كه‌مال ره‌ئوف

كۆنگرەی نەتەوەیی بۆچی؟‌

زیاتر لە نیوسەدەیە ماكینەی راگەیاندنی حیزبی كوردی ئەو گلەیی و رەخنانە بڵاو دەكاتەوە گوایە نەتەوەكانی دراوسێ، تورك عەرەب و فارس، چاویان بە مافەرەواكانی نەتەوەی كورددا هەڵنایەت و رێگرن لەبەدەستهێنانی مافەنەتەوەییەكانی، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەمیشە حیزبە سیاسییەكانی كورد، ساڵانێكی دوورو درێژە، بەشوێن ئەو عەلاگەیەوەن تا شكستەكانی خۆیانی پیاهەڵبواسن و پێمان بڵێن بەریتانیاو ئەمریكاو روسیا، پشتیان تێكردن، بۆیە توشی شكست بوین.

ئێستا كە كورد لەباشور لەحاڵكی خراپدانییە، چەندساڵێكە هەوڵی سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی هاتۆتەئاراوە، بەڵام بەهۆی هەڵەی بەردەوامی دەسەڵاتەوە، بەردێك نەخراوەتە سەر بەرد و نەك هەر زەمینە سازی بۆنەكراوە، بەڵكە چەند ساڵێكی پێویستە تا هەڵەكانی ئەوان راستبكرێتەوە، تالەسەر ئەرزێكی ساغڵەمو پتەو كۆنگرەیەكی لەو شێوەیە ببەسترێت. بەپێچەوانەی ئەم بۆچوونەوە، چونكە دەسەڵاتی باشور بەئەجێندایەكی حیزبییەوە حوكمرانی دەكات و لە كۆنگرەی نەتەوەیش  حیزبیانە دەروانێت، لەكاتێكی واهەستیاردا لەمیداكانی حیزبەوە ئەو تۆمەتانە دەبیستین كە تۆمەتی مەترسیدارن و نەیارەكانی خۆیانی پێ تۆمەتبار دەكەن.

 لەباشور چارەكەسەدەیەكە لەسێبەری دەسەڵاتدارێتی و حوكمرانێتی  پارتی و یەكێتیدا، هەڵبژاردنێكی  ئازاد و بێگەرد ئەنجام نەدراوە، ئاشتی نێوماڵی كوردی دورترە لەئاشتی نێوان ئەوان و تورك و عەرەب و فارس، تەبایی نێوانیان لەباڵی پەپولە ناسكترە، بەردەوام هێزەكان دانەتیژە لەكتردەكەن، لەئاواحاڵكدا، كەچی خەریكە، لەباشورەوە بانگەشەی ئاشتی و تەبایی و یەكخستنی گوتاری كوردی بۆ شوێنەكانی تردەگوێزینەوە، باشور هێشتا ئامادەنییە، بێبەرامبەر، دەرگای هاوكاری و پشتیوانی سنور بەرووی لێقەوماوانی رۆژهەڵاتدابكاتەوە، حیزبەكانی باكورو رۆژهەڵات، دواتریش خۆرئاوا تەنگەتاو دەكرێن، كەچی  داواشیان لێدەكرێت لەكۆنگرەدا سەرۆكایەتی باشور قبوڵ بكەن.

 لەباشور نزیكەی چارەكە سەدەیەكە پارتی و یەكێتی بەشەرعی و ناشەرعی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، تازەبەتازە دەردەكەوێت هەردوو حیزبی حوكمران، شەرعییەتەكەیان كەشانازی پێوەدەكەن، بەدەنگی چارەكە ملێونێك مردو چارەكە ملێونێك زیندوی ساختەوە، هێشتا ناكاتە لەسەدا شەستی دەنگدەران، كەچی بەنیازن شەرعیەتی رۆژهەڵات و رۆژئاواو باكوریش بۆخۆیان بپچرن. جا ئەگەر كۆنگرەیەك ئەمە ئەجێندا و سەرپەرشتیارانی بێت، سانانییە چاوەرێی خێری لێبكرێت، بۆیە ناهەقمان نییە ئەگەر بڵێین، كۆنگرەی نەتەوەیی بۆچی؟


شار

خوێندراوەتەوە686