مەریوان وریا قانع

قورئانەکەی ئەردۆگان‌


بەکارھێنانی دین بەشێوەیەکی ساختەکارانە دیاردەیەکی سەرەکیی ناو ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی تورکیایە، ئەردۆگان و پارتەکەی پاڵەوانی ئەم ساختەکارییەن و بە شێوازی جیاواز دین نەک تەنھا بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆیان بەکاردەھێنن، بەڵکو بۆ شکاندن و لاوازکردنی ڕکابەرەکانیشیان بەکاریدەھێنن، لەپێش ھەمووانیشەوە بۆ شکاندنی ھادەپ. نموونە زۆرن. لەوانە بۆ نموونە لە پۆستەرێکدا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، وێنەی ئەردۆگان و بارزانی سەرۆکی ھەرێم دەبینرێت، بەڵام لەژێریدا وێنەکەدا بە زمانێکی ناشیرین و بێپەردە نووسراوە: ”لە پێناوی خودادا دەنگبدەن بە ئاک پارتی“، وەک ئەوەی ئاک پارتی نوێنەری خودا بێت، یان خودا ئاک پارتی کردبێت بە دەمڕاست و وەکیلی خۆی لە تورکیادا.

نموونەیەکی تری ئەم بەکارھێنانە خراپ و ناشیرینەی دین حیکایەتی ئەو قورئانەیە کە ئەردۆگان ھەڵیگرتوە. ئەو قورئانە قورئانێکە دەزگای دیانەت، کە بەرامبەری وەزارەتی ئەوقافی لای خۆمانە، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا وەریگێڕاوە بۆسەر زمانی کوردیی. یانی ئەردۆگان بە قورئانێکی کوردییەوە بەدوای دەنگی کوردەکانی باکوردا دەگەڕێت و دەیەوێت پێیان بڵێت ”سەیرکەن بە جوھد و تێکۆشانی ئێمە خودا بە کوردیی قسەدەکات!!!“. ھەڵگرتنی ئەم قورئانە کوردییە بەشێکە لە پلانی ھێرشکردنی ئەردۆگان بۆسەر مەسەلەی کورد لە تورکیادا کە ھادەپ، یەکێک لە نوێنەرە سەرەکییەکانی ئەو مەسەلەیە، ئەگەر ھەرە سەرەکییەکەشیان نەبێت. ئەردۆگان لە ھێرشەکەیدا بێشەرمانە ووتی” ”ئەوان، مەبەستی ھادەپە، ھیچ پەیوەندییەکیان بە دینەوە نییە. سەیرکەن، دەزگای دیانەت، (کە ئەردۆگان بە دەزگای خۆی دادەنێت) قورئانی بە زمانی کوردی بۆ ئێوە چاپکردوە“. مەبەستی سەرەکیی ئەردۆگان لە بەرزکردنەوەی ئەو قورئانە کوردییە بەکافرکردنی ھادەپە.

ھەرکەسێک کەمەکێک مێشکی لەسەردا بێت دەزانێت کێشەی کورد لە تورکیادا و لە ھەموو بەشەکانی تری کوردستاندا کێشەی دین و دینداریی نییە، تەرجەمەکردن یان نەکردنی قورئان بۆ زمانی کوردیی ھیچ لە دینداریی و بێدینیی کۆمەڵگای کوردستانی ناگۆڕێت. خەڵکی کوردستانیش داوای دینی زیاتر یان کەمتر لە ئەردۆگان و حکومەتەکەی ناکەن، بەڵکو داوای مافی سیاسیی و کولتوریی و کۆمەڵایەتی و ئینسانیی زیاتر دەکەن. کێشەی کورد لە تورکیادا کێشەی ئەم مافانەیە، نەک کێشەی تەرجەمەکردن یان نەکردنی قورئان بۆ زمانی کوردیی. کێشەی کورد کێشەی داننانە بەو شوناسە کوردیەدا کە یەک سەدەیە لە تورکیادا بە شێوەیەکی سیستماتیک ئینکار و وێراندەکرێت. قورئانەکەی ئەردۆگان ھیچی لە قورئانەکەی لەشکرەکەی مەعاویە بەرامبەر بە ئیمامی عەلی کوڕی ئەبو تالیب زیاتر نییە.

خوێندراوەتەوە1237