عه‌دنان عوسمان

ئایا هیچ رێگە چارەیەک ماوە؟؟‌


بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئایا هیچ رێگه‌چاره‌یه‌ك ماوه‌؟؟ کورت ترین وەڵام ئەوەیە بەڵێ رێگە چارەی زۆر عەمەلی و زۆر گونجاویش ماوە.

من باس لە سازان و کۆبونەوەکانی پێنج قۆڵی ناکەم، باس لە رێگەیەکی مەنتقی و ئاسایی  دەکەم.

وەک بینیمان پەرلەمان نەیتوانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکاتەوە. بەم پێکهاتەیەی ئێستای زحمەتە بتوانێت بەو کارەش هەستێت. سازانی لایەنەکانیش پێویستی بە دەستبەردار بونی هێزەکانە لە دروشم و ستراتیجیەتی خۆیان لە پێناو باڵادەست بونی بەرژەوەندیەکانی یەک لایەن. ئەمە ئیتر کۆتایی یاریەکەیەو دەرکەوت کەس ناتوانێت پشتی ئەوی تر لە ئەرز بدات و هەردوولا جارێ بە پێوەن. دۆسێی سەرۆکایەتی هەرێم لە پەرلەمان وەرگیراو رەوانەی کۆبونەوەکانی لایەنە سیاسیەکان کرا، نە پەرلەمان و نە لایەنەکانیش ناتوانن چارەسەرێکی گونجاو پیادەبکەن، بەمەش هەردولا لە قورێکی خەستدا چەقین، ئایندەی دەرچونیش ئەستەم و تاریکە. کەواتە چارە چییە؟؟

گەر لایەنەکان نەیانەوێت هەروا لە خۆڕا کات بە فیڕۆ بدەن ئەوا رێگەیەکی رۆشن هەیە:

با خۆمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بە گوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥( بێ هیچ هەموارکردنێک) ئامادە بکەین.

کە پەرلەمان لە پرۆسەی هەمواری ئەو یاسایە شکستی خوارد، ئیتر مەفروزە ئامادەسازی بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی یاساکە. ئەو یاسایە هێشتا بەرقەرارە و کارایەو میکانیزمی هەڵبژاردن و دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێمی دیاری کردووە. با هەر بەو یاسایە خولی داهاتوی سەرۆکایەتی هەرێم یەکلا بکرێتەوە. ئەمەش نە پێویستی بە رێککەوتنی پێشەوختی لایەنەکان هەیە، نە بە کۆبونەوەی نەزۆکی ئەوەندە قۆڵی، نە بە پاڕانەوە نزاو کروزانەوە، نە بە حیکمەتی بێلایەن و خێرخوازەکان. ئیتر با کۆبونەوەکان کۆتاییان پێ بێت و هیچ رێککەوتنێکی سیاسی نەکرێت. با یاسا سەروەر و بەرقەرار بێت.

پەرلەمانی کوردستان و لایەنەکان، کە پۆستەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان لە نێو خۆیاندا دابەش کردوە، دەبێت فشار بخەنە سەر کۆمسیۆن و کارئاسانی بۆ بکەن بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی داهاتودا بتوانن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم بکەن بە خێرا ترین رێگە، کە پێم وایە ئەگەری ئەنجامدانی، گەر خۆمان لە بیانوی حازر بەدەست بپارێزین، زۆرە.

با لایەنەکان کاندیدی خۆیان پێشکەش بە کۆمسیۆن بکەن و ئەویش سەرپشک بێت لەوەی کێ بۆی هەیە کاندید بێت و کێش بۆی نییە کاندید بێت بە گوێرەی یاساکە.

لە ئێستادا کە سازان لەسەر هیچ شتێک ناکرێت، با لێگەرێین ئەم خولەش بەو یاسایە ئەنجام بدرێت بە هەمان میکانیزمەکانی جارانەوە. ئەو کاتیش دەر ئەکەوێت ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی کێیە.

خوێندراوەتەوە2508