ته‌ها سۆڵه‌یی

بانگى محمد به‌ ئاشكرا خۆشه‌ .. به‌ڵام :‌


سوپاس بۆ خوا ئه‌مساڵيش گه‌يشتينه‌ ره‌مه‌زان ..هيوادارم بتوانين به‌سه‌ركه‌وتويى و رووسوورييه‌وه‌ ميواندارى شايسته‌ بكه‌ين له‌م مانگه‌ پڕ له‌ به‌ره‌كه‌ته‌. ..

ره‌مه‌زان تاقيكردنه‌وه‌ى توانا و خۆگريى مرۆڤه‌كانه‌ ..چه‌ندێ ره‌مه‌زان پیرۆز و گرنگ بێت ، ئه‌وه‌نده‌ش قورس و به‌ئه‌رك و ناڕه‌حه‌ته‌...به‌تایبه‌تی له‌وڵاتی ئێمه‌دا :

كه‌ش وهه‌واى وڵات گه‌رمه‌ و هۆكارى فێنك كردنه‌وه‌ ، كاره‌باى پێويستى نييه‌..

بازاڕ سه‌قامگير نييه‌ ..شتومه‌ك گرانه‌..

سنووره‌كانمان گڕيان لێئه‌بێته‌وه‌ و شه‌ڕێكى نه‌گريس يه‌خه‌ى پێگرتووين ..

مووچه‌ نييه‌ و بژێوى خه‌ڵكيى له‌ته‌نگژه‌ و قه‌يراندايه‌ ..

به‌نزين نييه‌ ..كه‌پێشتريش هه‌بوو ، زيانێكى زۆرى دا له‌ فيول په‌مپ و سه‌ياره‌ى هاوڵاتيان ..

سیاسه‌ت و نێو ماڵى كوردى زۆر كۆك و ته‌با نييه‌ ..

كۆتايى ساڵه‌ و قوتابيان له‌ تاقيكردنه‌وه‌كاندان ، به‌تايبه‌تى تاقيكردنه‌وه‌ وه‌زاريه‌كان ( به‌كالۆريا ) ..

له‌سه‌روو ئه‌م هه‌موو سترێس و بارودۆخه‌ ناخۆشانه‌دا ، ئينجا عه‌ره‌ب وته‌نه‌ى ( فۆگل حلو حه‌لاوه‌ ) "ده‌نگى بڵند و بێزاركه‌رى بڵندگۆی مزگه‌وته‌كان ..."

حه‌ق وايه‌ موكه‌بيره‌كان ته‌نها بۆ بانگدان به‌كار بێت و هيچى تر.. به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ مزگه‌وته‌وه‌ ، ئه‌م بڵندگۆيانه‌ نه‌ك خه‌ڵكى بانگ ناكه‌ن بۆ مزگه‌وت ، به‌ڵكو راويان ئه‌نێن ..هه‌رچى بانگو سه‌ڵاو و نوێژ و قورئان خوێندن و وتار و زيكرى ياحه‌ننان و يا مه‌ننان هه‌يه‌ ، ئه‌درێته‌ ئه‌و بڵندگۆيانه‌ و تا ده‌ و نيوى شه‌و عاله‌ميان وه‌ڕس كردووه‌..

من نازانم حيكمه‌ت چییه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵسو كه‌وت و قيامى ناو حه‌ره‌مى مزگه‌وته‌كان ئه‌درێن به‌ده‌ره‌وه‌ ..؟

كێ هه‌يه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى مزگه‌وت بێت ( له‌سه‌ر جاده‌ ) ، ( له‌ناو سه‌ياره‌دا ) ، يان( ماڵه‌كانى ده‌وروبه‌ر ) دانيشێت گوێ له‌نوێژ و قورئان خوێندن و خوتبه‌ى بێ سه‌ر و بنى مه‌لاى مزگه‌وت بێت .....

ئاخر من خۆم شاهێدم كه‌ خه‌ڵكى چه‌ند ناڕازين له‌ هه‌ڵس و كه‌وتی ئه‌و مزگه‌وتانه‌..

ماڵه‌كان نه‌خۆشيان تيايه‌ ، بۆ به‌ده‌نگى به‌رز و ناساز ئيسراحه‌تيان لێهه‌ڵگرين ؟

ماڵه‌كان قوتابى دوانزه‌ى ئاماده‌يى و زانكۆيان هه‌يه‌ ، بۆ هه‌راسانیان ئه‌كه‌ين ..؟

ئه‌وه‌ى ئه‌هلى مزگه‌وت بێت ، خۆى له‌حه‌ره‌مه‌كه‌دايه‌ و له‌نزيكه‌وه‌ گوێى لێيه‌تى و به‌شداره‌ و ئه‌یڵێته‌وه‌..

ئيشپێكردنى بڵندگۆى مزگه‌وته‌كان له‌م ره‌مه‌زانه‌ و له‌م هه‌موو سترێسه و ناڕه‌حه‌تييه‌ ده‌رونيه‌دا ، دروستكردنى شه‌ڕێكى ترى ده‌روونى نه‌بێت ، هيچى تر نيه‌.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ده‌نگى به‌رز ، هۆكارێكى پيس بوونى ژينگه‌يه‌ به‌ ژاوه‌ژاو.. ئێستا واى لێهاتووه‌ به‌ هۆى ئه‌و ئيزعاجييه‌ زۆره‌ى كه‌ به‌ناحه‌ق درووست ده‌كرێت بۆ هاوڵاتيان ، خه‌ڵكى حه‌زناکه‌ن خانووه‌كانيان نزيكى مزگه‌وت بێت ..خۆ له‌ ڕۆژيشدا ، به‌هۆى پرسه‌ و ته‌عزيه‌خانه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئيتر هه‌ر مه‌پرسه‌ چى جۆره‌ خنكانى هاتوچۆ و رێگا گرتن و ئه‌ركى زياده‌ ده‌رودراوسێى مزگه‌وته‌كانى هه‌راسان كردووه‌ ..

ئه‌رێ برايينه‌ چما مزگه‌وت شوێنى ئارامى ده‌روون و موناجات نييه‌ له‌گه‌ڵ خواى په‌روه‌ردگاردا ..؟!نوێژ و دۆعاو پاڕانه‌وه‌كانمان ئه‌صڵه‌ن پێويسته‌ جۆرێك تايبه‌تمه‌ندیی خۆى هه‌بێ.. هه‌ركه‌سه‌ و به‌ نهێنى راز و نياز بكات له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌ى خۆيدا كه‌ خواى موته‌عاله‌ و ئه‌ويش بيسه‌ر و بينه‌ر و عاليمه‌ به‌حاڵمان ..

ئێمه‌ له‌ ره‌مه‌زاندا ته‌نها ديارده‌يه‌كى ( ده‌نگيين ) و هيچى تر...!

با واز بێنين له‌(قاڵ )و ببين به‌ ئه‌هلى ( حاڵ ) ..

ئه‌صڵ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به‌ بێ ده‌نگيى خه‌ڵك بۆ لاى خوا بانگ بكه‌ين .. نه‌ك به‌ ده‌نگى به‌رز راويان نێين ..

تكايه‌ به‌سه‌ ئيتر له‌مه‌ زياتر با مزگه‌وته‌كانمان نه‌بنه‌ هۆكارى دروستكردنى ئيزعاجى و ئه‌رك بۆ به‌نده‌كانى خوا ..


تاها سۆڵه‌يى
دارولمولكى بابان
3 ى ره‌مه‌زان 2015

خوێندراوەتەوە1136