عه‌دنان عوسمان

هەڵوێستی یەکێتی‌


ئەم ئینقلابەی پارتی بەسەر شەرعییەتدا، ئەگەر بە ئاگاداری و ئیزنی یەکێتی بوبێت ئەوە کارەساتێکی گەورەیە، ئەگەر بە بێ پرس و ئاگادارکردنەوەی یەکێتی بوبێت ئەوا تاوانەو دەبێت هەڵوێستی لەسەر وەربگیرێت.

لەم تەشکیلەیەی ئێستای کوردستان، یەکێتی شەریکی سەرەکی پارتییە. لە لایەک پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی هەیە، لە کابینەش پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەیە. لەو لاشەوە تەنها یەکێتییە کە بەرانبەر پارتی هێزی چەکدار و پڕلە چەک و هێزی ئەمنی و ئیستخباراتی هەیە.

تا ساتەوەختی ئەم نوسینە هەڵوێستی یەکێتی زۆر ئیجابی بووە. بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لێدوانی بەرپرسەکانی ، کارنامەی راگەیاندنەکانی هەموی رەنگدانەوەی ویستی قبوڵنەکردنی ئەم سەرکێشی و کارە نامەسئولانەیەی پارتییە. ئەمانە هەنگاوی دروستن و جێگەی ستایشن.

بەڵام ئایا ئیتر ئەمە بەسە بۆ یەکێتی؟ تەنها هاوخەمی و هاوپەژارەیی و رۆڵی نێوانگیری بگێڕێت؟ رەخنەو گلەییەکانی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لە گۆڕان وای لێدەکات هەنگاوە مەترسیداریەکانی هەیمەنەی پارتی و قۆرخکردنی هەتاهەتایەی دەسەلات نەبینێت؟ ئەوەنەبینێت کەپارتی لەم هەنگاوەیدا کە گۆڕانی سەرەتا کردۆتە ئامانج، مەبەستی گەیاندنی پەیامە بۆ سەرجەم لایەنەکان کەچیتر یاری لەگەل حەزی پاوانخوازی پارتیدا نەکەن و چیتر خۆیان لەقەرەی باسکردنی شەراکەت و کاری دامەزراوەیی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نەدەن، پارتی حزبی قائد و بەرێوەبەری کوردستانەو لایەنەکانی تر میوانی سەر سفرەی ئەون.

لە راستیدا هێشتا نارونییەک لە هەڵوێستی رەسمی یکێتیدا هەیە، یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەیە، هیچ مەنتقێک رێگە نادات هەنگاوی لەم چەشنە بەبێ رەزامەندی و راوێژ لە نێوان سەرۆک و جێگرەکەی روو بدات. نامەتقی تریش ئەوەیە جێگر لەو هەنگاوە نایاسایی و نا ئسوڵیە رازی بوبێت. ئەمە دەبێت یەکلا بکرێتەوە: یەکێتی میوان و فەرمانبەرە یا بەشدار و شەریک؟؟

یەکێتی لە ئێستادا دەبێت لانی کەمی ئەم هەڵوێستەی هەبێت و راشکاوانەو بە بێ دڵەراوکێ کاریان لەسەر بکات:

 پێدانی ماوەی چەند رۆژێک بە پارتی بۆ پاشگەزبونەوە لەو بڕیارانەی. بە پێچەوانەوە جێگری سەرۆکی وەزیران کارکردنی خۆی لە ئەنجومەنی وەزیران هەڵپەسێرێت و وەزیرەکانی یەکێتیش بەهەمان شێوە کاری خۆیان لە ئەنجومەنی وەزیران هەڵپەسێرن تا گەڕانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان بۆ شوێنی کارەکەی.

لە پاڵ ئەمەش دەکرێت هەم داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستێکی باڵاو لەسەرجەم لایەنە بەرپرسەکان بۆ وربینی لە کێشەی نەمانی پارە، داهاتی نەوت، بێموچەیی، و سەرجەم کێشە ئابوریەکانی هەرێم بکرێت و هەمیش لیژنەیەکی هاوچەشن بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقەکردن لە هاولاتیان و سوتان و هێرش کردن بۆسەر بارەگاکان و دەرخستنی لایەنی هۆکاری ئەو بارگرژیانە.

خوێندراوەتەوە3835