كه‌مال ره‌ئوف

بۆ مەرگی‌ كاوە گەرمیانی‌‌


بەدەر لەلێكدانەوە سیاسییە چەواشەكارییەكان، بەدەر لەو لێكدانەوانەی‌ كە گەورەیی‌ تاوان بەقەبارەو رێژەو ژمارە پێوانە دەكەن‌و خەریكی‌ هێنانەوەی‌ بەهانەن بۆ تیرۆر، مەرگی‌ كاوە بەئێمەی‌ وت، تیرۆری‌ رۆژنامەنووسان لەم هەرێمەی‌ ئێمە، بەردەوامەو وابەسانایش بەری پێناگیرێت، رێگەی‌ پێناگیرێت تا ئەو كاتەی‌ دەستی‌ مافیا لەناو دەسەڵاتدا شەرعیەتی‌ پێبدرێت‌و دەستكراوەبن، بەردەوامیشە، تا ئەوكاتەی‌ رۆژنامەنووسانی‌ بوێر كۆڵ لەهەڵماڵینی‌ راستییەكان نادەن‌و لەقاودانی‌ كارە دزێوەكانی‌ ئەوان بەئەركی‌ سەرشانی‌ خۆیانی‌ دەزانن.

بۆ ئێمەی‌ رۆژنامەنووس تیرۆركردنی‌ كاوەی‌ جوانەمەرگ، هاوشێوەی‌ تیرۆركردنی‌ سەردەشت‌و سۆران، زیاد لەرەهەندێكی‌ هەیەو ناكرێت وەك هەر تیرۆرێكی‌ تری‌ ناو كۆمەڵگا‌ سەیری‌ بكرێت، راستە تیرۆر بەهەموو مانایەك كارێكی‌ قێزەون‌و دوورە لەبەهاكانی‌ مرۆڤایەتییەوە، بەڵام تیرۆركردنی‌ رۆژنامەنووسان زیاد لەوەش ئەو كاریگەرییە مەترسیدارەشی‌ دەبێت كە ئازادی‌ رادەبڕین‌و رەخنەگرتن لەكۆمەڵگا‌دا بەرتەسك دەكاتەوە.

یەكێتی‌  لەرابردوودا یەكێك لەشانازییەكانی‌ ئەوەبوو كە بەشێكی‌ زۆر لەمیدیا ئەهلییەكان لەناوچە نفوزی‌ ئەواندا بووە، بۆیە ئەم تیرۆركردنەی‌ كاوە گەرمیانی‌ ئەگەر بكوژەكان راستییەكان نەدۆزرێنەوەو تەسلیم بەدادگا نەكرێن، ئەوا یەكێتی‌ ناتوانێت چیتر شانازی‌ بەو مامەڵەیەوە بكات كە لەرابردوودا لەگەڵ میدیاكاراندا هەیبووە.

بەپێچەوانەشەوە ئەگەر یەكێتییەكان، بتوانن بكوژەكان بەشێوەیەكی‌ شەفافانەی‌ دوور لەسیناریۆو چاوبەستكردن تەسلیم بەدادگا بكەن‌و لێبگەڕێن یاسا سەروەر بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە جگە لەوەی‌ متمانەی‌ دەزگا ئەمنییەكانی‌ خۆیان دەگێڕنەوە، حەدێكیش دادەنێن بۆ ئەگەری‌ رووداوی‌ نەخوازراوی‌ لەوێشەوەیە، ئەمە جگە لەوەی‌ لەهەمانكاتیشدا دەرگا بەرووی‌ هەردوو دۆسییەی‌ سۆرانی‌ مامە حەمەو سەردەشت عوسمانیشدا دەكەنەوە تا بكوژانی‌ ئەوانیش ئاشكرا بكرێن.

بۆیە ئێستا یەكێتی‌ وەك لایەنی‌ سەرەكیی‌ بەرپرس لەبەڕێوەبردنی‌ ئیدارەی‌ گەرمیان‌و سلێمانی،‌ لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی‌ گەورەدایەو بەرپرسیارێتیی‌ ئەخلاقیی‌‌و سیاسیی‌‌و ئەمنیی‌ گەورە لەسەر شانیەتی‌ تا بكوژانی‌ كاوە گەرمیانی‌ بدۆزێتەوەو ئەم پرسە بەپرسی‌ خۆی‌ بزانێت‌و لاشی‌ وابێت ئەمە كەیسێكە كە مافی‌ گشتیی‌‌و خانەوادەو هاوپیشەكانی‌ جوانەمەرگە، هەقی‌ خۆیانە لەنزیكەوە چاودێری‌ رەوشی‌ بەرەوپێشچوونی‌ لێكۆڵینەوەكانی‌ ئەو رووداوە بن.


شارپرێس

خوێندراوەتەوە452