عه‌دنان عوسمان

نامەیەک بۆ کاک مەسعود بارزانی‌


بەڕێز جەنابی کاک مەسعود
پیش ئەوەی بڕۆمە ناواخنی نامەکەمەوە، دەمەوێت ئەم چەند دێڕە بۆتان نەقل بکەم:

"  نامەوێ مێژووی خۆم لە خەبات بۆ رزگاری و ئازادی کوردستان بە هیچ شتێکی دیکە بگۆڕمەوە. مرۆڤ زیاتر بە خەبات و کار و بەخشش بۆ گەل و نیشتمان و مرۆڤایەتی دەناسرێتەوە نەک بە پلە و پۆست و ناونیشانی وەزیفی و ئیدارییەوە"

" دەبێ بە هەموومان نموونەیەکی جوانی دیموکراسی پێشکەش بکەین، نابێت هیچ کەس بە کورسییەکەیەوە بچەسپێت و، نابێت رێگە بدرێت سەرۆکی هەتا هەتایی هەبێت لە کوردستاندا. من بۆ خۆم باوەرێکی تەواوم بەوە هەیە کە کاتێک پۆستێک لە لایەن کەسێکەوە بەجێدەهێڵدرێت، دەبێ گەل ئەو پرسیارە بکات کە بۆچی ئەو پۆستە بەجێدەهێڵێت، نەک گەل بگاتە رادەی ئەوەی ئەو پرسیارە بکات کە بۆچی ناڕوات"

ئەوەی سەرەوە بەشێکن لە نامەیەکی بەڕێزتان کە لە ١٦/٧/٢٠١٣ ئاراستەی خەڵکی کوردستانت کردوە. من لێرەدا بە ئاماژەدان بە ناوەرۆکی ئەو نامەیە و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و واقعی ئەمرۆی کوردستان، دەمەوێت سەرنجتان بۆ چەند خالێک رابکێشم. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەمە دوو شتە:

یەکەم: واقعی حاڵ پێمان دەڵێت زۆرجار کەسە نزیکەکانی بەرپرسانی باڵا، تەنها ئەو شتانە دەخەنە بەرچاوی بەرپرسەکانیان کە ناکۆک نەبێت لەگەڵ ویست و ئیرادەی خۆیان نەک ئەوەی لە واقعدا دەگوزەرێت. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەندێکجار وا دەربکەوێت کە ئەو بەرپرسە زۆر دورە لە واقع و ئەو مەسەلانەی لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێت.

دووەم: لەقسەو باس و گفتوگۆکانی خۆم لەگەل بەشێک لە کادر و بەرپرسانی پارتی، لە گوێگرتن لە قسەو باسەکانیان لە نێو کۆڕ و کۆبونەوەو چاوپێکەوتنەکاندا، هەست بەوە دەکەم کە بەشی سەرەکی خەمی ئەو بەڕێزانە دۆزینەوەی دەروازەیەکە بۆ مانەوەی بەڕێزتان لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم. ئەوە بووە بە بەشێکی سەرەکی پشتی وتار و هەوڵەکانیان. وا هەست دەکرێت کە ئەو کادرانە هەم لە خۆشەویستی و دڵسۆزیان بۆ بەڕێزتان و هەمیش لە بێئاگایی لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانی سیستەمی دیموکراسی، پێیان وایە ناکرێت لە هەرێمدا جگە لە کاک مەسعود کەسێکی تر  سەرۆک بێت، وە کە سەرۆکیش بوو ناکرێت دەسەلاتەکانی لاواز یا تەشریفاتی و پرۆتۆکۆلی بێت.

چەندین جار ئەوەمان بەرچاو کەوتوە کە لێرەو لەوێ دەوترێت: چۆنە ئا لەم ساتەوەختەدا، کە سەرۆک و پێشمەرگە سەرقاڵی شەڕی تیرۆریستانی داعش و پرسی سەربەخۆیین، ئێوە قەوانی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم لێدەدەن؟  کە باسی ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن و دەستاودەستی پۆستەکان دەکەیت، ئەوانە پێیان وایە ئەمە پیلانێکی ترە، دەستێکی دوژمن و ناحەزانی سەربەخۆیی کوردستانە، کە دەیانەوێت لەم کاتەدا سەرقاڵی مەسەلەیەکی لاوەکیمان بکەن!

بەداخەوە ئەوە ئەو واقعەیە کە تێیدا دەژین و رۆژانە بەشێوازی جۆراو جۆر خۆی دەردەخات.

بۆیە لێرەدا دەمەوێت راشکاوانە ئاماژە بە چەند خالێک بکەم:

یەکەم: هەوڵێک هەیە بۆ بەستنەوەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بە پرسی دەستوورەوە. هۆکاری ئەمە مەعلومە ئەویش ئەوەیە لە پاش پەسەند کردنی دەستوور رێگا بە بەڕێزتان بدرێت بۆ دوو خولی تر خۆتان کاندید بکەنەوە. جێگای نیگەرانییە مەسەلەیەکی وا گرنگ و هەستیار و نیشتمانیی وەک پرسی دەستوور کورت بکرێتەوە بۆ تەنها رێگەدان بە کاندید بونەوەی سەرۆکی ئێستای هەرێم. ئەمە دوور کەوتنەوەیە لەبەها بایەخدارەکانی دەستوور کە دەبێتە هۆکاری سەقامگیری سیستەمی حوکمڕانی و دەسەلاتەکانی ئەم بەشەی کوردستان.

سەیرە بەم شێوەیە و بێ هیچ حسابکردنێک بۆ پرسی دیموکراسی، بیر لە فێڵێکی شەرعی بکرێتەوە لە چەشنی هەمان ئەو شێوازانەی کە لە وڵاتە نا دیموکراسی و دیکتاتۆرەکاندا پیادەدەکرێن، کە بەڕێزتان هەم دەزانن چٶن ئەو کارەیان دەکرد و هەمیش بە چ ئاکامێک گەیشتن. تێناگەم بۆ لەبری کاری دامەزراوەیی و دەستاودەستی پۆستەکان بیر لە دۆزینەوەی رێگە چارەی نا ئسوڵی و نایاسایی و دور لە عورفی حوکمڕانی دیموکراسیانە بکرێتەوە؟

دووەم: بەڕێزتان بە گوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ دوو خول سەرۆکی هەرێم بوون. دواتر پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێک ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکردەوە لە ٣٠/٦/٢٠١٣. بەم شێوەیە بەڕێزتان بەسەریەکەوە ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵە سەرۆکی هەرێمی کوردستانن. بە گوێرەی یاساکە ماوەی سەرۆکی هەرێم تەنها دوو خولە، بە گوێرەی بڕیاری ماوەدرێژکردنەکەی پەرلەمانیش تەنها بواری دوو ساڵ هەیە بۆ یەکجار.

بەم شێوەیە بە هیچ شێوەیەک بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم هیچ بوارێکی یاسایی بۆ خۆکاندیدکردنەوەتان نەماوە. هەوڵدان بۆ پەنا بردن بۆ دەستوور لە لایەن هەندێکەوە تەنها هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی نا یاسایی و فێلکردن لە یاسا و هیچی تر. ئەسڵی پرەنسیپی ولات بەرێوەبردن دیاریکردنی ماوەی سەرۆکایەتیەکانە کە بوار بۆ درێژکردنەوەیان نەبێت، بێ گوێدانە ئەوەی ئەو کەسە چەندە پێویستە، چەندە لە کارەکانی سەرکەوتوە، چەندە توانیویەتی وڵات بەرەو ئارامی و خۆشگوزەرانی ببات، وەیا بە پێچەوانەوە چەندە شکستخواردوو بوە لە کارەکانیدا.

حیکمەتەکە لەوەدایە ئەو پۆستە دەستاودەست بکرێت بێ گوێدانە ئەو بیانوانە. چونکە خۆتان دەزانن لە مێژوی ولاتانی دیموکراسیدا چەندەها کەسایەتی گەورەو مەزن هەبووە کە شایانی چەند بار کاندیدکردنەوە بون، بەلام واقعی یاسایی و دەستوری ئەو بوارەی نەداوەو رێگر بوە لە هاتنە کایەی نەریتێکی لەم چەشنە، جگە لەو ولاتانەی کە رێز لە یاساو دوستور و عورفە دەیموکراسیەکان ناگرن.

 بۆیە لە ئێستادا هیچ بوارێکی یاسایی لەبەردەم کاندید بونی بەڕێزتان نەماوە، جا ئەمە چەندە بە دڵی لایەنگر و هەوادارانی بەرێزتانە، وەیا لەم ساتەوەختەی خەباتی گەلەکەماندا کە روبەروی جەنگی دژ بە تیرۆر و شەڕی پیرۆزی سەربەخۆییداین، بوونی ئێوە لەو پۆستەدا چەندە پێویستە، وەیا چ بۆشاییەک لە پۆستی سەرۆکایەتیدا جێدێڵێت، ئەمانە لەوانەیە دروست بن. بە دڵنیایەوە بونی بەڕێزتان رۆل و کاریگەری خۆی هەیە. کارنامەی ئێوە لەم ماوە دورودرێژەی خەباتی سیاسیتاندا هەڵسەنگاندنی خۆی دەوێت. کەسێک  کە لە بواری کاری گشتیدا کار بکات بە دڵنیایەوە هەم روبەروی دەست خۆشی و قەدردانی دەبێتەوە وەهەمیش روبەروی رەخنەو سەرزەنشت. ئەوەی کە گرنگە لێرەدا خوێندنەوەی نییەتەکانە، کە ناتوانرێت هەموو ئەو خەون و خولیاو خەمخۆریەی تیدا نەخوێندرێتەوە.

پێویست بوونی کەسەکان بۆ پۆستەکان و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی دوو شتی لەیەک دابڕاون. ئەمە ئەو واقعەیە کە پێویستە لە کوردستاندا جێگیر بکرێت، وە لایەنگرانی بەرێزتان دەبێت ئەوە بزانن کە ئەمە نە موئامەرەیە و نە بێرێزی و رێزنەگرتنە لە خەبات و ماندوبونی مەسعود بارزانی. ئەمە ئیستحقاقی حوکمرانیە نەک هەلویست لەسەر کەسەکان و هەڵسەنگاندنیان.

سێیەم: کاتێک دەڵێین کە چیتر بوار بۆ بەسەرۆک بونی بەڕیزتان نەماوە لە روی یاساییەوە جا چ خاوەن دەستور بین یا بێدەستوور، هیچ لەو واقعە ناگۆرێت کە سەرکردەکان بە تایبەت سەرکردەی حزبەکانی هەرێم، دەتوانن رۆڵی رابەری و رێنیشاندەر بگێڕن و تا خۆیان لە ژیاندان و توانای بەرێوەبردن و رابەرایەتیان هەیە چاودێری چەسپاندنی یاساو رێسای دیموکراسی و سەقامگیری بۆ میللەتەکەیان بن و کاری بۆ بکەن و فشار بخەنە سەر ئۆرگانەکانی ولات بۆ لانەدان لە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل.

بونی ئەو سەرکردانە لەدەرەوەی دەسەلاتی تەنفیزی راستەوخۆ، رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە ئاراستەکردنی کۆمەلگاو قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردن و بە دامەزراوەیی کردنی هەیئاتەکانی وڵات. رێزگرتنی کەسە بەرپرسەبالاکان لە پرەنسیپەکانی دەستاودەستکردنی دەسەلات و پۆستەکان و جێگە جۆڵکردن بۆ کەسانی تر ، دەبێتە نەریتێکی جێگیر لە وڵاتدا. نەوە دوای نەوە وەک گەورەیی و دڵسۆزیی و خەمخۆریی سەیری ئەو هەڵوێستانە  دەکەن.

چوارەم: بەشێکی زۆر لە کادرانی پارتی باس لەوە دەکەن کە زۆر گرنگە سەرۆک لە نێو جەماوەردا هەڵببژێردرێت بۆ ئەوەی بتوانێت نوێنەرایەتی سەرجەم گەل بکات و شەرعیەتێکی راستەقینەی هەبێت. لە راستیدا ئەمە هەم بێنرخ کردنی نوێنەرانی میللەتە کە لە پەرلەمان وەیا ئەنجومەنەکانی مەحەلین کە دەتوانن بە گوێرەی سیستەمی پەرلەمانی سەرۆک هەڵببژێرن، وە هەم نەبینینی ئەو مەترسیە گەورەیەیە کە مەرج نیە هەموو جارێک کاندیدی سەرۆکایەتی ٧٠% دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بە تایبەت لە کاتی نەیاربونی بەشێکی بەرچاو لە هێزە سیاسیەکان. لەو حاڵەتەدا سەرۆک تەنها نوێنەرایەتی حزبەکەی دەکات و لەوانەشە بەرێژەیەکی زۆر کەم ببێت بە سەرۆک کە ئەمەش لە مەوقعیەت و پێگەکەی کەم دەکاتەوەو ناتوانیت رۆڵی سەرۆکی ولات و نمایندەی میللەت بگێڕێت.

بەرێز کاک مەسعود
لە ئێستادا کە وەک باسم کرد هیچ دەرفەتێکی یاسایی، بە بون یا نەبونی دەستوور، بۆ جاریکی تر بە سەرۆکبونی بەڕێزتان نەماوەتەوە، وە خۆتان لەچەند بۆنەیەک و وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا نە پەیوەستن بە کورسی دەسەلاتەوەو نە دەتانەوێت پرەنسیپی دەستاودەستی دەسەلات بەلارێدا ببەن، بۆیە ئەم چەند رێگەیە لە ئێستادا لەبەردەم هەرێمدایە بۆ یەکلا کردنەوەی ئەم پرسە کە بەشێکی زۆری فەزای سیاسی ئێمەی داگیرکردووە:
١.  هەموو هەوڵێکی نا یاسایی بدرێت بۆ بواردان بە خۆکاندیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم، بۆ نمونە هەوڵدان بۆ هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە بواربدات سەرۆکی هەرێم بۆ خولی تر یا چەند خولێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە( وەک دەزانن ئەمە هەمان هەنگاوە کە کەسانی وەک موبارەک و عەلی عەبدوڵلا ساڵح و ئەوانی تر پیادەیان کرد). وەیا پەنا بردن بۆ دەرچواندنی دەستوور بەم دەقەی ئێستای کە لە رۆژی بەرکاربونی دەستوورەوە ماوەی سەرۆکایەتی بژمێردرێت. واتە جۆرێک لە فێڵی یاسایی بکرێت و گوێ بەوە نەدرێت کە سەرۆکی ئێستای هەرێم بە گوێرەی یاساو لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی نێو پەرلەمان و نێو جەماوەرەوە، ماوەی دوو خولی تەواو سەرۆک بوەو ئیتر چیتر بوار بە کاندید بونی نادرێت. وەیا بیر لە هەر شێوازێکی تر بکرێتەوە تەنها لە پێناو ئەو مەبەستەدا و بەمەش گورزێکی مەترسیدار لە سەقامگیری هەرێم و پێکەوە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان بدرێت.

٢. وەیا بەڕیزتان بڕیار بدەن کە لە هیچ هەل و مەرجێکدا جارێکی تر خۆتان کاندید ناکەن و چاوتان لەو پۆستە نییەو بە شایستەی کەسایەتیەکی تری تێکۆشەری ئەم وڵاتەی دەبینن و وەک خۆتان لەو نامەیەدا ئاماژەتان پێداوە هاوکار و پاڵپشتی دەبن. ئەمە تەنها رێگەیە بۆ سەقامگیری، بۆ کاری دامەزراوەیی، بۆ چەسپاندنی گیانی پێکەوە ژیان و کارکردن، بۆ رێزگرتن لە بەها دیموکراسیەکان، وە بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانەی ئێستای هەرێم. بەمەش هەنگاوێکی گەورە دەنرێت هەم بۆ ئەوەی یەکریزی لایەنە سیاسیەکان بپارێزرێت و هەم بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی دەستوورێکی هاوچەرخ، کە ببێتە پردێک بۆ پەرینەوەی گەلەکەمان بۆ ئایندەیەکی گەشتر و گەورەتر.

لەم ساتەوەختەدا کە لیژنەی ئامادەکردنی رەشنوسی دەستوور سەرقاڵی کارەکانیانن، دڵنیابن کە گرێ کوێرەی پۆستی سەرۆکی هەرێم دەبێتە گەورەترین رێگر لەبەردەم چونە پێشەوەی کارەکانی ئەم لیژنەیە. بەیانکردنی ئەو بڕیار و هەنگاوەی بەرێزتان لەو بارەوە، گەورەترین رێخۆشکەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەو کۆتایی هێنان بەم قیرانە.
بەمەش گەورەترین شانازی لە کارنامەی خۆتاندا تۆمار دەکەن.

خوێندراوەتەوە5339