لاوک سەلاح

کێ لە سرودەکانی نیشتمان هەراسان نەبووە؟‌


لەهەشتاکانی سەدەی رابردوو، لە رۆژانی زانکۆدا، من و هاورێیەکی زۆر دڵسۆزم، دەزانم کە هەر بە خوێندنەوەی ئەم وشانە یادەوەری زیندوو دەبێتەوە، راهاتووبین کە بە سەر شەقامەکانی بەغدا لە پاش چەندان کاتژمێر لە خوێندەوە و بەدەم رێگاوە، گوێمان لە سەدای دەنگی خۆمان دەگرت و لە بەر خۆمانەوە دەمانووت و دەمانووتەوە کە ژیان لەم وڵاتەدا دۆزەخە و بە هەمان رادەش، رەنگە زیاتر، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم دۆزەخەش، دۆزەخێکی دیکە چاوڕوانمان دەکات ئەگەر بڕیار بدەین پشت لەم  دۆزەخە بکەین، ئەو کات ئێرە دۆزەخ بوو، ئەوێش هە ر دۆزەخ بوو بە جۆرێکی دیکە.

لە مامەڵەکردنماندا لەگەڵ دونیادا، بانیژە و ئاسۆی بیننمان تەنها لە رێگای کتێب و هەستی راستگۆیانەی خۆمانەوە بوو، ئەمە ئەوەندەی پەیوەندی بە دونیای خۆمانەوە هەبوو، دەمانزانی چ رەوتی مێژوویەک هەراسانی کردووین، چ جەبرێک بۆتە تارمای هەمیشەی رەفتارمان کە هەموو پانتاییەکانی ژیانمانی لێزەوتکردبووین. ئەو کات و سەردەمە، هەموو کاتژمێرەکانی زەمەن راوەستابوون، ئێمە بە ترپەی دڵمان رۆژانمان دەپێوا و دەژمارد، ئەوێ رۆژێ ئێمە چواردەورمان بە هەموو شێوازی کارەسات و رووداو تەنرابوون، تەنرابوون بە سرینەوەی خۆت، بە بوونی ترس لە هەموو سوچ وپەنایەکدا، تەنانەت ترس لە تارمای خۆت، ترس تەنیا کارەکتەرێکی نەفسی نەبوو ئەوەندەی دێوزمەیەکی سیاسیش بوو بۆ ئیدارەکردنی وڵاتێکی جەنچاڵ کە تا دەهات رووت دەبووە لە بەها مرۆییەکان و مۆراڵەکان، وڵاتی جەنگە یەک لە دوا یەکەکان، بێ پشوو و مۆڵەت، بواری بیرکردنەوەی سەرتاپا لە هەمووان تاریک کردبوو. ئەو دۆزەخە، هاورێی سەپێنراوی هەمیشەمان بوو، هاورێ و تارمایی ئەدەب و شیعر و سیاسەت وخوێنەندەوەمان بوو، بەڵام ئیرادەیەک بۆ خۆپاراستن و دەست پاراستن و تێکەڵ نەبوون بە تاوانەکان هەبوون. ئەم دۆزەخە رۆژانە دووبارە و سێبارە دەبووە، راشکاوانە بەرجەستە دەبوو لە پێشێلکردنە یاساییەکان و مرۆییەکان و مۆراڵەکان. ئەو سەردەمە، بۆ ئێمە سبەی نەبوو، وامان مەزەنە دەکرد کە هەتا هەتایە هەر وا دەمێنینەوە، مەرگی خۆمان دەبینین بەڵام مەرگی دیکتاتۆریەت نابینین. هەر بۆیە، ئێمە زۆر ئاشنای تارماییەکانی دیکتاتۆریەتین. ترپەی دڵمان زۆر بە ئاسانی لێدەدات کە ئەو نزیک دەبێتەوە، لە دووری دوورەوە، سییەکانمان پڕ دەبێت لە هەناسەی لوورەی هەرەشەکانی. با کەس داکۆیی لێنەکات، با کەس کاتژمێر بۆ دواوە نەباتەوە، با کەس لە گەڵ خۆیدا ملی رێگای نەهاتێکی دیکە و حیکایەتێکی بەدی دیکە نەگرێتە بەر!

بەو دیودا، وامان دەزانی کە لەو دیوو سنورەکانی ئەم مێژووە خوێناویەوە، جێهێشتن و پەرینەوە لەم دۆزەخە ئیتر کۆتایی تارماییکانە، ئێمە کە ئاشنای سروودی دەریا و شەمەندەفەر و جووڵەی مرۆڤەکانی دیکە نەبووین، وامان دەزانی خۆمان دەدەینە بەر رێژنەی رووناکی بەهەشت و لە کارەساتەکان پاکدەبینەوە، بەڵام نەماندەزانی کە تارماییەکان دزە دەکەنە تەنانەت خەونەکانیشمانەوە، ئەو خەونانەی کە دوژمنی دەکردە دۆست و دۆستیشی دەکردە دوژمن، نەماندەزانی جۆرێکی دیکە لە دۆزەخ لە چاوەڕوانماندایە، دۆزەخی بێ شوناس، دۆزەخی خۆ نەناسینەوە، دۆزەخی ئەوەی هەر رۆژەی وەک چەندان کەس لە بەردەم ئاوێنەکاندا خۆت دەبینیتەوە و نەفرەت لە بێ دەستەڵاتی خۆت و وەهمی خۆت و نەبوونی خۆت دەکەیت.
تەمەنێکمان لە دۆزەخی یەکەمدا بێ مانا و بێهوودە بەسەربرد و ئەوەی کە مایەوە لە دۆزەخێکی تەماویی و کپ و بێدەنگی تا رادەی لاڵ بوون بەسەر چوو. دۆزەخێک لە باشترین ئاستدا هەست دەکەیت کە جووڵەت خۆرسک نییە، ئاسایی و سروشتی نییە و لە رەوتی گەشەسەندی خۆیدا نییە.

لە ئێستادا، هەستدەکەم ئەو دووانە مێژووییە، خۆزگە هەڵە دەبووم، بە نواندنێکی دیکە و لە هاوکێشەیەکی دوولایەنەی دیکەدا داهێنەرانە خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، سەر لەنوێ کورەی خۆی سوور و داغ دەکاتەوە و مێژووی نەفرەتکردن زیندوو دەکاتەوە، ساویلکانە وکوێرانە دەیەوێت چەواشەبین، بۆ ئەوەی ئەم نیشتمانەمان خۆش نەوێت و سروودەکانی نەڵێینەوە. تکایە مەهێڵن دۆزەخی دیکتاتۆریەت بێتەوە ناومان بۆ ئەوەی دۆزەخی تاراوگە بڕەوێتەوە، هەر ئێوە، ئێوەی خەڵک  وئێوەی گەنجان و ئێوەی هاوڵاتیان دەتوانن دەرگای دۆزەخەکان کلۆم بدەن.

خوێندراوەتەوە935