بابه‌كر دڕه‌یی

مالیکی پیش ماڵئاوایی!‌

جەنابی سەروەزیران لە وتاری ئەم هەفتەیەیدا بەشێکی لە قسەکانی بۆ کورد و کوردستان تەرخانکرد و لە بەشێکی وتارەکەیا ئەڵێ: پیمان خۆشە کە سەرەک کۆماری عراق لە کورد بێت و هەروەها درێژەی قسەکانی ئەوە بوە کە ئەبێ سەرەک کۆماری عیراق باوەری بە یەکپارچەیی خاکی عیراق هەبێت و داکۆکی لەو یەکپارجەییە بکات! چونکە بە حسابی ئاقای مالکی یەکپارچەیی عیراق هێڵی سورە و نابێ کەس بیر لە هەڵوەشانی بکاتەوە.. سەبارەت بە قسەکانی سەروەزیران ئەم چەند تێبینییەم هەیە:

یەکەم: مالکی ئەیەوێ لە ئیستاوە تۆوی رق و دوبەرەکی لە نیوان سەرەک کۆماری داهاتوی عیراق و سەرجەم لایەنە ناسیۆنالیست و مەزهەبییە عروبییەکاندا بچێنێ بەوەی هەر لە ئیستاوە زەمینەی رەخنەلێگرتن و پەلاماری سەرکۆمار ئامادە ئەکات .. ئەم فیتنەییە پێشوەختە بە تایبەت لەو ڕوەوە مەترسیدارە کە هەمو گریمانەکان لە سەر ئەوەن کە سەرکۆمار هی ئیمەیە.

دوەم: مالکی ئەیەوێ لە ئێستاوە نەخشە بۆ تاقمەکەی خۆی و ئەوانیتریش دیاری بکات و پیێان بڵی مادام سەرکۆمار لە کوردە ئەبێ ئەو باوەرە عروبییەی کە پێ لە سەر یەکپارجەیی عیراق دائەگرێ پاسەوانی بکرێت و هەر وشەیەکی سەرکۆماری داهاتو بخریتە ژیر زەرەبینی عروبەوییەوە و لە کاتی پێویستدا هەرای تەبلیغاتی دژ بکرێ..

سێهەم: مالکی ناراستەوخۆ بە هەموان ئەڵێت گەر تەنانەت لە سەروەزیریش لابچێت و ماڵئاوایی لەم ماوە پر شکستی و ئابروچونەی بکات، دیسان لە دەرەوەی پۆست و دەسەلاتی حکومیدا خاوەن نفوزەو ئەبێ لایەنەکان سەردانی بکەن و وەک مەرجەعیکی سیاسی ئامۆژگاری لیوەربگرن!..

ڕۆشتنی مالکی لە دەسەلاتی رەسمی حکومەتی ئیستای عیراقدا روداویکی گەورەو میژویی نییە. ئەم پیاوە بە کەسانی لە بابەتی شەهرەستانی و فەتلاوی دەورەدراوە و ئەوانیش بە گروپێکی قەرەباڵغ لە عروبەوی و مەزهەبیە توندرەوەکان شەتەک دراون ... هەلکەندنی ڕیشەی ئەم میکرۆبە مەترسیدارە کارێکی ئاسان نییە.. تەنیا ڕیگە بۆ دەربازبون لە نەخۆشی توندرەوی قەومی و مەزهەبی لە عیراقدا دورکەوتنەوەو کێشانی سنوریکی توندوتۆڵی جوگرافیاییە لەگەل ئەو نوخبە شکستخواردوەی جگە لە غروری نەتەوەو شانازییە وەهمییەکان و پێجەقاندن لە سەر یاسا ناتەواوەکان شتێکی تری لە میشک و زەین و بەرنامەدا نییە. 

خوێندراوەتەوە1598