عه‌دنان عوسمان

بڕیارەکەی ئەنجومەنی شورا باطلە‌


پەنا بردنی پارتی بۆ ئەنجومەنی شورا شتیکی لەناکاو و موفاجەئە نەبوو، لانی کەم بۆ لایەنە سەرەکیەکان، چونکە لە زۆرینەی کۆبونەوە تایبەتەکاندا پارتی ئاماژەی بەوە داوە کە دوا وەرەقەی بەردەستیان، گەر لایەنەکان بۆی تازە نەکەنەوەو بۆی نەسازێن، ئەوا پەنا بردنە بۆ دادگای تەمییز و ئەنجومەنی شورا، کە لای هەمومان مەعلومە بە هۆی پێکهاتەکەیەوە رەزامەندی لەسەر هەموو ویست و داوایەکی پارتی دەدات.

من پێش ئەوەی قسەیەک لەسەر هەڵە یاساییەکەی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنەکە بکەم کە پێم وایە بڕیارێکی نەک هەر مولزەم نیە بەڵکو پوچەڵێشە، بە کورتی سەرنجتان بۆ ئەم چەند خاڵەش رائەکێشم:

یەکەم : پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لە دەسەلاتی ئەنجومەنی شورادا نییە. ئەو لایەنانەی ئەنجومەنەکە بە گوێرەی یاسای ژمارە ١٤ ی ساڵی ٢٠٠٨ کار بە نوسراوەکانیان دەکات ئەمانەن: ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکان، ئەو دەستانەی پەیوەست نین بە وەزارەتێکەوە. ئەوەش تەنها لە رێگەی سەرۆکەکانیانەوە دەبێت نەک جێگر. بەو حوکمەی کە نە پەرلەمان و نە سەرۆکایەتی هەرێم سەر بەو لایەنانە نین و دامەزراوەی سەربەخۆ و دەسەلاتن نەک دەستەو وەزارەت، بۆیە دەسەلاتی ئەم ئەنجومەنە ئەو دوو دامەزراوەیە ناگرێتەوەو ناتوانێت لەسەر کێشەکانی ئەوان بڕیار بدات.

دووەم: بڕیارەکانی ئەنجومەنی شورا راوێژپێدانن و ئیلزامی نین . تەنها کاتێک ئیلزامی دەبێت کە هەموو لایەنەکانی کێشەکە وەک دوا چارەسەر پەنا بۆ ئەو دادگایە ببەن و رازی بن بە تەحکیمەکەی. ئەمەش بە گوێرەی ماددەکانی: شەشەم، حەوتەم، هەشتەم کە تەنها ئاماژە بە راوێژێکردن و رادەربڕین دەکات بۆ ئەو لایەنانە.

سێیەم: سەیرە ئەنجومەن داواکاری سێ لایەنی کێشەیەک وەربگرێت کە لە بناغەدا یەک لایەنن و لایەنی بەرامبەر کە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانن فەرامۆش بکرێت. ئیتر ئەمە چ جۆرە داوەرییەکە لە کێشەیەک تەنها لەسەر داوای لایەنێکیان کە ئەمانەن: جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە داواکەی نایاساییە بە گوێرەی یاسای ئەنجومەن و پەیرەوی پەرلەمان، دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، وەزیری داد.

چوارەم: تەنها لایەنێک بتوانێت بڕیار و یاسای  مولزەم بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکاردەربکات خودی پەرلەمانە.

پێنجەم: لە کوردستاندا چەندین پێشینەی ترمان هەیە کە تەنها پەرلەمان بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەکەی داوە، چ بۆ پەرلەمان خۆی وەیا سەرۆکی هەرێم. هەر بۆ نمونە:

پەرلەمان:
یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٥ کە یەکەم درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانە
یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٦ دووەم درێژکردنەوە
یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ١٩٩٦ کە سێیەم درێژکردنەوەیە
بڕیاری ژمارە٦ی ساڵی ٢٠٠٩ کە خولی دووەمی پەرلەمانی تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن درێژکردەوە.
یاسای ژمارە ١٨ درێژکردنەوەی خولی سێیەمی پەرلەمان لە ٢٠/٨/٢٠١٣ تا ١/١١/٢٠١٣
سەرۆکی هەرێم:
بریاری ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٠٩ درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم تا هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ درێژکردنەوەی ویلایەتی سەۆکی هەرێم بۆ دوو ساڵ.
بەهەمان شێوەش پەرلەمان ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانشی درێژکردۆتەوە.


ئێستا با بزانین پوچەڵی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی شورا لە روی یاساییەوە چیە:

یەکەم: ئەو بڕیارەی ئەنجومەن ( کە تەنها رادەربڕینە بە گوێرەی ماددەی هەشتەمی یاساکەیان) تەنها لەسەر بنەمای تەفسیرکردنی حاڵەتی چۆڵبونی پۆستی سەرۆکی هەرێم دارێژراوە. ئەو بڕیارە باس لە ماوەی دوو خول ناکات بە گوێرەی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ ماددەی سێیەم. پاش ئەو ماوە یاساییە مانەوەی سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەیدا بەهەر بیانویەکەوە بێت ئەوە ماوە بۆ درێژکردنە، جا لە رێگەی پەرلەمان بێت یا دەسەلاتی دادوەری.

دووەم: لەبەر ئەوەی بڕیارەکە زیاتر سیاسیە نەک یاسایی، بۆیە ئەو بەرێزانە ئەو ئەرکەیان نەکێشاوە سەیرێکی یاسای ژمارە ١٩ی ٢٠١٣ بکەن. دەبو بەر لەوەی بیانوتایە لەبەر ئەوەی هیچ دەقێک نییە رێگری بکات لەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم درێژ بکرێتەوە و بەردەوام بێت،  بیانزانیایە ئەو یاسایە هاوچەشنی یاسای ژمارە یەک هەمان هێزی یاسایی هەیە و  بە پێی پرەنسیپی: (الخاص یقید العام)  یاسای ژمارە ١٩ دەبێت لەهەموو پرسێک کە تایبەت بێت بە مانەوەی سەرۆکی ئێستای هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و تەنانەت بکرێتە بنەما. واتە ئەو بەرێزانە دەبوایە لە روانگەی ماددەی یەکەمی ئەو یاسایەوە کە دەلێت ماوەی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکجار تا ١٩/٨/٢٠١٥ درێژدەکرێتەوە دواتر بە هیچ شێوەیەک بواری درێژکردنەوەی نابێت ڕاوێژەکەیان بدایە.

سێیەم: ئەنجومەنی شورا پشتیان بە دەستوری عێراق بەستوە وەک نمونەیەک بۆ بڕیارێکی هاوچەشن. ئەمەش هەڵەیەکی زەقە، چونکە ئەوەی عێراق بە رونی میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی دیاریکردوە کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەبێت و لەو حاڵەتەشدا کاری گۆڕین و هەڵبژاردنی سەرۆک ئاسانتر دەبێت. هەروەها درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆک کۆمار پەیوەست کراوە بە کۆتایی هاتنی خولی پەرلەمانەوە نەک چۆڵبونی شوێنەکەی.

چوارەم: گەورەترین ئیشکالییەتی ئەم بڕیارە لە تەفسیرە سەیرەکەیانە بۆ چۆڵبونی پلەو پایەی سەرۆکی هەرێم. لەمەشدا پشتیان بەهەردوو ماددەی ١٥ و ١٦ بەستووە، کە هیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نییە و مەعتوفی یەک نین. لە ماددەی ١٥ باس لە چۆڵبون دەکات و لە مادەی ١٦ باس لە کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دەکات بەدەر لە حاڵەتی نۆرماڵ و ئاسایی کە کۆتایی خولەکەیەتی.
واتە ماددەی ١٦ تەنها باس لەو حاڵەتە نائاساییانە دەکات کە دەشێ ماوەی سەرۆک کۆتایی پێ بهێنرێت کە بریتین لە : ئەگەر خۆی داوای بکات، وەیا نەتوانێت ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێت،وەیا بەدەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی پەرلەمان متمانەی لێوەربگیرێتەوە. کەواتە ئەو ماددەیە ناکرێت وەک تەفسیرێک بۆ چۆڵبون بەکاربهێنرێت. چونکە لەهەموو حاڵەتێکدا چۆڵبون ئەو بابەتانە دەگرێتەوە بەدەر لەو سێ خاڵەی سەرەوە. ماددەی ١٦ بە هیچ شێوەیەک نە باسی چۆڵبون دەکات و نە ئاماژەی پێدەدات.

پێنجەم: ئەگەر چۆڵبون ئەو تەفسیرە بێت کە ئەنجومەنی شورا مەبەسێتی، ئایا لەم حاڵەتەدا بۆ چی جێگری سەرۆک جێگەی ناگرێتەوە تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن؟ واتە گەر چۆڵبون تەنها بە مردن و وازهێنانی خۆی بێت ئەوا لەم حاڵەتەدا دەبێت جێگری سەرۆک شوێنی بگرێتەوە وەیا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.

شەشەم: کەواتە چۆلبون کە لەمادەی پازدەدا هاتووە تەنها یەک مانای هەیە ئەویش ئەوەیە کە سەرۆک نەتوانێت لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت بەهەر هۆیەکەوە بێت، جا هۆکە مردن بێت یا وازهێنان یا کۆتایی هاتنی خولەکەی یا دەرکردنی. کە یاسای ژمارە ١٩یش بوار بە هیچ درێژکردنەوەیەک نەدات، کەواتە لە ٢٠/٨/٢١٥ پلەوپایەی سەرۆکی هەرێم چۆلدەبێت. لەم حاڵەتەشدا سەرۆکی پەرلەمان بە ئەرکەکانی هەڵدەستێت بۆ ماوەی دوو مانگ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

بە کورتی: لە ٢٠/٨/٢٠١٥ پۆستی سەرۆکی هەرێم بە هۆی کۆتایی هاتنی ماوەی درێژبۆکراوی چۆڵ دەبێت و بڕیارەکەی ئەنجومەنی شورا باطلە و هەر شتێکیش لەسەری بنیاد بنرێت باطل ئەبێت.

خوێندراوەتەوە1493