لاوک سەلاح

پارتی لە نێوان بەرد هاویشتن و تەقەکردندا‌


ئەوەی لە قەڵادزێی ئازیز لە رۆژی ٩ ئەم مانگە روویدا نەریتە باوەکەی پارتی بوو لە دەستکردنەوە و وەڵامدانەی بەرد بە فیشەک. تۆ بڵێی شاری رەنگینی قەڵادزێ شایانی ئەوە بێت کە رۆڵەکانی زیاتر شەهید کرێن، ئایا ئەوەی بە درێژای مێژووی زیاتر لە ٥٠ ساڵی ئەم شارە خەمناکە بەڵام جوامێرە روویدا و بەسەری هات بەس نییە؟ ئەم شارە ناوازە پڕاو پرە لە بەسەرهاتی شکۆدار کە بۆ نەوکانی داهاتووی تا دوا هەناسە شایەنی وتنەوە و بەسەرکردنەوەیە، لێوان لێوە لە جوانی و خۆشەویستی بۆ ژیان و بەرگری و فیداکاری، قەڵادزێ شایانی ئاوەدانکردنەوە و میهرەبانییە نەوەک قوربانی و درێژبوونەوەی مێژوویەکی بێ تۆمار و ئازاری سەخت.

لە راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتیدا هاتووە کە محەمەد رەسول تەمەن ١٦ ساڵان بە دەستی چەکدارانی بارەگای پارتی شەهید دەبێت کە بەشداربووە لە خۆپیشاندانێکی ئاشتیخوازاندا لە بەردەم ئۆفیسی حکومەت (قایمقام) دەستپێدەکات و دواتر  کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەرەو بارەگای پارتی بەرێدەکەون، هەشت چەکدار لە سەربانی بارەگای پارتی دەستیان بە تەقە کردووە و دەسترێژیان بە ناو خۆ پیشاندەرەکاندا کردووە. ئەم زانیاریانە لە راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی بە فەرمی تۆمارکراوە و لە بەردەستی هەموو دەزگا یاسایی و جیهانییەکاندایە کە پارتی ناتوانێت نکۆڵی لێبکات، پارتی دەتوانێت غەدر لە بزووتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتمانی کورستان و یەکگرتوو و کۆمەڵ بکات لەو کاتەی دەیەوێت و لەو رەوتەی کە بۆی گونجاوە بەڵام لەبەردەم راپۆرتێکی متمانەپێکراوی نێودەوڵەتی چۆن پینە و پەرۆی دەکات .

دووەم کەس کە لە دەرەوەی بارەگای پارتی شەهید دەبێت کاتژمێژ ١٠ شەو دەبێت، کەسێکە تەمەن ٣١ ساڵانە و مامۆستایە کە داوای لە برا بچکۆلانەکەی کردووە بێتەوە ماڵەوە لە پاش ئەوەی دەزانێت کە ئاراستەی خۆ پیشاندنەکە بەرەوە توندوتیژی دەروات، لەپاش کاردانەوە هیستریاکەی چەکدارانی پارتی لە بارەگاکەیانەوە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کەوتووە لە هەمان کاتدا واتە کاتژمێر ١٠ ی ئێوارە پۆلیسی شاری قەڵادزێ بە ئۆتۆمۆبیل گەیشتونەتە بارەگای پارتی و یارمەتی چەکدارەکانی پارتییان داوە و لە بارەگاکەیان دوور خراونەتەوە تا ژیانیان سەلامەت بێت، بە گوێرەی راپۆرتی میدیاکان سەرباری ئەم دوو شەهیدە، ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. شەهیدبوونی ئەم دوو کەسە و برینداری بوونی ئەو کەسانە وا لە گروپێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەدا دەکات کاردانەوەیان بەرامبەر رەفتاری چەکدارەکانی پارتی هەبێت بەوەی رۆژی ١٠ مانگ ئاگر لە بارەگای پارتی بدەن و پاش کوژاندنەوەی ئاگرەکە باوکێک لاشەی کورەکەی کە تەمەن ١٣ ساڵانە دەبینێتەوە کە بارودۆخی مردنەکەی روون وئاشکرا نییە.

 بەداخەوە، تیشکی خۆر بە پێژەنگ ناگیرێت، واتە پارتی ناتوانێت کەیسێک لە سەر بنەمای درۆ بینا بکات، مامەڵەکردنی ئەوان رەفتاری دەزگا سیخۆرییە کلاسیکییەکانی ساڵانی شەستەکانە سەدەی رابردووە. پارتی بۆ مانەوەی خۆی و مانەوەی ئێمە و پاراستنی ئەزموونەکە دەبێت هێور بێتەوە و پەلەقاژێ نەکات، لەم نیشتمانەدا جێگای هەموومان دەبێتەوە، هەم خێل وهەم تاکە کەسەکان لەسەر بنەمای یەکسانی هاوڵاتیبوون. هەر کەسێک خەون بە داگیرکردنی هەموو پانتاییەکانی ئەم نیشتمانەوە ببینێت خۆی و ئێمە زیندەبەچاڵ دەکات. چارنووسی هەموومان پێکەوە گرێدراوە، دەبێت پارتی وریاتر بێت لە هەنگاوی داهاتووی، وشیارانەتر رەفتار بکات، هەر هەنگاوێک کە بەرەو تەحریمی سیاسی پەلبهاوێژێت نەوەک دەبێتە سوتاندنی بارەگای حیزبی بەڵکو سەرتاپا ئاگر لە هەرەوەزەکە بەردەدات. با لە ئەزموونی رابردووەوە تروسکاییەک لە ئومێد بە ئاییندە ببەخشین.

خوێندراوەتەوە963