عه‌دنان عوسمان

ئایا پارتی تەنیایە؟‌


پرسیاری سەرەکی کە کەمترین قسەی لەسەر دەکرێت و هێشتا بێ وەڵامە، پەیوەست بە کودەتاکەی پارتی بەسەر پەرلەمان و کابینەی هەشتدا، ئەوەیە کە ئایا ئەمە بە تەنها بڕیاری پارتییە؟ ئایا پێشتر هیچ یەکێک لە لایەنە هاوبەشەکانی کابینەکەو بە تایبەتتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە شەریکی سەرەکی پارتییە لە ئیدارەدانی حکومەتدا، ئاگادار نەکردبوەوە لەو پلان و نییەتەی بەرامبەر گۆڕان؟ چۆن دەبێت رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بکرێت بێ گفتوگۆی پێشوەخت لەگەڵ لایەنەکانی تری هاوبەش لە پەرلەماندا؟ ئەی بە چ پێوەرێک مەکتەبی سیاسی حزبێک چوار وەزیری گرنگی لایەنێک دەنێرێتە ماڵەوە بەبێ رەزامەندی جێگری سەرۆک وەزیران و ئەندامانی کابینەکە؟ لە رۆژی ئەو هەنگاوەی پارتییەوە تا ئێستا بۆ بەرپرسە باڵاکانی لایەنەکانی تر بێدەنگن؟ بێدەنگ بە مانای هەڵوێست و پەرچەکردار لە ئاست ئەو هەنگاوە مەترسیدارەی پارتیدا؟ ئەی هەلوێستی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئاست ئەم پرسەدا چیە بە تایبەت کە ئەوان رۆژانە پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەدا هەبوو؟ چۆن ناردنە ماڵەوەی وەزیری پێشمەرگە کە هێزەکانی لەشەڕی دەستەویەخەدان لەگەڵ داعشدا،بۆیان رونکراوەتەوەو بە پێی چ پێوەرێک؟؟

ئەمە پرسیارە سەرەکیەکەیە کە کەمترین بواری فەزای سیاسی و راگەیاندنی ئێمەی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. رۆڵی یەکێتی و دوو لایەنەکەیتر( کۆمەل و یەکگرتوو) وە رۆڵی ئەمریکا و ئەوروپیەکانی هاوپەیمانی لەم پرۆسەیەدا گرگترین دیوی پرسەکەیە.

قسەی من لێرەدا لەسەر کاردانەوەی ئێستایان نییە. حەتمەن ئەوە بایەخی خۆی هەیەو دەبێت قسەی زۆری لەسەر بکرێت. بەڵام دیارە هەڵوێستی ئێستایان جا سلبی بێت یا ئیجابی ئەوا رەنگدانەوەی هەڵوێستی سەرەتایانە لەم پرسەدا. لێرەدا دەمەوێت قسە لەسەر هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەم کێشەیە بکەم نەک ئێستای. واتە رۆڵی ئەو دوو جەمسەرە لەم قیرانەدا چی بوو؟پرسیارە ئەسڵیەکەش ئەوەیە کە ئایا ئەمەی کە کراو روی دا بە پرس و راوێژ و ئاگادارکردنەوەی ئەو دوو لایەنە بوو وەیا بڕیارێکی لە پڕی پارتیە بێ راوێژ و ئاگادارکردنەوەی هیچ لایەنێک؟

بەرای من وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە وەیا لانی کەم قسەکردن لەسەر رەهەندەکانی ئەو پرسیارە بایەخێکی زۆری هەیە بۆ ئێستاو داهاتوی کێشەکە. لەوێشەوە دەتوانین سەیری هەڵوێستی لایەنەکان و ئاکامی ململانێکەش بکەین.

رۆڵێ یەکێتی
یەکێتی درێژترین ماوەی ململانێی خوێناوی لەگەڵ پارتیدا هەیە، ئەوەش هۆکارێکی گەورەیە بۆ لاوازی ئاستی متمانە لە نێوان ئەو دوو حزبەدا. دابەش بونی کوردستان بەسەر ناوچەی نفوزی ئەم دوو حزبە یەکێکە لە مەترسیدارترین هەنگاوەکان بۆ ئایندەی کاری سیاسی و دامەزراوەیی و سەربەخۆیی کوردستان.

ئەو بێمتمانەیی و ململانێ ساردەی کە سەرباری پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی هاوبەشیش نەتوانرا لە ئاسەوارەکانی کەمبکرێتەوە، هۆکارێکی سەرەکیە بۆ یەکنەگرتنەوەی پێشمەرگەو ئاسایش و دارایی و زۆر بواری تری هەرێم. بە رونیش دیارە کە ئەم دوو حزبە بۆ زیاد لە دە ساڵی کاری هاوبەشیان بەڵام هیچ پلانێکی جدییان بۆ یەکخستنەوەی ئیدارەو دامودەزگا هەستیارەکان نەبووەو کاریان لەسەر نەکردووە. بۆیە بەردەوام حکومەتە هاوبەشەکانیان زۆرتر لەسەر ئاستی باڵادا بووە و دابەشکردنی پۆستە باڵاکان بوەو شۆڕ نەبۆتەوە بۆ دامودەزگا گرنگ و کاریگەرەکان. باڵا دەستی هەردوو حزب بەسەر ناوچەی خۆیاندا سەرباری یەکخستنەوەی پەرلەمان و کابینەی حکومەت، تا ئاستێکی زۆر وەک خۆی مایەوە.

هاتنی گۆڕان بۆ سەر گۆرەپانی سیاسەتی کوردی کە بەدیوێکیدا داماڵینی بەشێکی بەرجەستەی پەیکەری یەکێتی بوو، نەیتوانی هاوکێشەکە لەسەر ئاستی گشتیدا بگۆڕێت. واتە کاریگەری گۆڕان زۆرتر لەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و ململانێکانیشی هەر لەگەڵ ئەو حزبەدا توندتر بوو. لە دیوی پارتیشدا پەل و پۆی خۆی کێشابوو بەڵام ئەو کاریگەریە گەورەیەی لەسەر سیستەمی دەسەڵات لەو ناوچەیەدا دانەنا. بە دەرکەوتنی گۆڕان و بونی بە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاراو کاریگەر و پڕ جەماوەر، روخساری ململانێکان لە کوردستان وەرچەرخانی گەورەی بەسەردا هات و روی لایەنەکان کە پێشتر لەیەکتر بوو وەرچەرخا بەرەو گۆڕان. ململانێی گۆڕان- یەکێتی تا ئاستێکی زۆر رۆڵێکی بەرچاوی لەسەر ململانێ و پەیوەندیەکانی: یەکێتی- پارتی و پارتی- گۆڕان دانابوو.

بۆیە ناکرێت ئاسەواری ئەو ململانێ توندانە نادیدە بگیرێت لە کاتی قسەکردن لەسەر ئەم قەیرانەی ئێستا کە تا ئاستێکی زۆر درێژکراوەی ساڵانێکی دورودرێژی ئیدارەدانی کوردستانە لە لایەن ئەو عەقڵییەتانەوە بە تایبەت لە دیوی پارتیدا کە هەمیشە بە نەفەسی حزبی قائیدو برا گەورەو رابەری بێئەملاو ئەولای کۆمەڵگا کاری کردوە.

گۆڕان، بەو گوتارە جیاوازەی لە پرێکدا بوو بە شەریکە بەشی ئەو دوو حزبەو رکابەری دەکردن لە دەسەلاتدارێتیدا. بەشداری پێکردنی گۆڕان لە دەسەڵاتدا ناچاری و لە پێناو لە قاوغدانیدا بوو. هەوڵێک بوو بۆ بەتاڵکردنی سیحرەکانی بۆ جەماوەرەکەی و گیرۆدەکردنی بە کێشە کەڵەکەبووەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا کە نوقمی قەیرانی سەختی بێچارەیە. دەستبڵاوی پارتی لە ئاست پۆستەکانی گۆڕاندا هەرچەندە بە دیوێکیدا رەنگدانەوەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەوەو ناکرێ وەک مەکرومە سەیر بکرێت، بەڵام بەدیوەکەیتریشدا ناتوانین نییەتی راستەقینەی پارتی نادیدە بگرین کە هیچ کات ئیستحقاقی هەڵبژاردنی زۆر لا مەبەست نەبووە. بۆیە هەوڵدان بۆ بەشداری پێکردنی گۆڕان لە هەڵگرتنی قورسایی کێشە کەڵەکەبوەکاندا هۆکاری سەرەکی ئەو دەستبڵاوییەیە. ناشکرێ ئەوە لە بیری خۆمان ببەینەوە کەبەشی زۆری موجامەلاتی پارتی پەیوەستبوو بە خۆشەکردنی لایەنەکان بۆ رازی بوون بە درێژکردنەوە و مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستەکەیدا بۆ کاتێکی نادیار.

لەم نێوەدا، کاتێک چوار لایەن، پێکەوە پرۆژەیەک ئامادە ئەکەن بۆ کێشەی سەرۆکایەتی و داوای گۆڕانکاری ریشەیی لەو مەسەلەیەدا دەکەن و پێکەوەش بەرانبەر پارتی دائەنیشن و گفتوگۆ ئەکەن و گوتارێکی هاوبەشیان هەیە، ئەمە بۆ پارتی زەنگێکی مەترسیدار دەبێت و بەردەوام لە هەوڵی بەدەستخستنی دەرفەت دەبێت بۆ تێکدانی ئەم کەش و هەوایە. خۆپیشاندانەکانی چەند شارێکی زۆنی سەوزی جاران و بەردبارانکردنی بەشێک لە بارەگاکانی پارتی( کە بە هیچ جۆرێک دوور نییە بەشێک نەبێت لە سیناریۆی خودی پارتی یا هەندێک ناوەندی بڕیاردان لە نێو پارتیدا) ئەمە ئەو دەرفەتە زێڕینە بوو کە خرایە دەستی پارتی. ئەو پێشتر لە هەوڵێکی بێوچاندا بوو بۆ نابوتکردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵامدەبوایە ئەو مەسەلەیە بەلایەکدا بخرێت. بۆیە پارتی بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک، لە کاتێکدا کە زۆرینەی دامودەزگا ئەمنیەکان بەدەستی گۆڕانەوە نییە، بڕیاریدا کە ئەوە گۆڕانە لە پشتی ئەو خشونەتانەوەو گۆڕان پلانی مەترسیدارتری هەیە دژ بە پارتی. کە دیارە ئەوە مەسخەرەیەکی گەورەیە هێزێکی پڕ لە چەک و چەکدار باس لە مەترسی هێزێکی بێچەکی مەدەنی بکات.

یەکێتی شەریکە بەشی سەرەکیە لە کابینەکەدا، پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران بەر یەکێتی کەوتوە. وەک دەزانین بە گوێرەی کەلتوری دەسەلاتدارێتی لە کوردستاندا، ئەنجومەنی وەزیران لە نێوان دوو لایەندا دابەشدەکرا. ئەمجارەش کە بڕیاردرا سەرۆکی وەزیران تەنها یەک جێگری هەبێت هەر بۆ بەردەوامیدان بوو بەو پرەنسیپە. بۆیە جێگری سەرۆکی وەزیران هاوبەشی فعلی سەرۆک وەزیرانە لە دەسەڵاتەکانیدا. بە گوێرەی یاساش سەرجەم بڕیارە گرنگەکان لە لایەن ئەنجومەنەوە بە شێوەی هاوبەش دەدریت و رێگە بە سەرۆک وەزیران نەدراوە بڕیاری تاکڕەوانە دەربکات. بۆیە زۆر سەخت ئەبێت باوەڕ بەوە بێنین کە ئەم هەنگاوەی پارتی بێ هیچ گفتوگۆیەکی پێشەوەخت بوبێت لەگەڵ هەندێک ناوەندی یەکێتیدا. بە تایبەت ماوەیەکە باس لە ئەگەری پێدانی پۆستی سەرۆک وەزیران بە یەکێتی بەرامبەر هێشتنەوەی مەسعود بارازانی لە پۆستەکەیدا دەکرێت.  بێدەنگی جێگری سەرۆک وەزیران لەسەر دەرکردنی چوار وەزیر لەو کابینەیەی ئەویش شەریکە بەشە  تێدا، ئەو گومانە خەستتر دەکات. چونکە گەر جێگر ئاگای لەو هەنگاوانە نییە  ناکرێت ئاوا بێدەنگ بێت و بەو کارە نایاساییە رازی بێت  و وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی و گوێڕایەڵی سەرۆک وەزیران کار بکات. خۆ دەتوانێت لانی کەم ئەندامێتی خۆی لە کابینەکە تەعلیق بکات تا کۆتایی هاتنی ئەم قەیرانە.

 کە ئەمە ناکات و دژ بەو هەنگاوە نا شەرعییەی پارتی هەنگاوێک نانێت و قسەیەک ناکات، ئەوە دەمانخاتە سەر ئەو باوەڕەی جێگر و بەشێک لە حزبەکەی ئەو هەنگاوانە بە ناشەرعی و نایاسایی نازانن و بە جۆڕیک لە جۆڕەکان دڵخۆشن بەو هەنگاوانە. نەبونی هیچ کاردانەوەیەکی جدی و کرداریی لە لایەن یەکێتیەوە بۆ ئەم هەنگاوە مەترسیدارەی پارتی بە دیوێکدا پێمان دەلێت یەکێتی ئەمە نە بەمەترسی دەزانیت و نە بەکودەتا و نەبەکارێکی ناشەرعی، بە دیوی تریشدا گەڕانەوەی یەکیتی دەبێت بۆ نێو فەلەکی پارتی و رازی بون بەقەدەری ئەوەی پارتی باڵادەست و حزبی قائید بێت و بارزانیش حاکمی بێهاوتای کوردستان بێت.

ئەم ناهەڵوێستیە گومانی ئەوەی کە پرس و رایەکی پێشوەخت لە نێوان بەشێک لە سەرکردەکانی یەکیتی و پارتیدا هەبوبێت بەهێزتر دەکات. ئەگەر ئەم تۆمەتە یەکلا نەبێتەوە، ئەوا ئیتر دەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەو بەشەی یەکێتی بەشدارن لەو هەنگاوانەی پارتی و بەشێکن لە سەرخستنی پلانەکە.

دەکڕێت لە بوارێکی تردا قسەی ورد لەسەر رۆڵی ئەمریکا لەم پرسەدا بکرێت. ئایا ئاگادارە؟ رازییە؟ لەگەڵ ئەمری واقع مامەڵە ئەکات؟ تاکڕەوی پارتی و کارە نایاساییەکانی پارتی لە کاری دامەزراوەیی و شەرعی لا بایەخدارترە؟؟ ئەوەی کە پێویستە لێرەدا بوترێت ئەوەیە بەشێکی سەرەکی هەڵوێستەکانی ئەمریکا لە پەیوەند بەم کێشەیەوە بەستراوە بە جەنگ دژ بە داعش. ئەمریکا مەبەستێتی ئەو بەرەیە بە بەهێزی بمێنێتەوە و جەنگەکەش بە قازانجی خۆی تەواو بکات. کۆتایی هێنان بە مەترسی داعش و بە تایبەت رزگارکردنی موسڵ و دەرپەڕاندنی داعش لە عێراق، ئیتر سەرەتای مامەڵەیەکی تازەی ئەمریکا دەبێت لەگەل ناوەندەکانی بڕیار و حوکمڕانی لە کوردستان و عێراقدا. سەهمی بارزانیش بەشێکی پەیوەستە بەو شەڕەوە.

خوێندراوەتەوە2769