه‌شدى شه‌عبى ) یه‌، جا خۆ ( شه‌عبى )يش نييه‌ (شيعييه‌) ، بۆ ئه‌وه‌ی چاوبه‌ست بكه‌ن و بڵێن ( سووپاى به‌رگرى مييلین) ، ( شه‌عبين ) ...

خوایه‌ تۆ فرياى ئێمه‌ى كورد بكه‌وه‌ ، چوونكه‌ به‌شى خۆمانمان به ‌زیاوه ‌چه‌شتووه ‌له ‌تاڵاوی ئێران وتوران و سايكس و بيكۆ و لۆزان و چاڵدێران وهه‌ڵه‌بجه‌ و شنگال و خاوه‌ر و ئایلان.

شه‌ڕی ته‌واو نه‌بووى رقاوى مه‌زهه‌بى و تائيفيمان لێ لاده...

کورد و كوردستانمان ئامێزى فراوان بووه‌ بۆ هه‌موو ئاينه‌كان ، بۆ عيلمانى و ئيسلامييه‌كان ، بۆ نه‌قشى و قادرييه‌كان ، بۆ يارسان و ديانه‌كان ....
ئێستاش لوتفتان بفه‌رموون بمانپارێزه‌ له‌ داعش و ماعشه‌كان.....
ئامين...



*********
تــــــاهـــــا سۆڵه‌يى
شاری شێخ مه‌حمودی حه‌فیدزاده‌ى مه‌لیکی کوردستان.
دووسه‌دو سى و يه‌ك ساڵ دواى دروستكردنى دارولمولكى بابان .

خوێندراوەتەوە752