عه‌دنان عوسمان

فه‌رمون راپرسی‌ بكه‌ن ‌

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌سه‌ر زاری‌ چه‌ند به‌رپرسێكیه‌وه‌  سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجام دانی‌ راپرسی‌ له‌سه‌ر ره‌شنوسی‌ ده‌ستور. وه‌ك ده‌زانین ئه‌م سوور بونه‌ ته‌نها په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی‌  گوایه‌ شانسێكی‌ تر به‌ كاك مه‌سعود بارزانی‌ ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر خۆی‌ كاندید بكاته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم. ئه‌م  پێداگیریه‌ی‌ پارتی‌، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆده‌نگیه‌كی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم، له‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌ره‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن، له‌سه‌ر پێویستیی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ره‌شنوسه‌كه‌و، ده‌ستكاری‌ كردنی‌ كۆمه‌ڵێك بڕگه‌ی‌، بۆ گونجاندنی‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێم. ئه‌وه‌ی‌ خاڵی‌ گرنگه‌ لێره‌دا به‌ بیری‌  خوێنه‌رانی‌ بهێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌  حكومه‌ت به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی‌ كه‌ هاوكات جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتییه‌، له‌ وتاره‌كه‌یدا له‌ مه‌راسیمی‌ سوێندخواردنی‌ كابینه‌كه‌یدا، زۆر به‌ رونی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ داوه‌ كه‌ پێویسته‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستور بگه‌ڕیندرێته‌وه‌و كۆده‌نگی‌ نیشتمانی‌ له‌سه‌ر دروست بكرێت.
 
 به‌هه‌ر حاڵ  پێده‌چێت ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ ده‌ستوریان ده‌وێت بنیاتنان و سه‌قامگیری‌ سیاسی‌ و جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ ده‌یه‌وێت ته‌نها بواردانێكی‌ نایاساییه‌ بۆ جارێكیتر كاندید كردنه‌وه‌ی‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی.

كه‌واته‌ له‌ ئێستادا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م تونێلێكی‌ داخراوداین به‌تایبه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رێز سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ ئه‌و گروپه‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌و گروپه‌ نایانه‌وێت وه‌یا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیاندا نییه‌ دوو راستی‌ ببینن:

یه‌كه‌م: گه‌ر زۆرینه‌ی‌ لایه‌نه‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ هه‌رێم دژ به‌م ره‌شنوسه‌ بن، ئیتر چ شانسێك بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ هه‌یه‌ له‌ راپرسیه‌كدا كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ دیاره‌ زۆرینه‌ی‌ ره‌های‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر و گه‌رمیان به‌( نا) ده‌نگی‌ بۆ ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ چ گه‌مه‌یه‌كه‌ ئه‌م حیزبه‌ ده‌یكات و حیكمه‌ت له‌وه‌ چیه‌ ره‌شنوسێك بخرێته‌ راپرسیه‌كه‌وه‌ كه‌ مه‌علومه‌ ئاكامه‌كه‌ی‌ چی ئه‌بێت؟ ئاخر كه‌ ئه‌و ره‌شنوسه‌ توشی‌ شكست هات كه‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌ دێت (مه‌گه‌ر ئه‌و گروپه‌ نیاز و پرۆژه‌یه‌كیان هه‌بێت بۆ سه‌روژێركردنی‌ ئاكامه‌كانی‌ راپرسیه‌كه‌!) ئایا ئه‌مه‌ ناكاته‌ شكستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كاك مه‌سعود و رابه‌رایه‌تی‌ كردنی‌ هه‌رێم وشكستی‌ پرۆسه‌ی‌ سه‌پاندنی‌ ده‌ستوره‌كه‌.

دووه‌م: ئه‌گه‌ر گریمان به‌هه‌ر شێوه‌و رێگایه‌كه‌وه‌ بێت ده‌ستوره‌كه‌ تێپه‌ڕێندرا وه‌یا ده‌ستكاری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كرا، ئه‌بێ‌ گره‌نتی‌ ئه‌و گروپه‌ بۆ كاك مه‌سعود چیبێت كه‌وا ده‌نگی‌ ته‌واو بێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بكرێتـه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم. ئه‌وان بیانویان بۆ راسته‌وخۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ گوایه‌ شه‌رعیه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌ده‌ست دێنێـت. باشه‌ گه‌ر  له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا 30% وه‌یا 40% ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ هێنا( گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ته‌وافقێكی‌ نیشتمانی‌ سازكرا) ئایا له‌و حاڵه‌ته‌دا چۆن خۆی‌ به‌ نوێنه‌ری‌ زۆرینه‌ی‌ میلله‌ت دائه‌نێت؟ ئایا له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ گونجاوتر و شیاوتر نابێت؟ ئاخر  حیكمه‌ت له‌وه‌دا چیه‌ سه‌رباری‌ ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریانه‌ی‌ هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ ، ئه‌م به‌ڕێزانه‌ پێان وابێت هه‌مان رێژه‌ی‌ 70% ی‌ ده‌نگه‌كان بهێنێته‌وه‌؟

به‌ كورتی‌ رون نییه‌ سوور بونی‌ ئه‌و به‌ریزانه‌ له‌ چیدایه‌، گه‌ر ته‌نها له‌وه‌دا نه‌بێت هیچ شانس و بوارێك بۆ لێكتێگه‌یشتن و سازان له‌ هه‌رێمدا نه‌مێنێت .

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ هه‌ندێك نووسه‌ری‌ نزیك به‌ پارتی‌ و به‌رپرسی‌ پارتی‌ پێیان وایه‌ ئۆپۆزسیۆن ترسی‌ له‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و راپرسیه‌ هه‌یه‌. باشه‌ ئه‌بێ‌ ترسه‌كه‌ چیبێت كه‌ گه‌ر ئاكامه‌كه‌شی‌ به‌ دڵی‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌بێت، ئه‌وا هه‌ر وه‌ك ئێستا ئه‌كات و هیچ گۆڕانێك روو نادات؟  پاشان ئه‌م پرسه‌ له‌ روی‌ یاساییه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌. به‌ گوێره‌ی‌ یاسای‌ ژماره‌ 10ی‌ 2009 بۆ ئه‌نجامدانی‌ راپرسی‌، پێویست به‌ ره‌زامه‌ندی‌ په‌رله‌مان ولایه‌نه‌كان ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌ركی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌.

كه‌واته‌ فه‌رموون ئه‌و راپرسیه‌ بكه‌ن و هیچ دوو دڵ مه‌بن.

خوێندراوەتەوە1300