مەریوان وریا قانع

سەرۆکی سیاسیی یان ئایەتوڵای سیاسیی؟‌


بەبۆنەی گەڕاندنەوەی ڕەشنووسیی دەستوەرەوە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی ھەموارکردنی.

خوێنەی بەڕێز، ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە ھەندێک سەرنجی منە کە دە ساڵێک لەمەوبەر لەسەر ڕەشنوسی دەستوری ھەرێم نووسیومە و لە ڕۆژنامەی ھاوڵاتیدا بڵاوکرایەوە. لەبەر گرنگیی بابەتەکە بەپێویستی دەزانم جارێکی تر بیخەمەوە بەر دیدی خوێنەران.

”ڕەشنووسی دەستوری ھەرێم ”سیستمی سەرۆکایەتی“ بەشێوەیەکی ئاشکرا لە کوردستاندا سەروەرکردوە. دەسەڵاتێکی ھێجگار بەرفراوانی بە سەرۆکی ھەرێم بەخشیوە و پەرلەمانی لە بەردەم سەرۆکدا کردۆتە دەزگایەکی لاواز و بچووک. لە ڕەشنووسی دەستوری ھەرێمدا سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان گەورەتر و گرنگترە. دەزگای سەرۆکایەتی و خودی سەرۆک خۆی گەورەترین و گرنگترین ئۆرگانی سیاسیی و سیادیی کوردستانن، نەک پەرلەمانی کوردوستان. تەنها لە دۆخی مردن و لە دۆخی نەخۆشی دەرونیی و نەخۆشی لاشەیی گەورەدا یان لە دۆخی خیانەت و گەندەڵیی گەورە و پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤدا، پەرلەمان دەتوانێت سەرۆك لەكاربخات، بەڵام پەرلەمان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات و شێوازی بەڕێوەبردن و حوكمڕانیكردن و چۆنیەتی پیادەكردنی سیاسەتەکان، ناتوانێت تەنانەت لەسەرۆك بپرسێتەوە، چ جای لەسەركار لایببات.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بەخشینی ئەم ھەموو دەسەڵاتە بە سەرۆکی ھەرێم لە قازانجی خەڵکی کوردستان و سیستمە سیاسییەکەیدایە؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێرە. سیستمێکی سیاسی لەو بابەتە کوردستان دەخاتە ژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتە زۆرەکانی سەرۆکەوە، ئیدی گرنگ نییە ئەو سەرۆکە مەسعود بارزانییە یان ھەر کەسێکی دیکەیە. کۆکردنەوەی ئەو دەسەڵاتە زۆرانە لەدەستی تاکەکەسێکدا مەسەلەیەکی ھێجگار مەترسیدارە.
”سیستمی سەرۆکایەتی“ لە وڵاتێکدا بێترس و بێھەڕەشە دەبێت کە لانیکەم سیستمێکی دادوەریی، واتە قەزایی، تێدابێت کە نەک تەنھا سەربەخۆبێت، بەڵکو بەھێز و بوێریشبێت و ئەمر و نەھی لەسەروی خۆیەوە وەرنەگرێت. سیستمێکی دادوەریی بتوانێت کەی پێویست بوو بەشێوەیەکی ئاشکرا و بینراو سەرۆک داوەریبکات، وەک لە ئەمریکادا بینیمان چۆن بیل کلینتۆن لە مەسەلەی مۆنیکا لوینسکیدا، بە بەرچاوی ھەموو دونیاوە، توشی لێپرسینەوەی ئاشکرابوو. لەھەرشوێنێکدا سیستمی سەرۆکایەتی ھەبێت بەبێ بوونی سیستمێکی داوەریی سەربەخۆ و بەھێز و بوێر لەوێدا دەسەڵاتی سەرۆک دەبێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگا.

لەپاڵ سیستمێکی داوەریی بەھێزدا بوونی سیستمێکی میدیایی سەربەخۆ و بەھێز و پشکنەریش پێداویستییەکی گەورەیە، میدیایەک بتوانێت ئازادانە زانیاریی دەستبکەوێت و بدوێت و بێترسیش ھەڵسوکەوت و دەسەڵاتەکانی سەرۆک بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و بەرخوردەوە. ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمریکیەی بەھۆی چەند نووسینێکەوە توانی حکومەتەکەی نیکسۆن لە ئەمریکادا بڕوخێنێت و کۆتایی بە ژیانی سیاسی سەرۆکی ئەمریکا بھێنێت، نموونەی ئەو شێوازی میدیایەیە کە پێویستە ھەبێت، گەر ھاتوو سیستمە سیاسییەکە سیستمی سەرۆکایەتی بوو. ھەموومان دەزانین ٩٨ لەسەدی مدییا لە کوردستاندا میدیای حیزبیی و میدیای سێبەرە، ئەمانەش چۆنیان بوێت وا سەر لە ڕی گشتی دەشێوێنن.کۆبوونەوەی میدیایەکی لەو بابەتە لەگەڵ سەرۆکێکدا بەو ھەموو دەسەڵاتەوە پرۆژەیەکی تەواو مەترسیدارە.

خاڵێکی گرنگی دیکە کە پێویستە لەپاڵ سیستمی سەرۆکایەتیدا ھەبێت بوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی چالاک و پێگەیشتو و ڕەخنەییە کۆمەڵگایەک بتوانێت کەی ویستی ناڕەزاییەکانی سەربەستانە دەرببڕێت، ڕەخنە و تێبینییەکانی بباتە دادگاکان و ناوی میدیای ئازاد و مافەکانی خۆی بکات. ئامادەگی ئەمجۆرە چالاک و نەترسەی کۆمەڵگای مەدەنی مەرجێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دەسەڵاتەکانی سیستمی سەرۆکایەتی.
جگە لەمانە بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکانی سیستمی سەرۆکایەتیی بوونی سیستمێکی حیزبی پێویستە تیایدا حیزب خاوەنی دەیان و سەدان ھەزار ئەندام و موچەخۆر و فەرمانبەری ڕستەقینە و سێبەر نەبێت، دەزگا گەورە و گرنگەکانی وڵاتی نەخستبێتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، میدیای زەبەلاحی نەبێت، تەزکیەی حیزبی ڕێگای سەرەکی گەشەکردن و پێشکەوتنی ئیداریی و کۆمەڵایەتیی نەبێت. جیھازی بیرۆکراسیی لە وڵاتدا جیھازێکی حیزبیی نەبێت. بوونی ئەم شێوازە لە حیزبایەتی لە کوردستاندا وادەکات سەرۆک بتوانێت لەڕێگای دەسەڵات و فشارەکانی حیزبەوە دەستبخاتە بینەقاقای کۆمەڵگا تا ڕادەی خنکاندنی.

ئاشکرایە ھیچ یەکێک لەو مەرجانەی سەرەوە کە مەترسی سیستمی سەرۆکایەتی کەمدەکەنەوە لە ئەزموونی سیاسی ئێمەدا بوونی نییە. نەک ھەر ئەمە بەڵکو کاراکتەری سەرەکیی دەسەڵات لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ، ئیدی لە دەسەڵاتی سەرۆکەوە بیگرە بۆ دەسەڵاتی بەرپرسێکی سادە، بریتییە لە خۆدزینەوە و دەربازبوون لەهەر شێوازێكی ڕاستەقینەی لێپرسینەوەی سیاسی و یاسایی. کوردستان سیستمێکی دادوەریی سەربەخۆ و بوێری نییە، میدیا بەشێوەیەکی ترسناک کۆنترۆڵکراو و حیزبییە، کۆمەڵگای مەدەنی لەژێر زەبر و فشاری پڕوکێنەری حیزبدایە، دەزگا سیاسییە گرنەگان بێڕۆح و بێناوەرۆک کراون. حیزبە کوردییەکان لەھەموو بوارێکدا بەڕۆحیەتیی مۆنۆپۆڵکردنەوە کاردەکەن. بەکورتی ھەموو ئەو ئامرازانەی کۆمەڵگایەک دەتوانێت لەڕێگایانەوە مەترسییەکانی سیستمی سەرۆکایەتی کەمبکاتەوە لە کوردستاندا بوونیان نییە. ئەمەیە وادەکات سەرۆک لە کوردستاندا سەرۆکێکی سیاسیی نەبێت بەتەنھا، بەڵکو ئایەتوڵایەکی سیاسیی بێت.“

خوێندراوەتەوە1670