عه‌دنان عوسمان

ئەو یەک سەعاتەی کوردستانی هەژاند ‌

کتێبەکەی رۆژنامەنوسی ئەمەریکی جۆن رێد بەناوی "ئەو دە رۆژەی جیهانی هەژاند" یەکێکە لە شاکارە جیهانییەکان کە بە وردی باس لەو چەند رۆژە دەکات کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ساڵی ١٩١٧ بە سەرکردایەتی لینین و ترۆتسکی بەرپا کرا. لەو کتێبەوە دەکرێت سەیری ئەو چەند ساتەوەختە مێژویانە بکەین کە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لەسەر روداوەکان هەیە.

رۆژی سێشەممە، ٢٨/٤/٢٠١٥ کاتژمێر دوی پاشنیوەرۆ، بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات. لەو سەردانە خێراییەدا تەنها چاوی بە جەنابی مام جەلال و کەسوکارەکەی دەکەوێت و یەکسەر دەگەڕێتەوە بارەگای خۆی لە پیرمام.

لەم سەردانەدا بارزانی سەردانێکی چا خواردنەوەشی بۆ لای کاک نەوشیروان مستەفا نەکرد، ئەمە لە کاتێکدا کاک نەوشیروان لە ماوەی چەند مانگی پێش ئەو سەردانە چەند جارێک سەردانی بارزانی کرد بو. سەردانەکانی نەوشیروان مستەفا و چاوپێکەوتنەکانی هەردولا جۆرێک لە هیوا و ئارامی بە هاوڵاتیانی کوردستان و لایەنگرانی لایەنە سیاسیەکان دەبەخشی بە جۆرێک هەست دەکرا کە ئیتر ساڵانی ململانێی توندو بارگرژی و تاکڕەهەندی و تاکبڕیاری کۆتایی هاتوەو جۆرێک لە یەکباوەڕی و هەماهەنگی و هاوکاری دەستی پێکردوە. ئەو بینین و سەردانانە هەم نیشانەیەک بو بۆ جدیەت لە هەنگاوەکان سەرباری هەمو رەخنەو تانەو تەشەرەکان کە نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەکەی روبەروی دەبونەوە، هەم هەوڵدان بو بۆ نزیککردنەوەی بۆچون و تێڕوانینەکان. هەماهەنگی پارتی و گۆڕان دوا بازنەی پەیوەندیەکانی هەرێمەکە دەبو دوای باشبونی پەیوەندیەکانی گۆڕان و یەکێتی و ئەو دو بەڕێزە هەنگاوی گەورەیان بۆ نا. لە دوای ئەو سەردان و یەکبینینانە پێشبینی ئەوە دەکرا کە هەردو ئەو سەرکردەیە، پێکەوە رەنگڕێژی سیاسەتی داهاتوی هەرێم، لەهەمو بوارەکاندا دەکەن و ئاستی هەماهەنگی و راوێژ و پرس و رایان سنورێکی بۆ نابێت.
کەچی بە پێچەوانەی ئەو هەنگاوانەی سەرۆکی گۆڕان، سەرۆکی پارتی لەسەردانە خێراکەیدا بۆ سلێمانی نە هەوڵی سەردانی نەوشیروانیدا و نە هەوڵی پەیوەندی گرتن.

لەوانە بو ئەمە ئاسایی بوایە، رەنگە سەرۆکی پارتی کاتی تەواوی لەبەردەستدا نەبوبێت یا پێشتر هەماهەنگی بۆ یەکتر بینینەکە نەکرابێت، یان رێکخەری گۆڕان کات و ئامادەیی تێدا نەبوبێت و دەشێت لە سات و کاتی تردا یەکتر ببینن، واتە مەرج نییە هەر سەردانێکی کاک مەسعود بۆ سلێمانی دەبێت دیداری کاک نەوشیروانی تێدا بێت یا هەر سەردانێکی کاک نەوشیروان بۆ هەولێر دەبێت بینینی کاک مەسعودی تێدا بێت. بە دیوێکی تریشدا ناکرێت یەکتر نەبینینی دو سەرکردە ئیتر سەرەتای کۆتایی هاتنی پەیوەندیە گەرم و گوڕەکانی نێوانیان بێت.

وەک کەسێک کە بەوردی چاودێری دۆخی ئارامی نێوان لایەنە سیاسیەکان بە تایبەت گۆڕان- یەکێتی، گۆڕان – پارتیم دەکرد و پێی دڵخۆش بوم، یەک نەبینینەکەم پێباش نەبو، بەڵام لەسەرەتادا هەستم نەکرد ئەوە پلان و کاردانەوە بێت، بەڵکو دەمگەڕاندەوە بۆ بێپلانی و لاوازی کورد لە کاری دیبلۆماسی و ئەتەکێتی سەردانەکان.

بەڵام ئەمە وانییە!
لەراستیدا سەرنەدانی کاک مەسعود بۆ لای کاک نەوشیروان جۆرێک لە هەڵوێستی سیاسی و بە پلان و نەخشە بوە نەک رێکەوت.

هەر لە دوای ئەو سەردانە خێرایە، سەرکردەیەکی باڵای پارتی کە یاوەری کاک مەسعود بوە لەو سەردانەدا، لەڕێگای رۆژنامەنوسێکی گۆڕانەوە پەیامێک بۆ گردەکە دەنێرێت کەوا سەرۆک لە هەڵسوکەوتی گۆڕان و کاک نەوشیروان ناڕازیەو ئەو سەرنەدانەشی ئاماژەیەکە بۆ ئەو نیگەرانییەی، واتە ئەنجامنەدانی سەردانەکە جۆرێک بو لە هەڵوێست وەرگرتن دژ بەهەڵوێستەکانی گۆڕان.

ئەمەش دەکرێت بچێتە خانەی ململانێ و نازی سیاسیەوە گەر لامان رون نەبێت ئەو هەڵوێستانەی گۆڕان چی بون کە پارتی نیگەران کردوە.

گۆڕان لەو ماوەیەدا هاوتەریب لەگەڵ باشکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی و سەرۆکی هەرێمدا، سەرقاڵی باشتر کردنی ئەو پەیوەندیانە بوە لەگەل یەکێتیدا. رێکخستنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ یەکێتی گرنگیەکی حەیاتی بۆ گۆڕان هەبو، هەم لەبەر ساڵانێکی دورو درێژ لەکاری پێکەوەیی کە هەر جۆرە بارگرژیەک بە ئاراستەیەکی زۆرخراپدا دەڕۆشت، هەم لەبەر هاوبەشی پێگەی کاری جەماوەری و یەکبونی سنوری ئیداری کاروچالاکی هەردولا. گۆڕان و یەکێتی دوای ململانێیەکی زۆر سەخت و دژوار، لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و پێکەوە بەرێوەبردنی ناوچەکە بە هاوکاری و بەشداری لایەنەکانی تر رێککەوتن و پۆستەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. هاوکات جۆرێک لە نزیکبونەوەی سیاسی لە دیدگاکانی هەردولا دروست بو لەسەر پرسە گرنگەکان بە تایبەت سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستاندا کە هەردولا پێشتریش و بە شێوازی جۆراو جۆر تەعبیریان لێ کردبو. کەواتە، ئەگەر و هۆکاری بەهێزی زویربونی بارزانی لە گۆڕان، نزیکبونەوەی یەکێتی و گۆڕان بوە لەو ماوەیەدا. حاڵەتێکی سەیر و نامۆیە ئەو ئارامی و هێمنییەی باڵی بەسەر ناوچەی سلێمانیدا کێشابو و باشتر بونی پەیوەندی گۆڕان و یەکێتی ئازاری سەرۆکی هەرێم بدات و نارەحەتی بکات و پێی وابێت هەر نزیکبونەوەیەکی لایەنەکانی تر لەیەکتری ئەوا جۆرێکە لە گەلەکۆمێ و گەمارۆدانی پارتی.

کەسێک کە سەرۆکی هەرێم بێت و بەرپرسی یەکەمی وڵاتێک بێت چۆن دەبێت باشبونی پەیوەندی لایەنە سیاسیەکان، کە خەریک بو ناکۆکیەکانیان دەگەشتە ئاستی شەڕی دەستەو یەخەو یەکتر سڕینەوە، بێزاری بکات و هەڵوێستی سلبی لێوەربگرێت؟ چی لەوە باشترو مژدەبەخشتر هەیە بۆ سەرۆکی وڵاتێک کە لەجەنگێکی گەورەی سەربازی و دەرونی و ئابوریدایە لەگەڵ داعش و بەغداو دەوروبەردا، بەشێکی گرنگ لە وڵاتەکەی بەرەو سەقامگیری و ئارامی بڕوات. ئایا ئەم هەنگاوانەی گۆڕان و یەکێتی شایانی موبارەکەو دەستخۆشی و هاندان بو لە سەرۆکی هەرێمەوە یا سزادان و بەچاوی گومان و دڵڕەشیەوە سەیرکردنیان؟ ئایا دەبوایە سەرۆکی هەرێم کاری زیاتری بکردایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی مەحەلی لە هەمو پارێزگاکان بە چەشنی سلێمانی و رەوینەوەی لێکتێنەگەشتن و دردۆنگی، یا رێککەوتنی لایەنەکانی دەرەوەی قەڵەمڕەوی خۆی نیگەرانی بکات؟ حیکمەت لەم نیگەرانییە چیە؟ هۆکارەکەی چیە؟

من نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ فەرهەنگی دەوڵەمەندی کورد لە دڵپیسی و بێمتمانەیی و گومان لەیەکتر و، فەرهەنگی لاوازی کورد لە هاوخەباتی و پێکەوە کارکردن. لەو بڕوایەدام لەوبارەوە ژمارەی پێوانەییمان لە سەرانسەری جیهان و هەمو مێژوی مرۆڤایەتیدا تۆمار کردوە، ئەوەی دەمەوێت لەم پرسەدا بیڵێم وەک تەنها هۆکار ئەوەیە کە بەڕێز مەسعود بارزانی تەنها لەخەمی پارتەکەیدایە، تەنها بەرژەوەندی پارتەکەی لا گرنگە، هەمو حساباتێکی سیاسی ئەو لەسەر مەوقعییەتی پارتەکەیەتی. ئەو هەمیشە لە ئاخاوتن و سەردان و هەنگاوەکانیدا لەبیری دەچێت کە سەرۆکی هەرێمە بە هەمو لایەنەکانییەوە، ئەو خۆی پێش ئەوە بە سەرۆکی پارتی دەزانێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی پارتی لا گرنگترە.

هەربۆیە نزیکبونەوەی یەکێتی و گۆڕان لای ئەو مەترسیەکە بۆ پێگەی پارتی. لای بەڕێزیان گرنگتر لە کاری هاوبەش، خولانەوەیە لەدەوری فەلەکی پارتی. ئەو بە پێویستی دەزانێت لایەنەکانی تر بە تایبەت یەکێتی و گۆڕان هێزێکی لاوازی بێ ئیرادەی ئەوتۆ بن کە ژیانیان بەستراو بێت بە ئیرادەی پارتیەوە. لای ئەو نزیکبونەوەی گۆڕان و یەکێتی مەترسی دەبێت بۆ هەیمەنەی پارتی لە کۆمەڵگاو حکومەت و پەرلەمان و زۆرایەتیەکەی دەخاتە لەنگیەوە. بۆیە هەر هەنگاوێک بەو ئاراستەیە بۆ سەرۆکێک کە هەمو ژیانی لەو ململانێیەدا بەسەر بردبێت و شارەزایەکی بە ئەزمونی کوچەو کۆڵانی عەقڵی سیاسی و حیزبی کوردستان بێت، دەبێتە خاڵێکی هەستیار بۆ پێگەی پارتەکەی. کەواتە سەرۆک لەوە نیگەرانە کە نەوشیروان پەیوەندیەکانی لەگەڵ یەکێتی باشتر کردوە، ئارامییەکی بەو ناوچەیە بەخشیوە، دەسەڵاتەکانی بەشێوەیەکی تا ئاستێک عادلانە دابەش کردوە. ئەمە دڵی سەرۆک کرمێ دەکات تا ئاستی ئەوەی نەک هەر رەدول زیارەی نەوشیروان نەکات لە شارەکەی خۆی، بەڵکو پەیامێکی ناراستەوخۆ لە رێگەی کەناڵێکی ناحزبیەوە (سەرباری بونی هەموو ئەو کەناڵە رەسمیانە) دەنێرن کەوا سەرۆک نیگەرانەو دەیەوێت بەم شێوەیە سزای نەوشیروان و گردەکە بدات.

ئەم هەنگاوەی سەرۆک، و تەنها ئەم هەنگاوە، سەرەتای ئاڵۆزبونی پەیوەندیە سیاسیەکانی هەرێم و روکردنێتی لە تونێلێکی تاریکی داخراو. سەردان و یەک نەبینینەکە مەسەلەیەکی لاوەکییە لە ئاست پەیامی پشت ئەو هەنگاوەوە. چونکە سەرۆک ئەو سەردانەی تەنها بۆ ئەو مەبەستە رێکخستبو، تەنها دەیویست ئەو پەیامە بگەیەنێت. بۆیە بەو حوکمەی هەم خۆی هۆکاری ئەو وەزعەیە، هەم کەسی باڵای یەکەمی هەرێمە، دەبێت بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەم بارودۆخە لە ئەستۆ بگرێت و دان بەوەدا بنێن کە سیاسەتەکانیان زۆر حیزبی و زۆر تەسکبین بون. ئەمەش مەترسیەکی گەورە بۆ ئایندەی هەرێمەکە دروست دەکات لە کاتی هەوڵدان بۆ چەند بارە کردنەوەی خولی سەرۆکایەتی هەرێم. 

خوێندراوەتەوە2748