عه‌دنان عوسمان

هێشتا تۆپەکە لە قاچی پارتییە‌


سەرەتا دوو تێبینی کورت:
یەکەم: دەست خۆشی زۆرم بۆ تیمی چوار لایەنەکە، کە ئازایانە لەم ماوەیەدا پێداگریان لەسەر کۆی داواکانیان کردووە، هەروەها بەشێک لە وەفدی پارتیش کە هەست دەکرێت لە پەرۆشیی گەشتنە ئاکامێکدان، کە ئەمەش دواجار داخوازی هەموو لایەکمانە بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە ئاڵۆزکراوە. رەخنەکانم لە گرنگی و جدییەتی ئەو بەڕێزانەی بەشدارن لە گفتوگۆکان کەمناکاتەوە بەڵکو پێم وایە هاوکارییەکی بچوکە بۆ ئەرکەکانیان.

دووەم: ئەوەی کە ئەمرۆ د.فوئاد حوسێن رایگەیاند کەوا هەر پێنج لایەنەکە رازین لەسەر ئەوەی راپۆرتی لیژنەی یاسایی بکەنە بنەمای گفتوگۆکان و قسەکردن لەسەر دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێم، سەرکەوتنێکی گەورەیە هەم بۆ چوار لایەنەکەو، هەم بۆ عەقڵییەتی پەنا بردن بۆ پەرلەمان و دامەزراوەی تەشریعی بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە. وەک دەزانین هەر لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی یاساییەوە ئەو کارەی پەرلەمان و لیژنەی یاساییان بە نا قانونی و دورکەوتنەوە لە عورفی پەرلەمانی دەدایە قەڵەم. لەولاشەوە لەشکرێک لە یاساناسە فەرمانبەرەکان، هەر بۆ دڵرازی کردنی سەرکردەکانیان، بەهەمان ئاواز باسیان لە نایاسایی ئەو پرۆسەیە دەکرد. ئەمە جگە لەو شەپۆلی تەخوین و تەشهیرەی بە سەرۆکایەتی پەرلەمان وفراکسیۆنەکان کرا کە گوایە یاساشکێنیان کردوەو سازان و یەکریزی ماڵی کوردیان تێکداوە. ئێستا دەرکەوت کە ئەو کارەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکان هەنگاوێکی راست و دروستی سەر رێگای ئسوڵی پەرلەمانتاری بوو. سەرجەم هاش و هوشی بە نایاسایی وەسفکردنی ئەو هەنگاوەش پوچەڵ بوەوە. ئەمە دەسکەوتی دووەمی ئەم خولەی پەرلەمانە دوای ٢٣ ی حوزەیران.

ئێستا با قسەیەکی کورت لەسەرئەم هەنگاوانەی ئەمرۆ بکەین:
یەکەم: نەدەبوایە وەفدی چوار لایەنەکە بە هیچ شێوەیەک رازی بن کە لەو لیژنەیەدا بەم شێوەیەی ئێستا باس لە دەسەڵاتە ئاساییەکانی سەرۆکی هەرێم بکەن. ئەوە کاری پەرلەمانە نەک ئەو لیژنەیە. ئەوە بەزاندنی ئەرکی فعلی و راستەقینەی لیژنەکەو دەستێوەردانە لە کاری پەرلەمان. بۆیە من ئەوە بە هەنگاوێکی مەترسیدار دەزانم و بەلارێدابردنی کاری لیژنەکەو تەجاوزکردنی پەرلەمانە.

دووەم: ئەرکی سەرەکی و بگرە تەنها ئەرکی ئەو لیژنەیە قسە کردن و گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی سەرۆکی ئایندەی هەرێم کە دەبێت کێ بێت و چۆن هەڵبژێردرێت. ئەمەش کێشە ئەسڵیەکەیە، نەک هەندێک لە دەسەلاتە رۆتینی و ئاساییەکانی سەرۆکی هەرێم، کە ئەمرۆ وەک مژدەیەک بە گوێماندا درا گوایە لایەنەکان لەسەری رێککەوتون. ئاخر کەی کێشە لەسەر ئەو ماددە وبرگانە هەبوە تا رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

سێیەم : پارتی زیرەکانە ئەم مەلەفە ئیدارە ئەدات بە هەمان چەشنی لیژنە دەستوریەکە. لەو لیژنەی دەستوریەدا، پارتی رازی نەبو هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەسڵی کێشەو خیلافەکان قسە بکرێت، بەڵکو وتیان با دەروازە دەروازە لەگەڵی برۆین و بەتایبەت لەو خاڵانەی کە کێشەی ئەوتۆی لەسەر نییە. بەمەش کاری فعلی ئەو لیژنەیە لە هەمواری پرۆژەی دەستورەوە بوو بە دانانی دەستورێکی نوێ و کوشتنی کاتی لیژنەکە. وا ئێستاش لەم لیژنەیەدا پارتی هەمان گەمە دەکات کە هەم یاری کردنە بە کات و، هەمیش هەوڵدانە بۆ بەلارێدابردنی ئەسڵی کێشەکان.

ئەگەر لە لیژنەی دەستوری لە ترسی ڤیتۆ و سازان نەتوانرا کارێکی ئەو تۆ دژ بەو ئیرادەیە بکرێت، ئەوا لەم کاتەدا کە بوار و کات لەبەردەستدا نیە، نەدەبوو نوێنەری چوار لایەنەکە بەوە رازی بن هەم تەجاوزی پەرلەمان بکەن و هەمیش بچنە نێو ئەو جۆرە گفتوگۆیەوە کە مەعلومە تەنها بۆ کوشتنی کاتەو، پارتی دەیەوێت مەسەلەی سەرۆکی هەرێم بەم جۆرە بە هێمنی و لەسەرخۆ و ژێربەژێر تێپەرێنێت و بیکاتە ئەمری واقع.

چوارەم: تەنانەت لەو ماددانەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە هەندێک هەڵە کراوە، بۆ نمونە دیاری نەکردنی کات بۆ سەرۆکی هەرێم بۆ ئیمزا کردنی ئەو فەرمانە هەرێمیانەی پێویستیان بە ئیمزای سەرۆکی هەرێمە. پەرلەمان ماوەی ١٥ رۆژی داناوە بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێم ئیمزا لەسەر یاساکانی بکات یا نەکات. دەبوایە بەهەمان شێوە بۆ فەرمانەکانی تری دەسەلاتی جێبەجێکاریش ماوە دیاری بکرێت کە گەر لەو ماوەیەدا سەرۆکی هەرێم ئیمزای فەرمانەکانی نەکرد، ئەوا بە دەرچوو دابنرێت.

بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئەندامانی لیژنەکەو گەڕانەوە بۆ سەر شارێی راستەقینەی کێشەکەو خۆ دورخستنەوە لە کات کوشتن و پێچ و پەنایی.

خوێندراوەتەوە2292