مەریوان وریا قانع

کێشەی نوخبەیەکی سیاسی عوسابیی‌

”تاوانی کوشتنی کاوە گەرمیانی یەک ڕاستیمان به‌وردی بۆ ئاشکرادەکات: تا دێت ترس زیاتر‌ و زیاتر ئەو دونیا سیاسییە دەچنێت کە له‌کوردستاندا دروستکراوە، دەسەڵاتدارانی کوردستان بەڕادەیەک دز‌ و جەردە و ناھەموار‌ و گەندەڵبوون، نەک ته‌نها له‌ کۆمەڵگا‌ و نەوە نوێکان دەترسن، بەڵکو لەناو یەک حیزب‌ و یەک خێزانیشدا لەیەکتری دەترسن، ئەم باڵ له‌ باڵەکەی تر‌ و ئەم خزم له‌خزمەکەی تری دەترسێت. ئەمانە چەندە سەرمایە دزراوەکەیان گەورەتر‌ و تاوانەکانیان قەبەتر بێت، ئەوەندە فۆبیا سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی‌ و فەرھەنگییەکەیان گەورەتر دەبێت. دۆخەکە به‌ئاستێک گەیشتوە ئەمڕۆ ئەم دەسەڵاتدارانە له‌ھەموو شتێک بترسن، له‌ قەڵەمی ڕۆژنامەنووسێکی گەنجەوە بیگرە بۆ تووڕەبوونی کەمئەندامێک له‌ شەقامێک له‌شەقامەکانی کوردستاندا.

لەپاڵ ئەم ترسەدا‌ و بەھۆی ئەم ترسەشەوە مێشکی ئەم دەسەڵاتدارانە پڕبووە له‌ خورافەتی جۆربەجۆر: خورافەتی کردنی کوردستان به‌ دوبەی، خورافەتی نەوتفرۆشییەکی سەربەخۆ، خورافەتی پاراستنی دەسەڵات لەڕێگای کوشتن‌ و بڕینەوە. بەبۆچوونی من ئەمڕۆکە نوخبەیەکی عوسابیی حوکمڕانی کوردستان دەکات‌، نوخبەیەک ھەموو شتێکی دەرەوەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی خۆی ‌وەک کابوسێک ‌وێنادەکات. نوخبەیەک لەگەڵ گەورەبوونی تەماحەکانیدا گرێ دەروونییەکانیشی گەورەتر دەبێت. ئەمانە تێگەیشتنێکیان بۆ خۆیان‌ و بۆ دونیا ھەیە خاڵە سەرەکییەکانی ڕق‌ و ترس و تەماح‌ و دزی‌ و دڕدۆنگی و درۆکردنە. ئەمەش نەک ته‌نها ئەخلاق‌ و ‌ویژدانی فاسیدکردون، بەڵکو عەقڵیشی فاسید و ترسناک کردوون.

ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم بوونەوەرێکدایە کە نە ئەخلاق، نە‌ ویژدان‌ و نە عەقڵ، ناتوانێت ڕێ به‌تاوانەکانی بگرێت. ئەمانە چونکە لەناویشەوە بەتاڵن، چونکە زۆرجا کەسانی گەمژە‌ و نەزانن، چونکە دەرونیان پڕە له‌بۆشایی ترسناک، بۆیە پێویستییەکی سەرسوڕھێنەریان بەخۆنمایشکردن ھەیە، پێویستیان به‌نمایشکردنی قافڵەی ئۆتۆمبێله‌ گرانبەھاکانیانە، به‌جلوبەرگە ئوتوکراو‌ و کەشخەکانیان، به‌چەک‌ و دەمانچەکانیان، به‌پاسەوانە زۆر‌ و زەبەندەکانیان، به‌کۆشکە گەورە‌ و فراوانەکانیان، به‌نیشاندانی بەردەوامی دەسەڵاتیان ھەیە. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین تێپەڕینی ڕقەکانی ئەم ڕۆحە ئیستیعرازییەیە بەناو خوێنی ئەو نەوە گەنجەدا کە ماڵێکی نییە تیایدا بژی، کە جگە لەکۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقی‌ و ھەندێک خەون‌ و کۆمەڵێک کتێب شتێکی تریان لەو دونیایەدا نیە.“


په‌یجی نوسه‌ر

خوێندراوەتەوە729