لاوک سەلاح

جەنەراڵ و شەرعیەت‌

لە پاش لێدان و هەتکردن و پەکخستن وهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت لە لایەن پارتییەوە، چی ماوە بووترێت و بکرێت؟ لە پاش هەرەسهێنان بە پرۆسەی سیاسی و تێکشکاندنی کۆڵەکەکانی دامەزراوە حکومییەکان بە شێوەیەکی دڕندانە و بە نەشتەرگەرییەکی سیزریانە لە لایەن پارتێکەوە کە بە تارماییەکانی مێژوو ئاییندە زەوت دەکات  چی ماوە تۆمارکرێت؟ پارتێک سڵ ناکاتەوە لەوەی پەنا بباتە بەر هەموو ئامرازێکی وەهمی بە پاساوی وەهمی بۆ ئەوەی به هەر نرخێک، دوور لە هەر مۆراڵێک، بخوازێت لە دەستەڵاتە وەهمیەکەیدا بمێنێتەوە. ئەم کارە، بە داخەوە، چارەنووسی نەتەوەیەک، کە لە دووریانێکی مەترسیداری مێژوودایە بەرەو هەرەس بە کێش دەکات و هەر پرۆژەیەک کە ئەگەر هەبێت بۆ ئاییندە دادەڕمێت.

دواترین هەوڵی پارتی بۆ سەپاندنی شەرعیەت پەنابردنە بەر جەنەراڵە بێگانەکانە بۆ قۆستنەوەی شەرعیەت بۆ پاشماوەی ئەو دامەزراوە حکومییانەی کە بە ئیفلیجی و نەزۆکی و سەقەتی لە پایتەختی کوردستاندا ماونەتەوە.هاتنی جەنەراڵێکی باڵای ئەمەریکی وپێشوازیکردنی لە لایەن سەرۆکی پێشووی هەرێم ئەوەندەی تەفسیری لۆکاڵی و کەلتووری و حیزبیانەی کوردی دەگرێتە خۆی، ئەوەندە مانای یاسایی و حکومی و بەهای سیاسی نێودەوڵەتی لە خۆ ناگرێت.

 بە داخەوە، راستییەکی درەوشاوە و حاشاهەڵنەگرە کە هەرگیز ئەو جەنەراڵانە، تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکیش بۆیان نییە و نەیانوتوە کە پشتگیری لەو کارە قێزەوەنە دەکەن کە پارتی کردی لە دوورخستنەوەی  دووم هێزی سیاسی لە پەرلەمان و حکومەت زۆر ئابروویانە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکی لەسەر زمانی قسەکەری رەسمی وەزارەتەوە وتوویەتی مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێم دەبێت لەلایەن سیاسییەکانی کوردەوە خۆیان چارەسەر بکرێت، هەرئەوەندەیە کە ئەوان واتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وەک دۆخێکی "دیفاکتو" مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەکەن. 

شەرعیەت لە هەناو و پەرەسەندنەکانی کۆمەڵگەوە بەدەست دەهێنرێت ،کێ هەیە ئەم راستییە نەزانێت، کێ هەیە چارەنووسی خۆی بداتە دەست کەسانێک کە نەوەک خاوەنی پرۆژەی ئاییندە نیین بەڵکو تێکدەری پرۆژەی داهاتووی نەتەوەیەکن. نەتەوەیەک کە زۆر بە ئاسانی درک بە تاڵییەکانی رۆژانی رابردوو دەکات کە بە روونی بەرجەستەیە لەم هەنگاوەی دوایی پارتی بۆ سرینەوەی دەنگی حەقی زیاتر لە نیو ملیون کەس کە بە بێ بەرژەوەندی لە کاتی دەنگداندا دەیان روانییە دروستکردنی ئاسۆیەکی نوێ بۆ کۆمەڵگە و بەرپاکردنی ریفۆرمێکی سەرتاسەری مەدەنیانە.

برادەرێکی زۆر نزیک کە خوێنەوارێکی راستەقینەی جووڵە و پەرەسەندنەکانی کۆمەڵگەی کوردییە لەپاش کەوتنی سەدام وتی پاش نەمانی سەدام هیچ ماوە لەسەری بنووسین؟ بەداخەوە ئازیزم، هەر لەو کاتەوە ئێمە لە کارەساتەوە دەپەرینەوە بۆ کارەسات. بەراستی ئێمە لەگەڵ مێژووی خۆماندا راستگۆیین!

دواجار، دەبێت بە پارتی بڵێین کە خەونی بەرهەمهێنانی ئاییندە لە جەنەراڵەکانەوە دانابارێت، ئەم سەرگوزشتەیەش وەک هەر حکایەتێکی دیکەی کوردی دەبێتە ئەفسانەیەکی قێزەوەن بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەگەر فریا نەکەوین و نەخشە رێگایەکی واقیعی دانەرێژین دەبێتە سەرەتای کۆتایهێنانی پرۆژەی نەتەوەیەک. با بەرە و هەڵدێر گلۆر نەبینەوە.

خوێندراوەتەوە1071