عه‌دنان عوسمان

بۆ پرسی سەرۆکی هەرێم‌

 بۆ پرسی سەرۆکی هەرێم
تەنها ئەم دوو سیناریۆیە گونجاوە

 لە ٢٥/٧/٢٠٠٩دا بە هۆی هاوپەیمانی یەکیتی و پارتیەوە، کاک مەسعود بارزانی توانی نزیک بە ٧٠% دەنگەکانی هەرێم بهێنێت. پشتیوانی بەرچاوی جەنابی مام جەلال رۆڵێکی گەورەی لەو سەرکەوتنەدا بینی. گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوش بە شێوازی تر هاوکاری سەرخستنی ئەو مەسەلەیەدا بون بەو حوکمەی هیچ کاندیدێکیان بۆ سەرۆکایەتی هەرێم نەبوو وە نەچونە پاڵ هاوکاری کردنی هیچ کاندیدێک. ئەمەش کارەکەی زیاتر مەیسەر کرد.

لەگەڵ نزیکبونەوەی کۆتایی هاتنی وادەی سەرۆکی هەرێم ،دەربازبون لەو بابەتە لە دوو سیناریۆ تێناپەڕێت.

سیناریۆی یەکەم:
ئێستا کە چ یاسا و چ عورف و چ بەرژەوەندی باڵای هەرێم رێگە بە سێبارە کاندید بونی جەنابی کاک مەسعود نادەن، هەق وایە هەر پێنج لایەن: پارتی و یەکێتی و کۆمەل و یەکگرتو و گۆڕان لەسەر کاندیدێکی تەوافقی ریکبکەون جا چ لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت یا بە گویرەی یاساکە لە لایەن خەڵکەوە (باشتر وایە لە لایەن هەیئەتێکی هاوبەشەوە کە لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم پێکدێت، هەڵببژێردرێت و یاسای سەرۆکایەتی بە گوێرەی ئەوە تەعدیل بکرێت).

ئەو دیاریکردنەی کاندیدەکە دەبێت بە گوێرەی دابەش بونی دەسەڵاتەکان و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت لە هەرێمدا.


سیناریۆی دووەم:
 لە حاڵەتی سوور بونی پارتی لە کاندیدکردنەوەی کاک مەسعود و گۆڕینی یاساکان بەو شێوەیەی بوار بە خولێکی تر بداتەوە. ئەوا هەق وایە چوار لایەنەکەی تر  لەسەر کاندیدێکی هاوبەش رێک بکەون و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بکەونە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، جا چ لە لایەن پەرلەمان بێت یا راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە بە گوێرەی یاساکەی ئێستا.

 نەبونی کاندیدی ئەو لایەنانە بەهەر بیانویەکەوە بێت ئاماژەی سلبی دەبێت، و هەڵکردنی چرای سەوزە بۆ لایەنی تر کە ئەوان بێلایەن دەبن لەو پرسەو رێگر نابن لەبەردەم ئەو کاندیدبونەوەی کاک مەسعود.

ئەگەرچی ئەمەش بە گوێرەی چەند بەڵێنێکی تر بێت بۆ هەندێک گۆڕانکاری لە دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێم ،وەیا رازی بونی پارتی بێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە نێو پەرلەماندا. لەوانەیە ئۆپۆزسیۆنی جاران و یەکێتی پێیان وابێت ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە، کە لە راستیدا جگە لە یاریکردن بە یاساکان و پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی حوکمڕانی هیچی تر نییە.

ئەسڵی مەسەلەکە لەوەدا نییە سەرۆک لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژیرێت یا لە لایەن پەرلەمانەوە( لە هەندێک ولاتی پەرلەمانیش سەرۆک راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت)، ئەسڵی مەسەلە رێزگرتنە لە پرەنسیپی دەستاودەست کردنی دەسەلاتەکان و پاوەن نەکردنی بۆ کەسێک و لایەنێک، ئەمە تەنها ناوەرۆکی حوکمی رەشیدی دیموکراسییە.

بۆیە دەبێت لایەنەکان لە چوارچێوەی ئەو دوو سیناریۆیەدا خۆیان یەکلا بکەنەوە.

پەنا بردن بۆ سیناریۆی سێیەم، جگە لە خۆ نابوت کردن، تەسلیم بون بە ئیرادەی ئەوی تر، بێئیرادەیی و بێتوانایی لە تەحەداکردن، گۆڕینی واقعی سیاسی کوردستان بۆ شێوازێکی ئیماراتی و دەسەلاتی هەتاهەتایی جێگیر هیچ ئاکامێکی تری نابێت.

خوێندراوەتەوە1832