عه‌دنان عوسمان

بۆ سلێمانی؟!‌


" ثم استوی ‌‌إلی السماء وهي دخان فقال لها و للأر‌ض ائتیا طوعا أو کرها قالتا أتینا طائعین"  فصلت ١١

سلێمانی لای من و لانی کەم لە پەیوەند بەم باسەدا شارێک نییە، تەنانەت ناوچەیەکیش نییە، سلێمانی هەرێمێکی بەرفراوانە، جوگرافیایەکی گەورەیە، چەندین شار و ناوچە لە خۆی دەگرێت، گەورە شارەکەو پایتەختەکەی شاری سلێمانییە. بۆیە ئەم باسەی من دور و نزیک نە پەیوەندی بە شارچێتیەوە هەیە نە بڕواشم پێی هەیە.

سلێمانی لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا، واتە رێک یەک سەدە، لە دوڕیانی گەورەدا بووە. لەسەرەتاکانی ئەو سەدەیەدا خەریک بوو ببێتە یەکەم پایتەختی یەکەم دەوڵەتی مۆدێرنی کوردی لە ناوچەکەدا، هۆکاری مردنی ئەو خەونە زۆربوون، وەلی لای من هەڵپەی بەشێک لە رابەرانی ناسیۆنالیزمی کوردی ئەو کاتە، بۆ وەدەستهێنانی چەردەیەک پلەو پۆست لە بەغدای تازە بوو بە دەوڵەتدا، یەکێک لە هۆکارەکانی نەمانی ئەو خەونەی بوون بە دەوڵەتبوو.

لە ناوەراستی ئەو سەدەیەدا، سلێمانی بوو بە ناوەندی بەگژدا چونەوی عەقڵییەتی خۆسەپاندن و دەسەڵاتی رەهای کەس و بنەماڵەیەک. سلێمانی بوو بە رەمزی ئازادی بیروڕاو دەرکەوتنی سەرکردەکان و کاری هاوبەش و دەستەجەمعی و نەفرەتکردن لە هەیمەنەی تاکە کەس بەسەر بڕیاری شۆڕشدا. سلێمانی ئازایانە بەرامبەر تاکڕەوی و رەوایەتیدان بە هەیمەنەی تەنها کەسێک وتی نەخێر شۆڕش وا ئیدارە نادرێت و ئێمە ئەزبەنی نین. ئەوەش شکستی هێنا، هۆکاری ئەوەش زۆرە، وەلێ یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان هەڵپەی هەندێک بوو لە ڕابەرانی ئەو رەوتە بۆ چنینەوەی دەستکەوت لە ناوەندی شۆڕشی زەوتکراو و لە بەغدای دوای رێککەوتنی ئازاری ١٩٧٠دا. پلەو پۆست دوو خەونی گەورەی لە دەستی ناوچەکە لەباربرد.

لە کۆتایی سەدەکەدا قەدەر شانسێکی تری بە سلێمانی دا، بوو بە ناوەندێک بۆ دەرکەوتنی جیاوازی و وتنی نا، بوو بە گۆڕەپانێک بۆ بڕیاری سیاسی گرنگی کورد لە ناوچەکەدا. سلێمانی دوای ئەوەی ساڵانێک بەحەق رەمزی بەرەنگاربونەوە بوو دژ بە رژێمی بەعس و رژێمەکانی پێشوتری، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤ەوە، دیسانەوە وەرچەرخا بۆ ناوەندێکی سەرەکی بڕیاردان و حوکمڕانی. ئیتر چاوەکان تەنها لە شوێن و جێگەیەک نەبوون، لە تەنها حزبێک و کەسێک و بنەماڵەیەک نەبوو. لێرە لەم هەرێمەدا، کەسە گەورەکان خاوەنی بڕیار بوون، خاوەنی هەیمەنەو قورسایی بوون. بێ ئەوان، بێ رەزامەندی ئەوان، نەدەکرا و نەدەتوانرا پەنجە بە ئاودا بکرێت.

ساڵ هات و رۆی، هەموو هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی سلێمانی شکستی هێنا. دوو کەسی کاریزمایی خاوەن دەسەڵاتی روحی و سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە، رێگربوون لەبەردەم ئەو هەوڵە. وا هەردووکیان نەخۆشن، دوورن لە بڕیاری سیاسی. یەکێکیان بێئاگایە لەوەی دەگوزەرێت و ئەوی تریشیان سەیری هەوڵی نقومکردنی ئەو کەشتیە دەکات کە سەراپای بەدەستی خۆی دروست کراوە.


یەکێکیان سەرکردەکانی، دوای نەخۆشی رابەرەکەی سەرقاڵی بەرژەوەندیەکانی خۆیانن، شار و ناوچەو هەرێمیان لە یاد چووە. سەرقاڵی پشکەکان و تۆڵەی کۆنە قین و دەستەگەرێتی و پەنجەی یەک شکاندنن. ئەوی تریشیان هیچ میکانیزمێکی ئەوتۆی بۆ رابەرایەتی کردن لە ساتەوەختی وەک ئێستادا بەجێ نەهێشتوە، بۆیە نازانرێت کێن ئەوانەی بڕیار ئەدەن و چۆن و بە چ ئاراستەیەکدا...

ترسەکە لەوەیە بەهەر هۆیەکەوە بێت دوا تروسکایی و رۆشنایی شار بەدەستی ئەم نەوەیەوە لەدەست دەرچێت، چونکە نەوەیەکن پێشتر لە نێو یەک بازنەدا بون و ئێستاش بەهەمان میتۆد کار دەکەن.

 گەر خوانەخواستە ئەوەش روی دا دەکرێ بە دوای هۆکاری زۆردا بگەرێین، وەلی گرنگترینیان هەڵپەی چنینەوەی دەستکەوەتە لە پایتەختە داگیرکراوە دەوڵەمەندەکەدا!!

پلانەکە لەسەر سلێمانییە، دەیانەویت سلێمانی بکوژن، نابوتی کەن، ئیفلیجی کەن، دوا بزمار لە روحی بدەن. ئەوەیە نەخشەکە.

 رۆشنە کاری بۆ کراوە، شەونخونی بۆ جێبەجێ کردنی دەکرێت، ئەمە تیۆری موئامەرە نییە، رەمڵ لێدان نییە، پێشبینی نییە. ئەمە فاکتە، راستییە،نەخشەیە، بڕیارە. کاری بۆ کراوە، کاری بۆ دەکرێت، ئۆرگانی بۆ دانراوە، ستراتیجی خۆی هەیە. ئەمە دوا شەڕە، شەڕی کۆتایی و یەکلاکەرەوەیە.

لایەنێک هەموو کەرەستەو تفاقەکانی ئامادە کردووەو بڕیاری سەرکەوتنی خۆی داوە لەم شەڕەیدا بەهەر نرخ و لە ژێر هەر چوارچێوەیەکی نا ئاسایی و نا لۆژیکیدا بێت، لای ئەو شەڕی مان و نەمانە، چیتر بەرگەی سەرکێشی سلێمانی ناگرێت، دەرفەتەکەش لە غیابی ئەو دوو سەرکردەیەدا ئاڵتونیە. بەتایبەت کە پێ دەچێت هەردوکیان وەجاغکوێری سیاسیی بن!

لایەنەکەیتریش پێ دەچێت سەرگەردان و وێڵ و داماو بێت و پێێ وابێت ئەمەش دیسان رەشەبایەکە گەر سەری خۆتت خەواند بە سەلامەتی لێی دەرباز دەبیت. نە هەست بە ئاستی بەرفراوانی شەڕەکە دەکەن و نە لە بناغەشدا بەشەڕی دەزانن. بۆیە لە ئەڵقەیەکی داخراوی سەرگەردانیدا دەخولێنەوە. سلێمانی بە پاپۆڕ نازانن، بۆیە پێیان وایە ئەو درزەی لە بەشێکی پاپۆڕەکە کراوە بەشەکەی ئەمان ناگرێتەوە.نازانن دەرباز بوو لەم پلانەدا نییە، ئەمە شەڕی کۆتاییە، لەمەدا یا سەربەرزی هەتایی دەبیت یا دەستەکانت بۆ کەلەپچەی هەتایی ئامادە دەکەیت.

لەو دیوی سلێمانییەوە، ئەوانەی سەرقاڵی سیناریۆکانی تێکشکاندنی سلێمانین: وردبینانە، دڵرەشانە، بوغزاوییانە، حاقدانە، بەڵام بە پلان، بەهێمنی و لەسەرخۆ خەریکی کارەکەیانن. دەیانەوێت سلێمانی بخنکێنن، ئیفلیجی کەن، وە بۆ هەتاهەتایە بیخەنە دەرەوەی بڕیاری سیاسییەوە. ئیتر نابێ جگە لە پایتەختی خۆیان، هیچ ناوەندێکی تری بڕیاردان هەبێت. نابێ سلێمانی چیتر رەمزی ناڕەزایەتی، رەخنە ، گوتاری جیاواز، فرەیی، ئازادی، فرەدەنگی ،فرەرەنگی بێت. دەبێت سلێمانی تابعێکی زەلیلی بێ ئیرادەی بێ نەفەسی بێروح بێت. ئەمەش بۆ هەتاهەتاییە، ئەم دڕکە دەبێت ئیتر دەرکرێت، دەنا عەرشی سوڵتان ئاسودە نابێت.


پلانەکە کە وەک وتم نەخشە بۆدارێژراوەو لە باڵاترین ئاستەوە کاری لەسەر دەکرێت، قوناغ بە قۆناغە: گەمارۆی ئابوری، برسیکردن، تێکدانی کەش و هەوای ناوچەکە، ناسەقامگیری، دووبەرەکی، دڕدونگی، بەهێزکردنی ئەمیرە سەربازییەکان کە ئێستا بەشێکیان ئەمیری نەوت و پارەو کۆمپانیاشن، مەترسی دروستبوونی ئیماراتی جۆراو جۆر لە ناوچەکە، زیادکردنی رەخنەو گلەیی خەڵکی لە ئیدارەدانی ناوچەکە، لاوازکردنی رۆڵی لە ئاستی نیشتمانیدا، تا هەنگاو نان بۆ دوا قۆناغ کە بەچۆکدانێتی. قالتا أتینا گائعین.

خوێندراوەتەوە1777