عه‌دنان عوسمان

ئەرکی سەرۆک وەزیرانە وەزیرەکانی رەوانەی پەرلەمان بکات‌


لەم ماوەیەدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بوەوە کە سەرۆکی حکومەت بە ئەندامانی کابینەکەی وتوە کە بەبێ رەزامەندی ئەو نابێت برۆنە پەرلەمان. مەعلومە ئەم قسەیە کراوە، بەلام تاچەند وەک بڕیارێکی رەسمی دەرکراوەو تەعمیم کراوە، ئەوە ئاگام لەوە نییە.

قسەی وا، وەیا گەر بوبێتە بڕیار دەبێت بڵێین بڕیاری وا، هەم مەترسیدارە و هەم نایاساییە و هەم دورکەوتنەوەیە لە هاوکاری و هاوسەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت. حاڵەتی وا بە تایبەت لە سیستەمی پەرلەمانیدا نەک هەر ئاسایی نییە بەڵکو کوفرێکی ئیداری  گەورەیە. چاودێری کردن و لێپێچینیوەی پەرلەمان لە ئەندامانی کابینەی حکومەت لە ئێستادا، نەک هەر بەشێکە لە سیماکانی سیستەمی پەرلەمانی، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ سیستەمەکانی تریش وەک سەرۆکایەتی.

بە گوێرەی عورفی کارکردنی کابینە، وە بە گوێرەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەرکی سەرەکی سەرۆکی حکومەت دڵنیابونە لە هاوکاریکردنی  ئەندامانی کابینەکەی لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەماندا و ئامادەبونیانە لە دانیشتنی لیژنەکان وەیا دانیشتنی گشتی پەرلەمان چ وەک میوانداری و گوێگرتن، چ وەک پرسیار و لێپرسینەوە. رێگەگرتن لە چونی وەزیرەکان بۆ پەرلەمان پێشێلکردنی یاسا و پەیرەوی پەرلەمان و عورفی پەرلەمانییەو دەستپێشخەریەکی مەترسیدارە لە ئێستادا کە پێدەچێت، وەک چەند جارێک ئاماژەمان پێداوە، بە مەبەستی شکاندنی هەیبەت و لاوازکردنی پەرلەمان بێت لە ئاکامی ئەو ململانێ سیاسیە توندەی لە هەرێـمدا هەیە.

دیارە مافی سەرۆک وەزیرانە لەوە دڵنیابێت کە داواکەی پەرلەمان چ بۆ پرسیار یا پرسینەوە لە چوارچێوەی کاری وەزارەت یا دەزگای تەیبەتمەند بێت، وەیا لەوە دڵنیابێت کە ئەوە دەستێوەردان نییە لە کاروباری دەسەلاتی جێبەجێکار بە گوێرەی ماددەی ٦٣ و ٦٤ لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و ماددەی ٥٤ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان.

بە گوێرەی یاسا، پەرلەمان هەر کات بە پێویستی بزانێت و هۆکارێکی دیاریکراو هەبێت، بۆی هەیە و پێویستە چ سەرۆک وەزیران یا وەزیری تایبەتمەند لە ماوەیەکی کورتدا کە لە هەفتەیەک تێنەپەرێت بانگهێشتی هۆڵی پەرلەمان بکات ، هەروەها بۆی هەیە وەزیرەکان بانگهێشتی کۆبونەوەی وەزیرەکان بکات لە ماوەیەک لە سێ رۆژ تێنەپەرێت( ماددەی ٤١).

هەر لە پەیرەو و یاساکەدا بە وردی شێوازەکانی بانهێشت کردن، پرسیار و لپرسینەوە، متمانە سەندنەوە رونکراوەتەوە (ماددەکانی: ٣، ٥٤، ٥٦ لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ٤١، ٤٢، ٦٢، ٦٣، ٦٤، ٦٥، ٦٧، ٦٨، ٦٩، ٧٠ لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان)، کە بەشێکن لە ئەرکی چاودێری پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە. لەم حاڵەتەدا ئەرکی سەرۆکی کابینەیە کە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەماندا بکات بۆ ئامادەبونی ئەندامانی کابینەکەی لە لیژنەکانی پەرلەماندا و بە هیچ شێوەیەک نابێت رێگری لە چونیان بۆ پەرلەمان بکات.

هیچ نەنگییەک لە رێکخستنەوەی شێوازەکانی هەماهەنگی و بانگهێشتکردنی وەزیرەکان بۆ پەرلەمان، بە گوێرەی پەیرەوی ناوخۆ و یاسای هەڵبژاردن نیە، ئەوە ئەرکی هەردوو سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتە، بەڵام رێگری کردن لەو هەماهەنگی و هاوکاریە، رێگری کردنە لەوەی پەرلەمان بە یەکێک لەئەرکە سەرەکیەکانی خۆی هەستێت کە متمانەدان و سەندنەوەی متمانەیە لە کابینە ، چاودێری کردن و لێکۆڵینەوەو پرسیار و لێپرسینەوەیە، بەوەش پەرلەمان لە ئەرکە سەرەکیەکانی دوور دەخرێتەوەو تەنها وەک لاشەیەکی بێگیان دەمێنێتەوە. هیوادارم مەبەستەکەش ئەوە نەبێت.

خوێندراوەتەوە693