مەریوان وریا قانع

بەیانییەکی تر و تاوانێکی تر‌

ئەم بەیانییە کە لەخەو ھەستام یەکەم ھەواڵ کە خوێندمەوە ھەواڵی کوشتنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی بوو، ئەمڕۆم بوو بە یەکێک لە ڕۆژە ھەرە ناخۆشەکانی تەمەنم. بوو بە یەکێک لەو ساتە تاڵانەی تاقەتی ئەوەشم نەمێنێت تەنانەت لەسەر نەخشەکانیش تەماشای کوردستان بکەم.

کوردستانێک تادێت بۆ ئەم مرۆڤە ئازا و بەرپرسیارانە دەبێتە گۆڕستان و بۆ پیاوکوژانیش بە قاسەیەکی گەورەی پڕ لە پارە و پڕ لە بێشەرمیی و بەربەریەت.

لەم دوورەوە چاوەکانم پڕن لە فرمسێک بۆ ئەم ڕۆژنامەنووسە خۆشەویستە. پێدەچێت پیاوکوژانی نیشتیمان لێنەگەڕێن بە ھێمنی پیرببین و لەپاڵ دۆست و ئازیزەکانماندا تەنانەت تەماشای ناشیرینییەکانیشیان بکەین. دوای ئەو ھەموو کوشتنە، دوای ئەو ھەموو تاوانە ئەوەی بۆ ھەر یەکێک لە ئێمە دەمێنێتەوە تەنھا بێدەنگنەبوونە، وازنەھێنانە، حەوسەڵەنەچوون و نەبەزینە.

نیشتیمان و پیاوکوژانی ناچارماندەکەن تا ماوین ئاگری یاخیبوون و بێدەنگنەبوون لەناوماندا بە داگیرساوی بھێڵینەوە. بەو ئاگرەوە بخەوین و بەو ئاگرەوە لەخەو ھەستین و بەو ئاگرەوە بەناو دونیادا بڕۆین.

خوێندراوەتەوە956