عه‌دنان عوسمان

بۆ لەم کاتەدا قەندیل‌


دەبێت لە نێوان سێ پرسی گرنگدا هەڵوەستەیەک بکەین، ئەو سێ بابەتە سەرەتای تێکدان و سەرلەنوێ هەوڵدان بۆ داڕشتنەوەی نەخشەیەکی نوێیە لە ناوچەکەدا.

یەکەم: کاتێک ئەمریکا دەلێت شەڕی داعش ساڵانێکی دوورو درێژ دەخایەنێت، مەعلومە ئەژیندای ئەمریکا بۆ ئەو پرسە چیە: کۆکردنەوەی زۆرینەی جیهادییەکان و لایەنگرانی توندڕەویە لەم ناوچەیەو دورخستنەوەی مەترسیەکانیان لەسەر ئەمریکا و ئەوروپا، پەنابردنی زیاتری دەسەلاتدارانی ناوچەکە بۆ پاسەوانێتی و ئامادەیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هەڵتەکاندن و داچۆرێنی بیری جیهادی  لە ولاتە ئیسلامیەکاندا و دواجار رێکخستنەوەی ناوچەکە بە گوێرەی بەرژەوەندی و پێداویستیەکانی جیهانی نوێ، ئەمەش لە رێگەی خاپورکردنی ژێربیناو سەربینای ناوچەکەو بە تایبەت ئەو وڵاتانەی گەرای توندڕەوی ئیسلامی تێدا بەهێزترە.

کەواتە ئەمریکا ستراتیجیەتێکی درێژخایەنی پشودرێژانەی هەیە و لە هەوڵی گەلاڵەکردن و پیادەکردنێتی بە دەر لە دەرهاویشتە سیاسی و ئینسانیەکانی ئەو جەنگە.

دووەم: ئۆردوگان وا هەست دەکات بە زۆرەملێ لەسەر خەونی عەرشی پاشایەتی تورکیا و جیهانی ئیسلامی لابراوە. دەرهاویشتەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایە، کاریگەری سەختی بەسەر دەرون و بیرکردنەوەی ئەو پیاوەدا داناوە. ئەو لە توانایدا نییە شەریک بۆ دەسەلاتەکەی پەیدا بکات، وەیا لە بەڕیوەبردنی وڵاتدا هاوبەشێکی هەبێت. بیرکردنەوەو رەفتاری ئەو، هی کەسانێکە کە دەیانەوێت بە تەنها و بە ویستی خۆیان حوکمڕانی بکەن و لەهەموو شتێکدا باڵادەست بن. لەو پێناوەدا نە گوێ بە دەستور و نە بەیاسا و نەبە عورف دەدات. هەڵبژاردنەکان بۆ ئەو پیاوە تێکشکانێکی دەرونی و سیاسی کاریگەر بوو، بۆیە بەردەوام لەهەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخەکەدایە لە پێناو دوو مەبەستدا: یەکەم ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و پەکخستنی ئەم پرۆسە سیاسیەی ئێستا کە هەم حزبەکەی لاواز کردوەو هەمیش کوردی کردوە بە هێزێکی کاریگەر لە تورکیا و ناوچەکەدا. ئۆردوگان چیتر ناتوانێت لە ژێر ماسکی ئینساندۆستی و موسڵماندارێتیدا نییەتە راستەقینەکانی بشارێتەوە، دووەمیش ئەوەیە کە دەیەوێت خۆی وەک فریادرەس و رزگارکەری کۆمەڵگای تورکی پێشان بدات و تەنها کەسێک بێت کە هاوچەشنی ئەتاتۆرک تورکیای نوێ بەرەو ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ببات ، بەمەش هەم رەوایەتی بە ئیستبداد و تاکرەوی خۆی بدات و هەمیش سەهمی حزبەکەی زیادبکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا. بە کورتی ئۆردۆگان لە دەرگاوە کرایە دەرەوە، بەلام ئەو تەسلیم نابێت و دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت لە پەنجەرەوە خۆی بخزێنێتە نێو خەون و حەزەکانی.


سێیەم: پارتی جاران هێزێکی کاریگەری بەشەکانی کوردستان بوو بە تایبەت رۆژئاوا و باکور. زۆرینەی حزبەکانی ئەوێ یا دەستکردی خۆی بون یا هاوپەیمانی بون. وەک دەبینین ئێستا هیچ کاریگەریەکی بەسەر رۆژئاوادا نەماوە.

 حزبەکانی لایەنگری ئەو، کەمترین رۆڵ و چالاکیان لەو بەشەدا هەیە. لایەنگرانی پکک بەتەواوەتی دەسەلاتیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا سەپاندووە. لە بەشی باکوریش و بەتایبەت دوای دەرکەوتنی بەهێزی هەدەپ، پارتی ئیتر ناتوانێت هیچ نەقشێکی گرنگ لەو بەشەشدا بگێڕێت. واتە کارتەکانی پارتی لەو بەشانەدا تادێت لاوازتر دەبێت. سەرباری ئەمەش هەست بە بڵاوبونەوەی ئیمتدادی لایەنگرانی پکک لە ناوچە تەقلیدیەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەکرێت. لە شەنگال تەنگیان بە نفوزو دەسەڵاتی پارتی هەڵچنیوە، لە ناوچە سنوریەکان سەرقاڵی ئیدارەی جیاوازن لەدەرەوەی دەسەلاتی پارتی. ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە بۆ مەوقعییەتی پارتی. بیرمان نەچێت هەر دوای بەهێز بونی لایەنگرانی پکک لە بەشێک لە ناوچە سنوریەکان و ئەگەری پێکهێنانی کانتۆنی سەربەخۆ،  چەندین بەرپرسی باڵای پارتی داوای چۆڵکردنی قەندیل ودورخستنەوەی  پ ک ک یان کردوە.

بەدەر لەم فاکتەرە گرنگانە، جۆرێک لە سادەییە گەر پێمان وابێت ئەم هەنگاوانەی تورکیا، لە تۆڵەی چەند سەرباز و پۆلیسێکە وەیا مەترسی هێرشی داعشە بۆ ناوەوەی تورکیا، چونکە مەترسیەکانی داعش جارێک بۆ ناحەزانی دەوڵەتی تورکیایە نەک بۆ دۆستەکانی.

دواجار ئایا دەتوانین بیر لەم چەند روداوە خێرایانە نەکەینەوە: پەیوەندی ئۆباما و ئۆردوگان کە ماوەیەکە پچڕاوە، رازی بونی تورکیا بە بەکارهێنانی خاکەکەی وبە تایبەتتر مۆڵگەی ئەنجەرلیک لە خزمەتی هێزەکانی ئەمریکادا، سەردانی وەزیری برگری ئەمریکا بۆ هەرێم ؟؟؟

خوێندراوەتەوە4484