عه‌دنان عوسمان

ئەم قسەیە ئاماژەیەکی خەتەرناکە‌


لە چەند بەرێزێک، کە بەشداری کۆبونەوەکەی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی ،سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون  لەگەڵ چەند حزبێکی دەرەوەی گروپی پێنج قۆڵیەکە ، لە زمانی بەڕێزیانەوە ئەوە دەگێڕنەوە کە وتویەتی گوایە بەنیاز بووە دەست لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی هەرێم هەڵبگرێت، بەڵام دوای روداوەکەی ٢٣ حوزەیران ئیتر پەشیمان بۆتەوە. ئەم قسەیە گەر راست بێت کە هیوادارم وانەبێت و تەنها تەئویلێکی هەڵەبێت بۆ قسەکانی، ئەوا ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سەیر کردنی بەرێزیان بۆ پۆست و ئەگەری ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەلات لە هەرێمدا. پەیامێکیشە بۆ پرسی سازان و ئاکامی دانیشتنەکانی گروپی ٤+١

لەو بارەوە ئەم چەند سەرنجە کورتەم هەیە:

یەکەم: مەفروز نیە کاک مەسعود واز لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بهێنێت، لەراستیدا لە ٢٠/٨/٢٠١٥دا ئیتر ماوەی سەرۆکایەتی تەواو دەبێت. دەبوایە بەرێزیان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بە کۆتایی هاتنی یاسایانەی پۆستەکەی بکردایە بە گوێرەی یاسای ژمارە یەکی ٢٠٠٥ و یاسای ژمارە ١٩ی ٢٠١٣، و ئەو ئەمانەتە رادەستی کەسێکی تر بکردایە، جا بە گوێرەی یاساکەی ٢٠٠٥ بێت یا یاسایەکی تازە کە لەپەرلەمانەوە دەربچێت. ئەو پرسە نە پەیوەستە بە یاسایەکەوە کە لە پەرلەمان یا لەدەرەوەی پەرلەمانەوە گفتوگۆی لەسەر کرابێت، وەیا بە حەز و ویستی کەسێکەوە.

دووەم:دەستبەرداربونی بەرێزیان منەت و مەکرومە نییە تا بە هۆی روداوێکەوە یا هەڵوێستێکەوە لێی پەشیمان ببێتەوەو لە جاران زیاتر بنوسێت بە کورسی دەسەلاتەوە. ئەو پرسە دوورە لە مەزاج و ویست و هەڵچون و داچونی کەسەکان و حزبەکان، ئەوە یاسا رێکی خستوە کە هەر سەرۆکێک تەنها بۆی هەیە دوو خول سەرۆکایەتی بکات و لە یاسای ژمارە ١٩ی ٢٠١٣ چیتر بوار بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی نەهێڵراوەتەوە. کەواتە لە ٢٠/٨/٢٠١٥ ماوەی یاسایی بەرێزیان تەواو دەبێت و چیتر دوای ئەو ماوەیە ناتوانێت بە بێ پاڵپشتێکی یاسایی لە رێگای پەرلەمانی کوردستانەوە لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، نەک ئەوەی کە گوایە ویستویەتی وازبهێنێت بەڵام دوای ئەو کۆبونەوەیە پەشیمان بۆتەوە.

سێیەم: لە ٢٣/٦دا چی گوزەرا وا دڵی سەرۆکیان رەنجاند و لە وازهێنان لەو پۆستە پەشیمانی کردەوە؟ لەو رۆژەدا تەنها خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ پرۆژە کرا، کە لەلایەن چوار لایەنی گرنگی نێو پەرلەمانەوە پێشکەشی پەرلەمان کرابوو، بۆ هەموار کردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم. لەو پرۆژانەدا، نە کەس باسی لە سەرۆکی هەرێم کردووە، نە لە پۆستەکەی، نە لەمان و نەمانی. ئیتر تێناگەم بۆ دەبێت کاک مەسعود لەو هەنگاوەی پەرلەما وا نیگەران بێت ئەگەر هەر بە جدی بەنیازی وازهێنان بووە؟ لایەنەکان کاتێک ئەو پرۆژانەیان پێشکەش کرد پێیان وابوو، لە دوای دە ساڵ سەرۆکایەتی جەنابی کاک مەسعود و بەرقەرار بونی ئەو یاسایە، ئیتر پێویست بە پیاچونەوە بە دەسەڵاتەکانی سەرۆک و شێوازی هەڵبژاردنی دەکات و، وەک ئەرکێکی تەشریعی و خەمخۆرانەی خۆیان بۆ پاش دەورانی کاک مەسعود دەبێت خەمێک بۆ ئەو مەسەلەیە بخۆن، بە تایبەت کە روئیای ئەو لایەنانە ئەوەیە کە دەبێت سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

چوارەم: چ عەجەبێکە سەرۆکی گەورەترین و هەستیارترین دامەزراوەی ولاتەکەمان کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی پارتێکی گرنگ و کاریگەری کوردستانەو ناوی پارتەکەشی دیموکراتە، ئا بەم شێوەیە قسە لەسەر رۆڵی پەرلەمانەکەی و ئیستحقاقاتی دامەزراوەکان و پرسی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بکات؟؟ بەرێزیان لە رقی ئەو خوێندنەوەی یەکەمەی پەرلەمان بڕیاری دا هەر بە تۆبزی و زۆرەملی و لەدەرەوەی یاسا و عورفی دیموکراسی، دەست لە پۆستەکەی هەڵنەگرێت. ئەمە ئیتر چ عەقڵیەتێکە کە باس لە سازان و پێکەوە کارکردن و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی و کاری موئەسەساتی و کۆمەڵگای مۆدێرن و رێزگرتن لە دامەزراوەو هەڵبژاردن وسەروەری یاساکان دەکات؟؟

پێنجەم: بەدەر لەهەموو ئەمانەش، بەگوێرەی زانیاریەکانی من و رەوتی ئێستای کۆبونەوەکان و راگەیاندنی پارتیش، وەفدی پارتی ماوەیەکی زۆر لە پێش ٢٣ی حوزەیرانەوە، لەسەردانەکانیان بۆ لای لایەنە سەرەکیەکانی کورستان، داوایان کردبوو کە کاک مەسعود لانی کەم بۆ دوو ساڵی داهاتوو لە پۆستەکەی بمێنێتەوە. ئیتر نازانم لە نێوان ئەم داوا رەسمییەی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەو ویستەی سەرۆکی پارتی باوەڕ بە کامیان بکەین؟؟

خوێندراوەتەوە3619